رووداو دیجیتاڵ
میدیای فەرمیی تورکیا بڵاویکردەوە، تیمی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی تورکیا (میت)، لە ئۆپەراسیۆنێکدا بەرپرسێکی یەپەگە/هەسەدەی لە رۆژئاوای کوردستان کردە ئامانج، بەڵام یەپەگە تاوەکو ئێستا گیانلەدەستدانی ئەو بەرپرسەی پشتڕاستنەکردووەتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی میدیای فەرمیی تورکیا، موتاسیم ئاکیورەک کە ناوی نهێنی "سەرهات سەرهەڵدان"ـە و لەدایکبووی باکووری کوردستانە و ناوی لە لیستی داواکراوانی تیرۆردا لە تورکیا هەبووە، بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە ناوچەی عامودا لە رۆژئاوای کوردستان کراوەتە ئامانج.
هەرچەندە میت ئاماژەی بە رۆژی ئۆپەراسیۆنەکە نەکردووە، بەڵام میدیای فەرمیی ئەو وڵاتە رۆژی (دووشەممە، 11ـی ئەیلوولی 2023) بەئامانجکردنی سەرهات سەرهەڵدانی بڵاوکردەوە. جەختی لەوەش کردەوە، ناوبراو بەرپرس بووە لە مەشقی چەکداری یەکینەکانی پاراستنی گەل "یەپەگە" لە ناوچەی عامودا.
سەرهات سەرهەڵدان، لە ساڵی 2015ـەوە پەیوەنديی بە ریزەکانی پەکەکە کردووە و، لەو کاتەدا مەشقی ئایدۆلۆژی و چەکداریی بینیوە و دواتر لە رۆژئاوای کوردستان لەنێو رێکخستنەکانی یەپەگە/هەسەدە-دا بەرپرسیاریێتیی مەشقی چەکداریى وەرگرتووە.
پار، تیمی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی تورکیا، 69 ئۆپەراسیۆنیان لە باشوور و رۆژئاوای کوردستان کردووە. لە ئەنجامدا 82 کەس کراونەتە ئامانج کە 23 کەسیان بەرپرسی باڵا بوون و 42 کەس دەستگیرکراون و گواستراونەتەوە تورکیا.
ناوەندی چاپەمەنیی و راگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) هیچ روونکردنەوەیەکی لەبارەی کرانە ئامانجی سەرهات سەرهەڵدان بڵاونەکردووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ