رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری فەرەنسا رۆژی هەینی رایگەیاند، هێرشی ئاسمانیی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان "پەسندکراو نییە." ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو کارە "پێشێلکردنی ئاگربەستە،" کە لە تشرینی دووەم رێککەوتنی لەسەر کرا.
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ جۆزێف عەون، سەرۆکی نوێی لوبنان لە پاریس، بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، ئەم جۆرە هێرشانە "بیانوو بە حیزبوڵڵای لوبنانی دەدەن."
دوای ئەوەی ئەمڕۆ هەینی چەند مووشەکێک لە لوبنانەوە ئاراستەی ئیسرائیل کران، هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل هێرشی کردە سەر بەیرووت، ئەوەش مەترسیی لەسەر ئاگربەستە لەرزۆکەکە زیاتر کرد.
ماکرۆن باسی لەوەش کرد، لە "چەند کاژێرێکی داهاتوودا" لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و، لە دوو رۆژی داهاتوودا لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئەو هێرشانە تاوتوێ دەکات.
ماکرۆن گوتی، "هیچ شتێک نییە رەوایەتی بەو جۆرە هێرشە ئاسمانییانە بدات. زۆر پێویستە کە ئەو چوارچێوەیەی ئێمە دیاریمان کرد و لوبنان و ئیسرائیل لەسەری رێککەوتن، رێزی لێبگیرێت. ئەمڕۆ بە شێوەیەکی تاکلایەنە لەلایەن ئیسرائیلەوە رێزی لێنەگیرا."
ماکرۆن ئاماژەی بەوەش کرد، ئیسرائیل هیچ زانیاری و بەڵگەیەکی بۆ رەوایەتیدان بە هێرشەکانی نەخستووەتەڕوو.
عەون لە هەمان کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیدا لە تەنیشت ماکرۆن گوتی، "هەر هەوڵێکی قێزەون بۆ راکێشانی لوبنان بۆ نێو زریانێکی تووندوتیژی" سەرکۆنە دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ