رووداو - دیجیتاڵ
فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا (سێنتکۆم) سەردانی هێزەکانی ئەمریکای لە رۆژئاوای کوردستان و گرتووخانەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە کرد، ناوەندەکە رایگەیاند "سوپایەکی داعش" لەو گرتووخانانەیە.
سێنتکۆم بڵاوی کردەوە، رۆژی 16ـی کانوونی دووەمی 2025، ژەنەراڵ مایکڵ ئێریک کۆرێلا، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا (سێنتکۆم)، سەردانی سووریای کرد و لەگەڵ فەرماندە سەربازییەکان و سەربازانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیان لە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کۆبووەوە.
ئامانجی سەردانەکەی کۆرێلا وەک سێنتکۆم ئاماژەی پێداوە: "بۆ هەڵسەنگاندنی هەڵمەتی شکستپێهێنان بە داعش و هەوڵەکان بۆ رێگری لە سەرهەڵدانەوەی ئەو گرووپە تیرۆریستییە لە ناوچەکە و دۆخی نوێی سووریا" بووە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی سێنتکۆم، ژەنەراڵ کۆرێلا سەردانی کەمپی ئاوارەکانی هۆڵی لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریای کردووە.
کەمپەکانی هۆڵ و رۆژ زیاتر لە 40 هەزار ئاوارەیان تێدایە، کە زۆربەیان کەسوکاری چەکدارانی داعشن. سێنتکۆم دەڵێت: "بەبێ هەوڵی نێودەوڵەتی بۆ گەڕاندنەوە و چاکسازی و تێکەڵکردنەوەیان، ئەم کەمپانە مەترسیی دروستکردنی نەوەیەکی نوێی داعشیان لێدەکرێت."
سێنتکۆم رایگەیاندووە، جگە لەو 40 هەزار ئاوارەیەی نێو ئەو دوو کەمپە، زیاتر لە 9 هەزار دەستگیرکراوی داعش لە زیاتر لە 50 وڵاتەوە لە زیاتر لە 12 گرتووخانەی ژێر چاودێریی هەسەدە لە سووریا هەن، کە "بە واتای راستەقینە و مەجازی سوپایەکی داعشن لە گرتووخانەدا."
ژەنەراڵ کۆرێلا دەڵێت: "سێنتکۆم بەردەوامە لە پشتیوانیکردنی گەڕاندنەوەی دانیشتووانی کەمپەکانی هۆڵ و رۆژ بۆ وڵاتەکانی خۆیان. هەروەها سێنتکۆم بەردەوام دەبێت لە کارکردن لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ گواستنەوەی چەکدارانی داعش بۆ وڵاتەکانی خۆیان بۆ دادگاییکردنیان."
سەردانەکەی ژەنەراڵ کۆرێلا بۆ سووریا لە چوارچێوەی گەشتێکی هەشت رۆژەی بوو بۆ بەحرەین، سعودیە، کەشتی فڕۆکەهەڵگری یوئێس ئێس هاری ئێس ترومان لە دەریای سوور، میسر، لوبنان، ئیسرائیل، عێراق، ئووردن و سووریا.
ژەنەراڵ کۆرێلا گوتی: "پەیوەندیی راستەوخۆ و رووبەڕوو کلیلی تێگەیشتنە لەو ئاستەنگ و دەرفەتانەی کە سەربازانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانمان رۆژانە رووبەڕوویان دەبنەوە. سێنتکۆم پابەندە بە ئەرکەکەمان، خەڵکەکەمان، شکستی یەکجارەکی داعش و سەقامگیریی ناوچەکە و دەرەوەی."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ