دوو راوێژکاری نەتەنیاهوو بە تۆمەتی وەرگرتنی پارە لە قەتەر دەستگیر دەکرێن

31-03-2025
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەلایەن پۆلیسەوە لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کرا دوای ئەوەی دوو راوێژکاری میدیایی ئەو دەستگیر کران بەتۆمەتی ئەوەی پارەیان لە حکومەتی قەتەر وەرگرتووە، تاوەکو کار بکەن بۆ بەرژەوەندی قەتەر و جێبەجێکردنی ئەو سیاسەتانەی لە بەرژەوەندی دەوحەیە.
 
رۆژی دووشەممە، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەلایەن پۆلیسەوە بانگهێشتکرا تاوەکو پرسیاری لێبکەن، لەبارەی دوو راوێژکاری کە لە تیمی میدیایی سەرۆکوەزیران کاریان کردووە و لە لایەن پۆلیسەوە تۆمەتبارکراون بەوەی کاریان بۆ حکومەتی قەتەر کردووە و پارەیان لەو وڵاتەی کەنداوەوە وەرگرتووە. 
 
نەتەنیاهوو لەمێژە ئەو تۆمەتانەی رەتکردووەتەوە و رایگەیاندووە ئەوە هەوڵێکی لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن و میدیایە بۆ دژایەتیکردنی حکومەتەکەی، لە بەرامبەریشدا قەتەر بە هەمان شێوە ئەو تۆمەتانەی رەتکردووەتەوە. 
 
رۆژی دووشەممە، پۆلیسی ئیسرائیل، هەردوو راوێژکاری میدیایی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بەناوەکانی؛ جۆناتان یۆریچ و ئێلی فیڵدستینیان دەستگیر کرد؛ بەتۆمەتی ئەوەی حکومەتی قەتەر پارەی بەو دوو راوێژکارە ئیسرائیلییە داوە، لە بەرامبەر بە پێدانی زانیاری لەبارەی دانوستانەکانی تایبەت بە ئازادکردنی بارمتەکانی کەرتی غەززە و هەروەها هەوڵدان بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتێک لە لایەن ئیسرائیلەوە کە لە بەرژەوەندیی قەتەر بێت. 
 
بەگوێرەی میدیای ئیسرائیلی، ئێلی فیڵدستین کە گوتەبێژی پێشووی نەتەنیاهوو بوو، تۆمەتبار کراوە بەوەی ئاسایشی نیشتمانی ئیسرائیلی خستووەتە مەترسییەوە، بەوەی زانیاریی نهێنی سوپای ئیسرائیلی دزە پێکردووە و کاریشی لەگەڵ قەتەر کردووە، تاوەکو ئەو زانیاریانە کە لە بەرژەوەندی قەتەرن بداتە میدیا و رۆژنامەڤانانی ئیسرائیلی، ئەمەش لە هەمان ئەو کاتەی کە راوێژکار بووە لە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل. 
 
مانگی رابردوو، داواکاری گشتیی ئیسرائیل، دۆسیەی دژی ئەو دوو راوێژکارەی سەرۆکوەزیران کردەوە و دوو راوێژکارەکە تۆمەتبار کراون بەوەی لە مانگی ئایاری 2022 تاوەکو تشرینی یەکەمی 2024، پارەیان لە قەتەر وەرگرتووە.
 
لێکۆڵینەوەی ئەو کەیسە لە لایەن دەزگەی هەواڵگریی ئاسایشی ناوخۆی ئیسرائیل ناسراو بە "شاباک"، سەرپەرشتی دەکرێت و ئێستاش نەتەنیاهوو بەنیازە بەرپرسی ئەو ئاژانسە بەناوی رۆنین بار لە پۆستەکەی دووربخاتەوە و لە دوایین لێدوانی رۆژنامەڤانیشیدا، رۆنین بار رایگەیاندووە هۆکاری دوورخستنەوەکەی، ئەو کەیسەی قەتەرە، کە لە میدیای ئیسرائیلی بە "قەتەرگەیت" ناسراوە.
 
هەروەها ئەو دوو راوێژکارەی نەتەنیاهوو، تۆمەتباریش کراون بەوەی لە ساڵی 2022 و پێش دەستپێکردنی جامی جیهانی تۆپی پێ، کە لە قەتەر بەڕێوەچوو، کاریان بۆ ئەو وڵاتەی کەنداو کردووە، تاوەکو وێنەیەکی جوانی قەتەر لە میدیای ئیسرائیلیدا بڵاوبکەنەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە