رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ کە دوایین هەینیی مانگی رەمەزان بوو، نزیکەی 75 هەزار کەس بۆ نوێژی هەینی سەردانی مزگەوتی ئەقسایان لە قودس/ئۆرشەلیم کرد.
ئەوە لە کاتێکدایە کە ئیسرائیل لە غەززە کۆتایی بە ئاگربەست هێناوە و دەستی بە جەنگ کردوەتەوە؛ هەروەها هێرشە ئاسمانییەکانی بۆسەر لوبنان زیادکردوون.
لە سەرەتای جەنگی غەززەوە کە لە 7ی ئۆکتۆبەری 2023 دەستیپێکرد، حکومەتی ئیسرائیل رێگری لە فەلەستینییەکانی کەرتی رۆژئاوا کرد بچنە قودس/ ئورشەلیم یان سەردانی شوێنەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل بکەن.
لە هەینییەکانی رابردووی ئەم رەمەزانەدا، ئیسرائیل تەنیا رێگەی بە پیاوانی سەروو 55 ساڵان و ژنانی سەروو 50 ساڵ دەدا لە ناوچە فەلەستینییەکانەوە بچنە ئەقسا نوێژ بکەن.
محەممەد جەحجووح کە لە شاری خەلیلی کەرتی رۆژئاواوە چووەتە مزگەوتی ئەقسا بۆ نوێژکردن، گوتی، ئیسرائیل تەنیا رێگەی بە 5٪ی خەڵک دا لە کەرتی رۆژئاواوە بچنە ئەقسا.
محەممەد جەحجووح گوتیشی: "ئەگەر رێگەی کەرتی رۆژئاوا کراوە بوایە، حەوشەی مزگەوتی ئەقسا بەشی نوێژکردنی خەڵک نەدەکرد؛ خەڵک لە شەقامەکاندا نوێژیان دەکرد."
شاری کۆن کە ئەقسای لێیە، دەکەوێتە رۆژهەڵاتی قودس/ئۆرشەلیم کە ئیسرائیل لە شەڕی لە ساڵی 1967 دەستی بەسەردا گرت، بەڵام لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی وەک بەشێکی ئیسرائیل دانی پێدا نانرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ