رووداو دیجیتاڵ
فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان کردە سەر چەند گەڕەکێکی باشووری شاری بەیرووتی پایتەختی لوبنان، سەرۆکی فەرەنساش داوای دەستبەجێ کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لە باشووری لوبنان دەکات.
رۆژی هەینی 28ی ئاداری 2025 ئیسرائیل چەند هێرشێکی سنوورداری کردە سەر چەند گەڕەکێکی باشووری بەیرووت، کە بە پێگەیەکی بەهێزی حیزبوڵڵا ناسراوە. بەگوێرەی تەندروستیی لوبنان، تاوەکو ئێستا سێ کەسی سڤیل کوژراون و 18ی دیکەش برینداربوون. ئەمەش لەکاتێکدایە سوپای ئیسرائیل رایگەیاندووە، پێش هێرشەکە خەڵکی گەڕەکەکانی باشووری لوبنانی ئاگادار کردووەتەوە.
لەدوای هێرشەکەش، سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەکەیدا رایگەیاند لە هێرشەکەدا، کۆگەیەکی درۆنی حیزبوڵڵا کراوەتە ئامانج؛ ئەمەش لەدوای ئەوەی لە بەرەبەیانی رۆژی هەینی مووشەک لە باشووری لوبنانەوە ئاراستەی ناوچە سنوورییەکانی باکووری ئیسرائیل کرا.
هەرچەندە حیزبوڵڵا رەتیکردەوە ئەوان لەپشت هێرشە مووشەکییەکەی باشووری لوبنانەوە بن، بەڵام ئیسرائیل ئەو گرووپە لوبنانییەی تۆمەتبار کرد بەوەی ئاگربەستی پێشێل کردووە.
دوای هێرشەکە ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، کە لە پاریس لەگەڵ جۆزێف عەون، سەرۆکی لوبنان کۆبووەوە و لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی هاوبەشدا رایگەیاند، "هێرشەکانی سەر بەیرووت قبووڵکراو نین و پشتگریی لە لوبنان دەکەین، هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان دژی مەرجەکانی ئاگربەستە."
سەرۆکی فەرەنسا داوای دەستبەجێ کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیلی لە ناوچەکانی باشووری لوبنان کرد و گوتی، "لەگەڵ واشنتن کار دەکەین بۆ جێبەجێکردنی ئاگربەست لە لوبنان."
هەروەها سەرۆکی لوبنان لەبارەی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە گوتی، "دژی هەموو هەنگاوێکی گوماناوین بۆ تێوەگلانی لوبنان بۆ نێو هەر ململانێیەکی نوێ. دەبێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گوشار لە ئیسرائیل بکات بۆ پابەندبوون بە رێککەوتنی ئاگربەست."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ