رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
دیمەنێکی خۆپێشاندانی شەوی رابردووی بەردەم کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە ئیستەنبووڵ لەدژی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر نەخۆشخانەکەی غەززە، وێنە: Ozan KOSE / AFP
رووداو دیجیتاڵ
دوای زیادبوونی ناڕەزایەتییەکان لە دژی ئیسرائیل لە تورکیا، حکومەتی ئیسرائیل داوای لە هاووڵاتیانی کرد تورکیا بەجێبهێڵن.
فڕۆکەیەکی ئیسرائیلی رۆژی چوارشەممە 18ـی تشرینی یەکەمی 2023 لە تەلئەڤیڤەوە بەرەو ئیستەنبووڵ فڕی و کاژێر 19:30 خولەکی ئێوارە ژمارەیەک هاووڵاتی ئیسرائیلی گواستەوە تەلئەڤیڤ، هەمان رۆژ فڕۆکەیەکی دیکه له ئیسرائیلەوه چووه تورکیا بۆ گواستنەوەی هاووڵاتیانی دیکەی وڵاتەکە.
فەرمانگەی ئاسایشی نیشتمانی ئیسرائیل رۆژی چوارشەممە داوای لە هاووڵاتییانی وڵاتەکەی لە تورکیا کرد، بەپەلە تورکیا بەجێبهێڵن.
دوای شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس، هاووڵاتیانی تورکیا لە وڵاتەکەیان لەبەردەم باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا خۆپیشاندانیان کرد.
لە ئیستەنبووڵ بەشێک لە خۆپیشاندەران ویستیان بچنە نێو کۆنسوڵخانەی ئیسرائیل و پێکدادان لەنێوان ئەوان و پۆلیسدا روویدا.
جگە لە ئیسرائیل، وڵاتانی دیکەش رێوشوێنی خۆپاراستنیان لە تورکیا گرتووەتەبەر، لەوانەش ئەمریکا.
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ئەنقەرە رۆژی چوارشەممە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە سۆشیاڵمیدیا رایگەیاند، بە هۆی ناڕەزایەتییەکان دژی ئیسرائیل، بەشێوەیەکی کاتی کۆنسوڵخانەکەیان لە شاری ئەدانە داخستووە و تاوەکو ئاگادارکردنەوەی دیکە، ناکرێتەوە.
باڵیۆزخانەکە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، "لە چەند هەفتەی داهاتوودا پێشبینی دەکرێت بەهۆی رووداوەکانی ئیسرائیل و غەززە، خۆپیشاندانی گەورە لە سەرتاسەری تورکیا بکرێن. ئەگەر بۆ مەبەستی ئاشتیانەش بکرێت، دەکرێت گردبوونەوەکان گەشە بکەن و تووندوتیژییان لێ بکەوێتەوە. ناڕەزایەتییەکان دەبنە هۆی هەبوونی پۆلیسی زیاتر و داخستنی رێگەوبان و کێشەی هاتووچۆ."
دوای هێرش بۆ سەر نەخۆشخانەیەکی غەززە، کە نزیکەی 500 کەس گیانیان لەدەستدا، ناڕەزایەتییەکان لە تورکیا زیاتر بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ