وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هەڕەشەی فراوانکردنی هێرشەکانیان بۆ سەر غەززە دەکات

02-04-2025
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنی سەربازیی بۆ سەر کەرتی غەززە فراوانتر دەکەن و سوپای وڵاتەکەی "ناوچەیەکی فراوانی کەرتی غەززە کۆنترۆڵ دەکات."
 
ئەمڕۆ (چوارشەممە، 2ـی نیسانی 2025) یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا گوتی، وڵاتەکەی ئامادەیی سەربازیی لە غەززە فراوانتر دەکات، بۆ ئەوەی بتوانێت، "ژێرخانی تیرۆرستی و تیرۆرستان لە ناوچەکە تێکبشکێنێت".
 
دەشڵێ بە فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنەکان بۆ سەر غەززە، دەتوانن ناوچەیەکی فراوانتری کەرتەکە کۆنترۆڵبکەن و بیکەنە بەشێکی زۆنی ئەمنیی ئیسرائیل. 
 
زۆنی ئەمنیی ئیسرائیل، ئەو ناوچانە دەگرێتەوە کە لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە کۆنترۆڵکراون و دەپارێزرێن، بۆ ئەوەی "لە ئاسایش و سەلامەتیی هاووڵاتییانیان دڵنیابن."
 
ئەو راگەیێندراوەی وەزیری بەرگریی ئیسرائیل دوای ئەوە هات؛ هەفتەی رابردووش ئەو بەرپرسە رایگەیاندبوو، بەم زووانە سوپای ئیسرائیل "بە هەموو هێزەوە" دەچێتە نێو چەند ناوچەیەکی دیکەی کەرتی غەززە. 
 
رۆژی 15ـی کانوونی دووەمی ئەمساڵ، ئاگربەست لەنێوان ئیسرائیل و حەماس کرا، رۆژی 19ـی هەمان مانگ، ئاگربەستەکە چووە واری جێبەجێکردنەوە. 
 
قۆناخی یەکەمی ئەو ئاگربەستە بۆ 40 رۆژ بوو و کۆتاییهات، بەڵام بەهۆی رێککنەکەوتی هەردوو لایەنەوە، رۆژی 18ـی ئادار، ئیسرائیل دەستی بە ئۆپەراسیۆن و بۆردوومانەکانی بۆ سەر کەرتی غەززە کردەوە. 
 
رۆژی 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، حەماس هێرشیکردە سەر ئیسرائیل و دواتر ئیسرائیل وەڵامیدایەوە، بەمەش جەنگ دەستیپێکرد. 
 
بەگوێرەی بەرپرسانی ئیسرائیل، بەهۆی هێرشەکەی حەماس هەزار و 218 کەس کوژران. بە گوێرەی وەزارەتی تەندروستیی کەرتی غەززەش، تاوەکو ئێستا 50 هەزار و 357 فەلەستینی بەهۆی بۆردوومان و هێرشەکانی ئیسرائیلەوە کوژراون. 

 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە