بەڕێوەبەری گەورەترین نەخۆشخانەی لوبنان بۆ رووداو: لە قەیرانێكی گەورەی تەندروستیداین

08-11-2024
نوێنەر فاتيح @NwenarFatih
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی رەفیق حەریری لە بەیرووت
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی رەفیق حەریری لە بەیرووت
نیشانەکردن رووداو لە لوبنان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی رەفیق حەریری کە گەورەترین نەخۆشخانەی حکومیی لوبنانە رایگەیاند، گوشارێکی زۆر لەسەر کەرتی تەندروستیی لوبنانە، ئەویش بەهۆی تیماری بریندارانی هێرش و بۆردوومانەکان، هەروەها بڵاوبوونەوەی نەخۆشی لە پەناگەکان بەهۆی قەرەباڵخییەوە.
 
ئەوە جگە لە قەیرانی دەرمان و دەستهەڵگرتنی پەرستار و کارمەندانی تەندروستی لە کارەکانیان لە کەرتی گشتی و کۆچکردنیان بۆ دەرەوەی لوبنان بەهۆی جەنگ، یان بەهۆی دەستبەکاربوونیان لە کەرتی تایبەت.
 
"نەمانی پەرستار و کارمەندی تەندروستی"
 
د. جیهاد سەعادە، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی رەفیق حەریری بە نوێنەر فاتیح، نێردراوی تۆڕی میدیایی رووداوی لە لوبنان راگەیاند: "کەرتی تەندروستیی لوبنان بەر لە شەڕ تووشی قەیران بووە، هۆکارەکەشی  ئەو قەیرانە ئابوورییە بووە کە هەبووە و بەدڵنیاییەوە لە زۆر رووەوە کاریگەرى لەسەر نەخۆشخانەکان دەبێت، لەپێش هەموویانەوە کۆچى پەرستاران، لەدەستدانى پەرستاران کە بڕبڕەى پشتى نەخۆشخانەن."
 
بە گوتەی سەعادە ئەو کۆچکردنە دوو جۆرە، هەندێکیان چوونەتە کەرتى تایبەت و هەندێکى دیکەیان چوونەتە دەرەوەى لوبنان و دەڵێت: "هەوڵماندا پەرستارى نوێ دابمەزرێنین، بەڵام بە داخەوە ئەو پەرستارانەى ئێستا دەردەچن لەو ماوەیەدا خوێندوویانە کە کۆرۆنا هەبووە و بەشێوەى ئۆنلاین وانەیان خوێندووە، ئاستیان وەک ئەوانەى پێشوو نییە."
 
لەبارەی کێشەکانی دیکەی کەرتی تەندروستیش، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی رەفیق حەریری دەڵێت: "پرسێکى دیکە پێداویستى پزیشکی و دەرمانە، ئەمەش کاریگەرى هەبووە، بە تایبەت کە ئێمە هەموو شتێک کە دەکڕین بە لیرەى لوبنانییە، بەڵام پێداویستى پزیشکى جگە لە دەرمان، بە دۆلار دەکڕین، بەدڵنیاییەوە هاوردەکارێک کە دەرمانێک بۆ نەخۆشخانەکە دەهێنێت پارەکەى بە نەختینە و خێرا دەوێت، بەڵام ئێمە کە ئەو پارەیە لە رێگەى وەزارەتەوە دەدەین کاتى دەوێت و رۆتینى تێدەکەوێت."
 
سەرەڕای قەیرانەکان، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی رەفیق حەریری دەڵێت: "ئێمە بەردەوامین، کاریگەرییەکان نەگەیشتوونەتە ئەو ئاستەى رابوەستین". گوتیشی: "هەموو خزمەتگوزارییەکان بەردەستن، بەر لە جەنگ راستەوخۆ چەند بەشێکمان داخست بەهۆى نەبوونى پەرستار، کە جەنگ روویدا و بەیرووت بۆردوومان کرا ئەو بەشانەمان کردەوە، لەبەر ئەوەى ناچار بووین پێشوازى لە ژمارەیەکى زۆرى بریندار و نەخۆش بکەین."
 
30 خولەک بۆ دەیان بریندار
 
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی رەفیق حەریری لە بەیرووت باس لە دۆخی چارەسەری بریندارەکان و زۆری ژمارەیانەوە دەکات بەهۆی بەردەوامی بۆردوومانەکان و دەڵێت: "ئێمە راهاتووین لە مامەڵەکردن لەگەڵ بریندارانى جەنگ لەو کاتەوە کە شەرى ناوخۆى لوبنان روویدا، ئێمە ئامادەین و ئەزموونمان کارایە ،لە تەقینەوەى پەیجەرەکانەوە تاوەکو ئێستا ئەوە سەلمێندراوە، بۆ نموونە ئەگەر 100 بریندار بێت لە ماوەى 30 خولەکدا چارەسەرمان کردوون."
 
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی رەفیق حەریری دڵنیایی دا کە ئامادەکاریی تەواویان کردووە بۆ قووڵبوونەوەی قەیرانەکان و گوتی: "هەر کە جەنگى غەززە دەستیپێکرد، ئەو پێداویستییانەمان دەستەبەر کرد لە نەخۆشانەکە، کە بەشی 10 رۆژ بکات، ئەگەر هەموو رێگەکانى سەر نەخۆشخانەکە دابخرێن، ئەگەر نەتوانین لە دەرەوە هیچ بهێنین و بەشى 10 رۆژمان دەکات، لە خواردن و ئاو پێداویستى پزیشکى لە دەرمان، ئەم پێداویستیانەش دەستى لێنادرێت هەتاوەکو رێگەکان دانەخرێن."
 
لەبارەی هاوکاریی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانیش بۆ کەرتی تەندروستی لوبنان، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی رەفیق حەریری گوتی: "هاوکارییەکان دوو کێشەیان هەیە، یەکەم ئەوەیە کە کەمى کردووە، بەتایبەت کە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان گرنگیدانیان گۆڕیوە بۆ ئۆکراینا، سودان، یەمەن، غەززە. ئێمە کارى  لەپێشینە نەماوین بۆ ئەو رێکخراوانە وەک ئەوەى لە سەردەمى کۆرۆنا هەبوو."
 
کێشەیەکى دیکە کە د. جیهاد سەعادە باسی دەکات هاوکارییەکان نەختینەیی نین، بۆ نموونە وڵاتێک کەرەستەى زیادەى هەیە  لە پێداویستى لە دەرمانێک و دەینێرێت، بۆ هەوکردنێکى دیاریکراو، دەیبەن و دەیگۆڕن، ئەگەر ماوەى بەسەرچوونەکەى دووربێت بۆ ئەوان باشە، بەڵام ئەگەر ماوەى بەسەرچوونەکەى نزیک بێت، هەوڵدەدەن بیگۆڕین، لەگەڵ ئەو نەخۆشخانانەى کە پێویستیانە.
 
چەند هەفتەیەکە هێرش و بۆردومانەکانی ئیسرائیل بۆ باشووری بەیرووت بەردەوامە و بەهۆیەوە زیاتر لە یەک ملیۆن کەس ئاوارە بوون، تۆڕی میدیایی رووداو وەکو یەکەم میدیای کوردی و عێراقی نێردراوی خۆی ناردووە بۆ رووماڵی جەنگەکە و بەردەوام زانیاریی بە زمانەکانی کوردی و عەرەبی و ئینگلیزی بۆ بینەران و وەرگران دەگوازێتەوە و بەشێک لە ئاژانسە هەواڵییە گەورەکانی جیهانیش سوود لە وێنە و ڤیدیۆکانی تۆڕی میدیایی رووداو وەردەگرن لەبارەی جەنگەکە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە