رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئیسرائیل بڵاویکردەوە، پێویستە دانیشتووانی باشووری لوبنان کە لە بنکەکانی حیزبوڵڵاوە نزیکن، دەستبەجێ ماڵەکانیان چۆڵ بکەن.
رۆژی هەینی 28ی ئاداری 2025 ئەفیخای ئەدرەعی، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل لە ئێکس نەخشەیەکی باشووری بەیرووتی بڵاوکردەوە و نووسی، "هەر کەسێک لەو باڵەخانانەدایە، یان لێیانەوە نزیکە، کە لە نەخشەکەدا بە رەنگی سوور دیاریکراون، پێویستە دەستبەجێ چۆڵیان بکەن."
ئەو راگەیێندراوەی سوپای ئیسرائیل دوای ئەوە هات کە ئەمڕۆ لە باشووری لوبنانەوە ژمارەیەک مووشەک ئاڕاستەی ئیسرائیل کران، ئیسرائیلیش بە بۆردوومان وەڵامی دایەوە. بەگوێرەی میدیای لوبنان، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ ئیسرائیل ژمارەیەک مووشەکی ئاڕاستەی باشووری بەیرووت کرد.
لەبارەی گرژییەکانی ئەمڕۆوە، جینین هینس پلاسخارت، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە لوبنان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "هێرشەکانی ئەمڕۆ لە دەوروبەری هێڵی شین، کە دووەم رووداوی هاوشێوەیە لە کەمتر لە هەفتەیەکدا، مایەی نیگەرانیی قووڵە."
پلاسخارت گوتیشی، "فراوانبوونەوەی گرژییەکانی لوبنان زیانی زۆر بە هاووڵاتییانی سڤیلی هەردوولای هێڵی شین دەگەیێنێت و پێویستە بە هەموو نرخێک رێگری لە روودانی بکرێت."
تشرینی دووەمی رابردوو، ئاگربەست لەنێوان حیزبوڵـڵای لوبنان و ئیسرائیل راگەیێندرا، بەڵام لەو ماوەیەدا هەردوولا یەکدییان بە پێشێلکردنی ئاگربەستەکە تۆمەتبار کرد.
تشرینی یەکەمی 2023، شەڕی حیزبوڵـڵای لوبنان و ئیسرائیل بە مووشەکبارانکردنی باکووری ئیسرائیل لەلایەن حیزبوڵـڵاوە دەستیپێکرد و دواتر تەلئەڤیڤیش وەڵامی هێرشەکانی دایەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ