رۆژهەڵاتی نێوەڕاست

فڕۆکەیەکی بی توو لەکاتی پڕکردنی لە سووتەمەنی لە ساڵی 2024 ـدا، وێنە: U.S. Air National Guard
prev
next
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا دەڵێت، فڕۆکەی جەنگیی زیاتریان رەوانەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کردووە. گوتەبێژی وەزارەتەکەش ئاماژە بەوە دەکات؛ پابەندن بە ئاسایشی ناوچەکەوە.
رۆژی سێشەممە (1ـی نیسانی 2025) وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) رایگەیاند، ژمارەیەک فڕۆکەی جەنگییان بەمەبەستی زیادکردنی توانای هێزی دەریایی وڵاتەکە، ناردووەتە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
بەگوێرەی بەرپرسانی ئەمریکا، لانیکەم چوار فڕۆکەی بی توو (B-2) نێردراونەتە بنکەی سەربازی ئەمریکی-بەریتانی لە دوورگەی دیێگۆ گارسیا لە زەریای هیندی.
شۆن پانێڵ، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا دەڵێ، "ئەمریکا و هاوبەشەکانی پابەندن بە ئاسایشی ناوچەی سێنتکۆم و ئامادەن بۆ وەڵامدانەوەی هەر وڵات و لایەنێک، کە بیەوێت گرژییەکانی ناوچەکە زیاد بکات."
سێنتکۆم فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکایە و بەرپرسە لە کاروباری ئەفریقا، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و نێوەڕاست و باشووری ئاسیا.
پانێڵ دەشڵێت، "ئەگەر ئێران یان گرووپە نزیکەکانی هەڕەشە لەسەر کارمەندە ئەمریکییەکان و بەرژەوەندییەکانمان لە ناوچەکە دروستبکەن، لە گرتنەبەری رێکاری تووند بۆ بەرگری لە هاووڵاتییانمان بەردەوام دەبین."
فرۆکەی بی توو توانای هەڵگرتنی بۆمبی ئەتۆمی هەیە. تشرینی یەکەمی رابردوو، حکومەتی ئەمریکا فڕۆکەکەی بۆ هێرشکردنە سەر حووسییەکانی یەمەن بەکارهێنا.
ناردنی ئەم فڕۆکانە لەکاتێکدایە، چەند هەفتەیەکە ئیدارەی ترەمپ هۆشداری دەداتە ئێران لە ئەگەری ئامادەنەبوون بۆ رێککەوتن لەبارەی پڕۆگرامە ئەتۆمییەکەی.
بەرپرسانی ئێرانیش دەڵێن، هیچ کاتێک بێ وەڵام نامێننەوە، ئەگەر هێرشیان بکرێتەسەر.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ