حەماس: ئامادەین بۆ ئاگربەست، بەڵام بەبێ مەرجی نوێ

12-09-2024
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بزووتنەوەی حەماس رایگەیاند ئەوان ئامادەن بۆ ئاگربەست بەزووترین کات و بەگوێرەی پلانەکەی سەرۆکی ئەمریکا، بەڵام نابێت لایەنەکانی دیکەش هیچ مەرج و داواکارییی نوێیان بۆ رێککەوتن هەبێت. 
 
رۆژی چوارشەممە 11ی ئەیلوولی 2024، حەماس لە بەیاننامەیەکدا، رایگەیاند تیمی دانوستاندکاریان لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی قەتەر شێج محەممەد بین عەبدولرەحمانی تانی و عەباس کامل، بەرپرسی دەزگەی هەواڵگری میسر لە دۆحە کۆبوونەتەوە و ئامادەیی خۆیان پێشانداوە بەوەی "بەزووترین کات" بە ئاگربەست لە غەززە رازی بن.
 
لەراگەیێندراوەکەی حەماسدا هاتووە ئەوان سوورن لەسەر ئەوەی داوا بکەن، سوپای ئیسرائیل لە تەواوی کەرتی غەززە بکشێتەوە و هەروەها ئیدارەدانی کەرتەکە پرسێکی ناوخۆیی فەلەستینە و دەبێت بە روانگەیەکی فەلەستینی بەڕێوەببردێت. 
 
حەماس ئامادەییشی دەربڕیوە بۆ ئەو مەبەستە لەگەڵ سەرجەم لایەنەکانی دیکەی فەلەستینی دابنیشێت بۆ رێککەوتن لەسەر نەخشەڕێگەی بەڕێوەبردنی غەززە. 
 
تائێستا ئەو گفتوگۆیانە هیچ ئەنجامێکی نەبووە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی غەززە، بەگوێرەی بەرپرسانی بەشداربوو لە گفتوگۆکان، هۆکاری سەرەکی رێکنەکەوتنەکە دەگەڕێتەوە بۆ نەکشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لە دەروازەی رەفەح کە ناسراوە بە رێڕەوی فلادیلیفیا و کەوتووەتە سەر سنووری نێوان کەرتی غەززە و میسر. 
 
رۆژی شەممە، 7ی ئەیلوول، ولیەم بێرنس، بەڕێوەبەری ئاژانسی ناوەندی هەواڵگریی ئەمریکا (سی ئای ئەی)، کە نوێنەرایەتی ئەمریکا دەکات لە گفتوگۆکانی تایبەت بە ئاگربەست لە غەززە، رایگەیاند، هەفتەی داهاتوو، پشنیازی نوێ لە پلانەکەی بایدن زیاد دەکرێت تاوەکو لایەنەکان لەسەری رێکبکەون و ئاگربەست رابگەیێنن. 
 
پلانەکەی جۆ بایدن، کە لە مانگی ئایاری رابردوو بە زۆرینەی دەنگی ئەنجوومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان پەسند کرا، پلانێکی سێ قۆناخییە و قۆناخی یەکەم بریتییە لە شەش هەفتە ئاگربەست و کشانەوەی سوپای ئیسرائیل لەو ناوچانەی خەڵکی سڤیلی غەززەی تێدایە، لە بەرامبەردا دەبێت حەماس بارمتەکان ئازاد بکات.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ساتی تەقینەوەی بەشێک لە ئامێرەکان

بەهۆی تەقینەوەی ئامێرەکانی ئاگادارکردنەوە دەیان ئەندامی حیزبوڵڵا بریندار دەبن

لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگی غەززەوە، حیزبوڵڵا هۆشداری بە ئەندامانی دابوو کە جگە لەو سیستەمی پەیوەندییەی کە خۆی دیاریکردووە، نابێت ئامێرەکانی دیکەی پەیوەندیکردن بەکاربهێنن و هۆشداری دابوو لەوەی ئیسرائیل لەوێوە هێرشیان دەکاتە سەر.