ئاشتبوونەوەی ئێران و سعودیە رێگە بە دەستپێکردنەوەی گەشتی راستەوخۆی حاجییانی یەمەن دەدات

18-06-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
نیشانەکردن یەمەن حوسییەکان حەج حەج و عومرە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دوای ئاشتبوونەوەی ئێرانی هاوپەیمانی حوسییەکان و سعودیەی هاوپەیمانی حکومەتی دانپێدانراوی یەمەن، بەرپرسانی یەمەنی دەڵێن، یەکەمین گەشتی حەج راستەوخۆ لە سەنعای ژێر کۆنترۆڵی حوسییەکانەوە بۆ سعودیە کرا. 
 
رۆژی شەممە (17-6-2023) زیاتر لە 270 حاجی لە پایتەختی یەمەنەوە بە فڕۆکە گەشتیان بۆ سعودیە کرد. فڕۆکەکە کاژێر 08:00ـی ئێوارە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سەنعاوە بەرەو جەددە بەڕێکەوت. 
 
خالد شایف، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەکە دەڵێت، چوار گەشتی دیکەی ئاسمانی بۆ گواستنەوەی حاجیانی ئەمساڵی یەمەن بۆ سعودیە دەکرێن. 
 
بە گوتەی خالد شایف، بڕیارە رۆژی دووشەممە و رۆژی چوارشەممە دوو لەو گەشتانە بکرێن، لە کاتێکدا بەرپرسانی حوسی و سعودی لە گفتوگۆدان بۆ دیاریکردنی کاتی دوو گەشتی دیکە. 
 
سەنعای پایتەختی یەمەن لە ساڵی 2014ـەوە کەوتووەتە ژێر کۆنترۆڵی حوسییەکان.
 
کردنەدەرەوەی حکومەتی دانپێدانراوی یەمەن لە پایتەختی ئەو وڵاتە لە لایەن حوسییەکانی هاوپەیمانی ئێرانەوە، وایکرد سعودیە هاوپەیمانیێکی عەرەبی لە ساڵی 2015 پێکبێنێت و دەستوەردانی سەربازیی راستەوخۆ لە یەمەندا بکات بۆ ئەوەی حکومەت بگەڕێنێتەوە پایتەخت. 
 
لە ئابی 2016، هاوپەیمانێتییە عەرەبییەکە گەمارۆی ئاسمانی، وشکانی و دەریایی خستە سەر ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حوسییەکان و سەرەنجام فڕۆکەخانەی سەنعا لەکارخرا. 
 
دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان سەنعا و سعودیە ئاماژەیەکن بۆ چاکبوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان حوسییەکان و سعودیە، ئەو وڵاتەی هەوڵدەدات کۆتایی بە دەستوەردانی خۆی لە یەمەن بهێنێت. 
 
بەرپرسانی سعودی و حوسی چەندین جار کۆبوونەتەوە بۆ ئەوەی دانوستاندن لەسەر چارەسەرێکی ئاشتییانە بۆ ململانێی یەمەن بکەن. 
 
ئەو گفتوگۆیانە لە ئاداری ئەمساڵ گەیشتنە لووتکە، دوای ئەوەی ئێران و سعودیە بە نێوەندگیریی چین، رێککەوتن پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانیان ئاسایی بکەنەوە. 
 
ململانێی یەمەن لە چەند ساڵی دواییدا گۆڕدرابوو بۆ شەڕێکی بەوەکالەت لەنێوان سعودیە و ئێران. 
 
شەڕەکە بووەتە هۆی ماڵوێرانیێکی گەورە بۆ یەمەنی هەژارترین وڵاتی عەرەبی و دروستبوونی یەکێک لە گەورەترین قەیرانە مرۆییەکان. 
 
لە شەڕەکەدا زیاتر لە 150 هەزار چەکدار، سەرباز و خەڵکی سڤیل کوژراون. 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە