دادگەی ئەبوزەبی بڕیاری لەبارەی بکوژانی حاخامە ئیسرائیلیەکە دا

31-03-2025
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
میدیای فەرمی ئیمارات بڵاویکردەوە، لەو چوار کەسەی بە کوشتنی حاخامێکی ئیسرائیلی لە تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو تۆمەتبار کرابوون، سیانیان بە سزای کوشتنەوە و ئەوی دیکەیان بە زیندانی هەتاهەتایی سزادران.
 
رۆژی دووشەممە، 31ی ئاداری 2025، میدیای فەرمی ئیمارات بڵاویکردەوە، "ژووری ئاسایشی دادگای تێهەڵچوونەوەی فیدراڵی ئەبوزەبی تۆمەتبارانی رفاندن و کوشتنی زڤی کۆگان، هاووڵاتیی مۆڵدۆڤی-ئیسرائیلی سزا دا". 
 
کۆگان، لە ساڵی 2020ـەوە لە دووبەی وەکو نوێنەری بزووتنەوەی چاباد کە بزووتنەوەیەکی جووە ئۆرسۆدۆکسەکانە کاری دەکرد، گرووپەکە لە وارەکانی مرۆیی و پەروەردەدا کاردەکات. حاخامەکە رۆژی (پێنجشەممە، 22ـی تشرینی دووەمی 2024)،  بێسەروشوێن بوو، رۆژی یەکشەممە 24ـی هەمان مانگ تەرمەکەی دۆزرایەوە. ئەو کات بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کوژرانی حاخامەکەی بە "هێرشێکی تیرۆرستی دژەجوو" ناوبرد. 
 
بە گوێرەی بڕیاری دادگە، سێ لە بکوژان و رفێنەرانی حاخامەکە بە کوشتنەوە سزادران و ئەوەی دیکەش، کە هاوکاریکردبوون بە زیندانی هەتایی سزادران. دادگە هەوڵەکەی بە "ویستێکی تیرۆرستی" دانا. دادگەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، بەڵگە و شایەدی پێویستیان بۆ بڕیاردان لەبەردەست بووە. 
 
لە کۆتایی بڕیارەکەدا ئەوەش هاتووە، "بە گوێرەی یاسای ئیمارات، سزای کوشتن (لەسێدارەدان) دەکرێت داوای تێهەڵچوونەوەیان لە بەشی دادگەی باڵای فیدراڵی بەشی تاوانەکان" بۆ بکرێت. 
 
تشرینی یەکەمی 2023، جەنگی ئیسرائیل و حەماس بە هێرشی بزووتنەوەکە بۆ سەر ئیسرائیل دەستیپێکرد. دواتر تەلئەڤیڤ هێرشیکردە سەر حەماس لە کەرتی غەززە و جەنگ دەستیپێکرد. ئەمەش یەکێک بووە لە هۆکارەکانی زیادبوونی "تاوانی دژەجوو" لە جیهاندا. بە گوێرەی راپۆرتی رێکخراوی جیهانی زایۆنی و ئاژانسی جووەکان بۆ ئیسرائیل، پار "تاوانی دژەجوو" 340٪ لە جیهاندا بەراورد بە ساڵی 2022 زیادیکرد.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە