ئیسرائیل دەڵێت ئۆپەراسیۆنەکانی لە غەززە فراوان دەکات

02-04-2025
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل دەڵێت، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی لە کەرتی غەززە فراوانتر دەکات؛ هۆشدارییش دەداتە حەماس و دەڵێت، ژێرخانەکەی لەو ناوچەیەی فەلەستین وێران دەکات.
 
رۆژی چوارشەممە 2ی نیسانی 2025 یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل باسی لە پلانی سوپاکەیان لەنێو کەرتی غەززە کرد و گوتی، "تەواوی ژێرخانی تیرۆریستان و ئەو ناوچانەی تیرۆریستانی تێدایە، وێران دەکەین."
 
ئەو بەرپرسە باڵایەی ئیسرائیل رایگەیاند، "ئۆپەراسیۆنەکە بۆ ئەوەیە بەشێکی گەورە بلکێندرێت بە زۆنی ئاسایشی ئیسرائیلەوە،" بەڵام وردەکاریی زیاتری لەبارەی ئەو پلانە ئاشکرا نەکرد.
 
هەفتەی رابردوو کاتز رایگەیاند، سوپای وڵاتەکەی بەمزووانە بە هەموو توانایەوە ئۆپەراسیۆن لە غەززە دەکات و داوای کرد، "ئاژانسێکی نێودەوڵەتی سەرپەرشتیی چۆڵکردنی ئارەزوومەندانەی فەلەستینییەکان لەئەستۆ بگرێت."
 
وەکو یەکەم کاردانەوەی وڵاتانی رۆژئاوا لە بەرامبەر پلانەکە؛ هامش فاڵکنەر، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی بەریتانیا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە پەرلەمان رایگەیاند، وڵاتەکەی پشتگیریی ئەو پلانە نوێیەی ئیسرائیل ناکات و گوتیشی، "زۆر نیگەرانین لە هەڵگیرسانەوەی شەڕ لە غەززە، بەریتانیا پشتگیری لە فراوانبوونی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل ناکات."
 
سوپای ئیسرائیل لە 18ی ئاداردا ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە کەرتی غەززە دەستپێکردەوە، دوای دوو مانگ لە ئاگربەست و بێدەنگبوونی چەکەکان.
 
ئەو هەڕەشە نوێیەی ئیسرائیل لە کاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ چوارشەممە بەرپرسانی تەندروستیی غەززە رایانگەیاند، لە بۆردوومانێکی ئیسرائیلدا 19 کەس کوژران کە نۆیان منداڵ بوون، ئیسرائیلیش تۆمەتبار دەکەن بەوەی لەو هێرشەدا باڵەخانەیەکی ئاژانسی ئۆنروای سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانی کردووەتە ئامانج.
 
سوپای ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، لەو هێرشەدا ناوەندێکی فەرماندەیی حەماسی لە باکووری کەرتی ‌غەززە کردووەتە ئامانج.
 
دەسەڵاتی فەلەستینیش کە لە کەناری رۆژئاوایە، سەرکۆنەی ئەو هێرشەی ئیسرائیلی کرد و رایگەیاند، "ئیسرائیل رەشەکوژیی کردووە و بنکەیەکی تەندروستیی ئۆنرواشی کردووەتە ئامانج." داواشی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد، گوشار بخەنە سەر ئیسرائیل تاوەکو هێرشەکانی رابگرێت.
 
لە 16 مانگی جەنگدا ئیسرائیل حەماسی تۆمەتبار کردووە بەوەی ناوچە سڤیلەکان و قوتابخانە و نەخۆشخانەکانی کەرتی غەززەی بەکارهێناوە، تاوەکو چەکدارەکانی خۆیانی تێدا حەشار بدەن و غەززەییەکانیشی کردووەتە قەڵخانی مرۆیی؛ تۆمەتێک کە حەماس رەتیدەکاتەوە.
 
تەندروستیی غەززە رایگەیاندووە، لەو کاتەوەی سوپای ئیسرائیل دەستی بە ئۆپەراسیۆنەکانی کردووەتەوە، 1042 فەلەستینی کوژراون و بەوەش ئاماری گشتیی کوژراوانی ئەو جەنگە 16 مانگییە گەیشتووەتە لانیکەم 50 هەزار و 400 کەس.
 
بەگوێرەی نوێترین ئاماری حکومەتی ئیسرائیل، 59 بارمتە و تەرمی بارمتە لای چەکدارانی حەماس ماون، کە کوژرانی 34یان لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە راگەیێندراوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە