رووداو دیجیتاڵ
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هەڕەشەی هێرشکردنە سەر بەیرووت دەکات و دەڵێت، ئەگەر کۆمەڵگە ئیسرائیلییەکانی سنوور ئاسایشیان نەبێت، ئەوا رێگەنادەن پایتەختی لوبنانیش ئارام بێت.
ئەمڕۆ فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل چەند ناوچەیەکی باشووری لوبنانیان بۆردوومان کرد؛ هەروەها سوپای ئیسرائیل داوای چۆڵکردنی چەند باڵەخانەیەکی باشووری بەیرووتی کرد بۆئەوەی بۆردوومانیان بکات.
ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی، یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل گوتی، "چارەنووسی کریات شەموونە (کۆمەڵگەیەکی جوونشینە) و بەیرووت هەمان شتە. ئەگەر کریات شەموونە و کۆمەڵگەکانی جەلیل (لە باکووری ئیسرائیل) ئارام بن، ئەوا بەیرووتیش ئارام دەبێت."
گرژییەکانی ئەمڕۆ دوای ئەوە هاتن کە ئیسرائیل رایگەیاند، بە دوو مووشەک لە لوبنانەوە هێرشی کراوەتە سەر. حیزبوڵڵای لوبنانی رەتیکردەوە ئەو بووبێت و جەختی لە پابەندبوون بەو ئاگربەستە کردەوە کە لە تشرینی دووەمی پار راگەیێندرا.
جۆزێف عەون، سەرۆکی لوبنان لە پاریسەوە رەتیکردەوە حیزبوڵڵا لە هێرشەکە بەرپرس بێت و گوتی، لێکۆڵینەوەکانی سوپا دەریدەخەن کە حیزبوڵڵا مووشەکی نەهاوێشتووە.
هاوکات سوپای لوبنان رایگەیاند، ئەو شوێنەی دۆزیوەتەوە کە بەیانیی ئەمڕۆ هەینی مووشەکەکانی لێوە گیراونەتە ئیسرائیل.
سوپا لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "توانیمان شوێنی هاویشتنی مووشەکەکان لە ناوچەی قەعقەعیە جسر، لەنزیک نەبەتیە لە باکووری رووباری لیتانی بدۆزێنەوە و دەستمان بە لێکۆڵینەوە کردووە، بۆئەوەی ناسنامەی ئەوانە ئاشکرا بکەین کە مووشەکەکانیان هاوێشتوون."
وەزارەتی تەندروستیی لوبنان رایگەیاند، بۆردوومانی ئیسرائیل بۆ سەر شارۆچکەی کەفەر تەبەنیت بووەتە هۆی کوژرانی 3 کەس و برینداربوونی 18ی دیکە کە شەشیان منداڵن.
بەگوێرەی وەزارەتەکە، شەوی رابردووش 5 کەس بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر دوو شارۆچکەی باشووری لوبنان کوژران.
رۆژێک دوای ئەوەی حەماس لە 7ی ئۆکتۆبەری 2023 هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و جەنگی غەززە دەستیپێکرد، حیزبوڵڵای لوبنانی وەک پشتیوانییەک بۆ حەماس دەستی بە هێرشی درۆنی و مووشەکی بۆ سەر ئیسرائیل کرد، تاوەکو لە 23ی ئەیلوولی 2024 پێکدادانەکانی سنوور گۆڕدران بۆ جەنگێکی فراوان کە لە لوبنان بووە هۆی کوژرانی زیاتر لە چوار هەزار کەس و برینداربوونی نزیکەی 17 هەزاری دیکە؛ هەروەها 1.4 ملیۆن کەسیش لە لوبنان ئاوارە بوون.
بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکانی لوبنان، وێڕای ئەوەی لە 27ی تشرینی دووەمی 2024ـەوە ئاگربەست چووەتە واری جێبەجێکردنەوە، ئیسرائیل هەزار و 263 جار هێرشی کردووەتە سەر لوبنان و لانیکەم 100 کەسی کوشتووە و 331ی دیکەی بریندارکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ