تەندروستیی غەززە: 2329 کەس کوژراون

15-10-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
نیشانەکردن فەلەستین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی تەندروستیی فەلەستینی سەر بە حەماس رایگەیاند، ژمارەی ئەوانەی بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە گیانیان لەدەستداوە، گەیشتووەتە دوو هەزار و 329 کەس و 9 هەزار و 42ـی دیکەش برینداربوون. 
 
بەگوێرەی وەزارەتەکە، سەرووی 700 لەوانەی بە هێرشەکانی ئیسرائیل کوژراون، منداڵن. 
 
لە کەرتی رۆژئاوای فەلەستینیش، تائێستا لانیکەم 53 کەس کوژراون و هەزار و 100ـی دیکەش بریندار بوون. 
 
ئەو ئامارە لەکاتێکدایە بەگوێرەی بەرپرسانی ئیسرائیل، تائێستا هەزار و 300 ئیسرائیلی لە دوای هێرشەکەی 7ـی تشرینی یەکەمەوە کە حەماس کردییە سەر ئیسرائیل، کوژراون و لانیکەم 3 هەزار و 400 کەسی دیکەش بریندارن. 
 
رۆژی یەکشەممە، 15ـی تشرینی یەکەم، کەتائیبی عیزەددین قەسام، باڵی سەربازیی حەماس رایگەیاند، رۆژی شەممە لە سنووری لوبنانەوە چوونەتە نێو ئیسرائیل و سێ چەکداریان لەوێ کوژراون. 
 
کەتائیبی قەسام دەڵێت، کۆمەڵێک لە چەکدارەکانی "توانییان دیواری سەر سنوور بتەقێننەوە و تاوەرێکی چاودێرییان بەئامانج کرد و چوونە نێو فەلەستینی داگیرکراو، بە چەکی سووک لەگەڵ دوژمن کەوتنە شەڕ و زیانیان پێ گەیاند،" روونیشیکردەوە فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل لە کاتی شەڕدا چەکدارانی حەماسیان بۆردوومانکردووە، بەو هۆیەوە سێ چەکداری بزووتنەوەکە کوژراون.
 
رۆژی شەممە، بۆ دووەم جار لە سنووری لوبنانەوە دزەکرایە نێو سنووری ئیسرائیل، وەک بەرپرسە سەربازییەکانی باس دەکەن. 
 
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند "هێزەکانی کۆماندۆز ژمارەیەک تیرۆرستیان بەرچاوکەوت کە هەوڵیاندەدا لە خاکی لوبنانەوە بێنە نێو ئیسرائیل،" درۆنێکی ئیسرائیلی ئەوانی بە ئامانجکرد و "ژمارەیەکیان"ـی کوشت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە