رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا هەڕەشەی دیپۆرتکردنەوەی ئەو کەسانە دەکات کە بە "لایەنگرانی حەماس" ناویان دەبات؛ دەشڵێت، دامودەزگەکانی وڵاتەکەی لە نزیکەوە چاودێری ئەو کەسانە دەکەن بۆ ئەوەی نەبنە هەڕەشە بۆ سەر ئەڵمانیا.
دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی پۆلیسی فیدراڵیی وڵاتەکەی، نانسی فیزەر، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا، رۆژی هەینی، 20ـی تشرینی یەکەمی 2023، گوتی، "ئەگەر بتوانین پشتیوانیکارەکانی حەماس دیپۆرت بکەینەوە، ئەوا پێویستە ئەو کارە بکەین"؛ گوتیشی، "دامودەزگە ئەمنییەکانمان بەم دواییانە سەرنجیان لەسەر ئیسلامییەکان چڕکردووەتەوە."
بەرپرسانی ئەڵمانیا نیگەرانی ئەوەن بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە بۆ سەر غەززە، دژایەتیکردنی جووەکان لە وڵاتەکەیان زیادبێت، بە تایبەتی دوای ئەوەی رۆژی چوارشەممە، 18-10-2023، لە بەرلین بە مۆڵۆتۆڤ هێرش کرایە سەر پەرستگەیەکی جووەکان و لە چەند شارێکیش شەڕ لەنێوان پۆلیس و خۆپێشاندەرانی دژی هێرشەکانی ئیسرائیلدا دروستبوو.
هاوکات، داکۆکیکارانی مافی فەلەستینییەکان رەخنە لە حکومەتی ئەڵمانیا دەگرن و دەڵێن، بە قەدەخەکردنی خۆپێشاندانەکان، هەوڵی کپکردنیان دەدرێت.
فیزەر داوای لە خەڵکی وڵاتەکەی کرد، دامودەزگەکان لە هەر "پڕوپاگەندەیەک"ـی پشتیوانیکردنی حەماس ئاگادار بکەنەوە.
رۆژی هەینی 20-10-2023 پۆلیسی میونشن، ماڵی هاووڵاتییەکی تەمەن 38 ساڵانی ئەڵمانیایی پشکنی، لەسەر ئەوەی لە پۆستێکی ئینستاگرامدا بەرگری لە هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل کردبوو. وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا، گوتی، "رێگە بە بڵاوبوونەوەی ئەم رق و کینە و تووندوتیژییە تۆقێنەرە نادەین."
ئێستا، نزیکەی 100 هەزار کەسی بە رەچەڵەک فەلەستینی لە ئەڵمانیا دەژین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ