ژمارەی کوژراوانی غەززە 50 هەزاری تێپەڕاند

23-03-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

تەندروستیی کەرتی غەززە دەڵێت، زیاتر لە 50 هەزار کەس لە کەرتەکە بەهۆی جەنگەوە لە تشرینی یەکەمی 2023ـوە کوژراون.
 
رۆژی یەکشەممە، 23-03-2025، تەندروستیی غەززە رایگەیاند، 50 هەزار و 21 کەس کوژراون، یەکسانە بە 2.1٪ـی دانیشتووانی غەززە کە ژمارەیان 2.3 ملیۆن کەسە؛ واتا لە هەموو 46 کەس 1 کەس لە غەززە کوژراوە.
 
بەگوێرەی ئامارەکەی تەندروستیی غەززە، 113 هەزار و 274 کەس برینداربوون.
 
رۆژی سێشەممە، 18ـی ئەم مانگە ئیسرائیل ئاگربەستی شکاند و دەستی بە بۆردوومان کردەوە. ئەمڕۆ یەکشەممە تەندروستیی غەززە رایگەیاند، لە ماوەی 24 کاژێری رابردوودا 39 کەس کوژراون، لە نێوان 18 بۆ 23ـی ئەم مانگەش 673 کەس کوژراون.
 
تەندروستیی غەززە لەلایەن بزووتنەوەی حەماسەوە بەڕێوەدەبرێت و لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پشت بە ئامارەکانی دەبەسترێت؛ بەڵام تاوەکو ئێستا ئیسرائیل ژمارەکان رەتدەکاتەوە.
 
تەندروستیی غەززە لەکاتی بڵاوکردنەوەی ژمارەکاندا، جیاوازیی لە نێوان چەکدار و سڤیل ناکات و کۆی کوژراوان رادەگەیێنێت.
 
تشرینی دووەمی رابردوو نووسینگەی مافی مرۆڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، بەگوێرەی شڕۆڤەکارەکانیان، نزیکەی 70٪ـی ئەوانەی کوژراون لە ماوەی شەش مانگی رابردوو، ژن و منداڵ بوون.
 
مانگی کانوونی دووەمی ئەم ساڵ، گۆڤاری پزیشکیی لانسێت لێکۆڵینەوەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، دەکرێت ئەو ئامار و ژمارانەی تەندروستیی کەرتەکە بڵاویدەکەنەوە بە رێژەی 41٪ کەمتر بن لە ژمارەی راستەقینەی کوژراوان و بریندارەکان.
 
جەنگی غەززە لە 07-10-2023 دوای هێرشی باڵی چەکداریی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل دەستی پێکرد. ئەو رۆژە هەزار و 200 ئیسرائیلی کوژران.
 
ئیسرائیل لە وەڵامدا دەستی بە بۆردوومان و چوونە ژوورەوەی غەززە کرد و ئێستا وێرانکارییەکی زۆری دروستکردووە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەرزبوونەوەی دووکەڵ لە شوێنی هێرشێکی ئیسرائیل بۆسەر لوبنان

ماکرۆن داوای كشانەوەی ئیسرائیل لە لوبنان دەکات

فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان کردە سەر چەند گەڕەکێکی باشووری شاری بەیرووتی پایتەختی لوبنان، سەرۆکی فەرەنساش داوای دەستبەجێ کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لە باشووری لوبنان دەکات