گالەری

30-03-2025
24 Photos
رووداو دیجیتاڵ 

موسڵمانان ئەمڕۆ (30-3-2025) لە غەززە نوێژی جەژنی رەمەزانیان کرد.
 
لە مزگەوتی گەورەی عومەری کە بە مزگەوتی گەورەی غەززە دەناسرێت و بەهۆی بۆردوومانەکانی ئیسرائیلەوە بەشێکی وێران بووە، ئەمڕۆ (یەکشەممە)، ژمارەیەکی زۆری موسڵمانان لە غەززە نوێژی جەژنیان کرد.
 
هەفتەو نیوێک بەر لە ئێستا؛ ئیسرائیل کۆتایی بە ئاگربەست هێنا، دوای ئەوەی لەناکاو هێرشی ئاسمانیی کرد و سەدان کەسی کوشت، کۆشکی سپیی ئەمریکا دواتر لۆمەی حەماسی کرد بەوەی بووەتە هۆی نوێکردنەوەی شەڕەکە.
 
ئیسرائیل بڕیاری داوە هەتاوەکو ئەو 59 دیلەی هێشتا لە دەستی حەماس دان، کە پێی وایە لەو ژمارەیە تەنیا 24ـیان زیندوون، نەگەڕێندرێنەوە، شەڕ بەردەوام دەبێت.  
 
شەڕی غەززە لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023ـەوە دەستیپێکردووە، دوای ئەوەی لەو رۆژەدا؛ حەماس لەناکاو هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و 1200 کەسی کوشت کە زۆربەیان خەڵکی سڤیل بوون، هەروەها 251 کەسی بە دیل گرت، شەڕەکەی ئێستا بەردەوامە بەهۆی ئەوەیە هێشتا بەشێکی ئەو دیلانە، ئازاد نەکراون.
 
لەبەرامبەردا ئیسرائیل بە هەموو توانایەوە بەرپەرچی هێرشەکانی داوەتەوە، بەهۆی هێرشە چڕەکانییەوە بەپێی وەزارەتی تەندروستیی غەززە تائێستا زیاتر لە 50 هەزار کەسی کوشتووە، شەڕەکە بووەتە هۆی کاولبوونی کەرتی غەززە و ئاوارەبوونی 90٪ـی غەززەییەکان کە ژمارەیان پێش شەڕ لە کەرتەکەدا لە دوو ملیۆن کەس زیاتر بوو.
 

وێنەکان: AFP