رووداو دیجیتاڵ
لە ڤیدیۆکەدا نانەواخانەیەکە لە شاری غەززە دەبینن کە پێشتر لەلایەن پڕۆگرامی خۆراکی جیهانییەوە پاڵپشتی دەکرا و بەخۆڕایی نانی بە خەڵک دەدا، بەڵام ئێستا لەگەڵ 24 نانەواخانەی دیکە کە هەمان پڕۆگرام پاڵپشتیی دەکردن، داخراوە.
موسلیح سەمنە، دانیشتووی غەززەیە و نان و خۆراکی بە ئەستەم دەست دەکەوێت، دەڵێت، "داخستنی نانەواخانەکان قەیران و کارەساتە بۆ خەڵک. ژیان دژوار بووە و شتەکان بەرەو خراپتر دەڕۆن. خەڵک ناتوانن ئارد یان ھیچ شتێکی دیکە بەدەست بخەن، منداڵان پێویستیان بە خواردن و ئاوە و ئێمەش دەستەوەستانین."
مانگێکە ئیسرائیل گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکانی بۆ غەززە سنووردار کردووە، ئەوەش وایکردووە ئارد و گاز نەگاتە نانەواخانەکان.
دانیشتووانی غەززە پێشتر پشتییان بە سووتاندنی دار دەبەست بۆ ئەوەی لە ماڵەوە نان دروست بکەن. ئێستا داریشیان دەست ناکەوێت و نرخەکەی بەشێوەیەک بەرز بووەتەوە کە کڕینی لە توانای خەڵکدا نەماوە.
محەممەد خور، دانیشتووی غەززەیە و دەڵێت، "وەک دەبینن نانەواخانەکان داخراون و ئاردیش نییە. خەڵک پشت بە نانی ئامادەکراو دەبەستێت، چونکە گازی چێشتلێنان یان دار نییە لە ماڵەوە نان دروست بکەن".
پێشتر نانەواخانەکانی غەززە رۆژانە نانیان بە زیاتر لە 250 هەزار فەلەستینیی دانیشتووی غەززە دەدا.
بەگوێرەی دوایین ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، نزیکەی 1.9 ملیۆن کەس کە دەکاتە زیاتر لە 90٪ـی دانیشتووانی غەززە خۆراکی پێویستی رۆژانەیان دەست ناکەوێت و لە برسێتیدا دەژین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ