رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی میدیای حووسییەکان، ئەمڕۆ ئەمریکا جارێکی دیکە هێرشی کردووەتە سەر دوو ناوچەی یەمەن. راپۆرتەکان باس لە کوژران و برینداربوونی دوو کەس دەکەن.
رۆژی چوارشەممە 02-04-2025 میدیای حووسییەکان بڵاویکردەوە، ئەمریکا دووبارە "دووژمنکاری" لە خاکی یەمەن کردەوە و بۆردوومانی رۆژهەڵاتی پارێزگەی سەعدەی کرد لە باکووری یەمەن.
میدیاکە دەڵێت، لە بۆردوومانێکی دیکەدا، بەندەری رەئس عیسا لە باکووری رۆژئاوای پارێزگەی حودەیدە کرایە ئامانج و کەسێک کوژرا و کەسێکی دیکەش بریندار بوو.
پێش ئەو دوو هێرشە، بەگوێرەی میدیای حووسییەکان، هێزەکانی ئەمریکا هێرشێکی دیکەیان کردە سەر حودەیدە، کە تێیدا ناوچەی مەنسوورییە کرایە ئامانج و باڵاخانەی بەڕێوەبەرایەتیی ئاویش بۆردوومان کرا.
دوێنێ سێشەممە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پەیامێکی نوێدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "سۆشیەڵ ترووس"، لەبارەی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر حووسییەکان، رایگەیاند ئەوان لە هێرشەکان بەردەوام دەبن تاوەکو ئەو گرووپە چەکدارە یەمەنییە چیدیکە هەڕەشە نابێت بۆ سەر کەشتییەکانی ئەمریکا.
لەو پەیامەیدا، سەرۆکی ئەمریکا نووسیویەتی "حووسییە تیرۆرستەکان، کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن، لە دوو هەفتەی رابردوودا بەهۆی هێرشە بەردەوامەکانەوە تێکشکێندراون. زۆر لە چەکدارەکان و سەرکردەکانیان نەماون. ئێمە شەو و رۆژ بەتووندی لێیان دەدەین. ئەو توانایەیان کە بوونەتە هەڕەشە بۆ سەر هاتووچۆی دەریایی و ناوچەکە بە خێرایی لەنێودەبرێن."
هەر دوێنێ وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) رایگەیاند، ژمارەیەک فڕۆکەی جەنگییان بەمەبەستی زیادکردنی توانای هێزی دەریایی وڵاتەکە، ناردووەتە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
بەگوێرەی بەرپرسانی ئەمریکا، لانیکەم چوار فڕۆکەی بی 2 نێردراونەتە بنکەی سەربازی ئەمریکی-بەریتانی لە دوورگەی دیێگۆ گارسیا لە زەریای هیندی.
شۆن پانێڵ، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا گوتی: "ئەمریکا و هاوبەشەکانی بە ئاسایشی ناوچەی سێنتکۆم پابەندن و بۆ وەڵامدانەوەی هەر وڵات و لایەنێک ئامادەن، کە بیەوێت گرژییەکانی ناوچەکە زیاد بکات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ