پێشبینی دەکرێت لە رۆژانی جەژندا 200 هەزار گەشتیار سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن

29-03-2025
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-
 
 
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی رایگەیاند، سبەی یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزانە. لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان دەڵێن، "چاوەڕێی زیاتر لە 200 هەزار گەشتیار دەکەین."
 
رۆژی شەممە، 29ـی ئاداری 2025، نەریمان فازڵ، بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لەلایەن تیمەکان لە بازگەکانی هەولێر پێشوازی لە گەشتیاران دەکرێت، لیژنەی چاودێری سەردانی ئەو شوێنانە دەکەن کە گەشتیارەکان لێی دەمێننەوە، ئامادەکاریی زۆر باش کراوە و هەموو شتێک بە باشی بەڕێوەدەچێت."
 
بەڕێوەبەری راگەیاندنی گەشتوگوزاری هەولێر دەڵێت، "ئەم جەژنە بۆ یەکەمجار ئەلبوومی ناوچە گەشتیارییەکانی سنووری پارێزگای هەولێر ئامادەکراوە و دەدرێت بە گەشتیاران، پێشبینی دەکەین هاتنی گەشتیاران ئەگەر لە پار زیاتر نەبێت کەمتریش نەبێت، کە 61 هەزار گەشتیار بوون."
 
"لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران چاوەڕێی زیاتر لە 40 هەزار گەشتیار دەکەین"
 
فەیسەل سادق، بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری سۆران بە رووداوی گوت، "ئامادەکاری لەسەر دوو ئاست کراوە، ئاستێک کە پەیوەندی بە وەزارەتی گەشتوگوزارەوە هەیە کە لیژنەیەک چاودێری شوێنە گەشتیارییەکان دەکەن و لیژنەیەکیش پێشوازی لە گەشتیاران دەکەن، ئاستی دووەمیش تایبەتە بە هاوئاهەنگی نێوان وەزارەتی گەشتوگوزار و هێزە ئەمنییەکان و بەرگریی شارستانی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە."
 
لەبارەی هاتنی گەشتیاران، فەیسەل سادق دەڵێت، "لە سەری ساڵدا زیاتر لە 80 هەزار گەشتیار لە ماوەی 10 رۆژدا هاتن بۆ سۆران، چاوەڕێ دەکەین بەهۆی وەرزی بەهار لەم جەژنەدا زیاتر لە 40 هەزار گەشتیار سەردانی سۆران بکەن."
 
هاوکات هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی بە رووداوی گوت، "ئامادەکاری تەواو کراوە، بۆ رەخساندنی کەشێکی ئارام و لەبار بۆ بەڕێوەچوونی جەژنی رەمەزان و پێشوازیکردن لە میوان و گەشتیاران، هەروەها پێشبینیی هاتنی ژمارەیەکی زۆری گەشتیار دەکەین بۆ سلێمانی و هەموو شوێنەکانی دیکەی کوردستان."
 
لە دهۆک ئاو و شیرینی بەسەر گەشتیاران دابەش دەکرێت
 
شەماڵ هرووری، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری دهۆک بە رووداوی گوت، "وەکو هەموو ساڵێک ئامادەکاری تەواو کراوە، چەند تیمێک لەسەر ئاستی پارێزگای دهۆک، چاودێری هەموو شوێنە گەشتیارەکان دەکەن، لە بازگەکان ئاو شیرینی، ئەلبووم و رێبەری گەشتیاری بەسەر گەشتیاران دابەش دەکرێت."
 
گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری دهۆک باسی لەوە کرد، "هۆشیاری بۆ پاراستنی ژینگە بڵاودەکەینەوە، لە ماوەی هەفتەیەکدا پێشبینی هاتنی زیاتر لە 15 هەزار گەشتیار دەکەین."
 
 
"90٪ـی گەشتیارانی زاخۆ خێزانین"
 
موشیر بەشیر، قایمقامی زاخۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە زاخۆ هەموو خواردنگە و میوانخانەکان ئامادەکراون، تیمی گەشتیاری چاودێری گەشتیاران دەکەن و هەموو رێکارێکی ئەمنی گیراوەتە بەر، زاخۆ شوێنکی گونجاوە بۆ خێزان و لە هەموو بۆنەیەکدا 90٪ـی گەشتیارەکان خێزانین."
 
وەکو قایمقامی زاخۆ دەڵێت، "چاوەڕێی هاتنی نزیکەی 50 هەزار گەشتیار دەکەن بۆ زاخۆ لە ماوەی هەفتەیەکدا."
 
ئەمین سەلیم، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری ئاکرێ بە رووداو دەڵێت، "هەموو خواردنگە و شوێنە گەشتیارییەکان کراونەتەوە و ئامادەکراون، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئاکرێ شوێنی مانەوەی نییە، ساڵانە لە 20 بۆ 25 هەزار گەشتیار تێپەڕناکات."
 
بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری ئاکرێ گوتیشی، "ئەو پلانەی لە رۆژانی نەورۆز بۆ هاتووچۆمان دانابوو، هەمان پلان بۆ جەژن دادەنێینەوە چونکە سەرکەوتوو بوو، 400 کۆمپانیای گەشتیاری رێککەوتنیان بۆ جەژن لەگەڵ شوێنە گەشتیارییەکانمان کردووە."
 
ئەمڕۆ، پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە هەولێر، رایگەیاند، "لیژنەی باڵای بینینی مانگ لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی کۆبووەوە، دوای هەماهەنگیکردن لەگەڵ لێژنە لاوەکییەکانمان لە سنووری پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان و بە پشتبەستن بە بەڵگە شەرعییەکان و شارەزایانی بواری فەلەکناسی، رایدەگەیێنین سبەی، یەکشەممە 30-3-2025 یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزانی پیرۆزە."
 

 

 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

مامۆستا  مەلا لوقمان ئەمینی، پێشنوێژی مزگەوتی چوار یاری نەبی لە شاری سنە

مەلایەکی سنە لە هەمەدان دەستبەسەر کرا

رۆژی دووشەممە، 21ی نیسانی 2025، مامۆستا مەلا لوقمان ئەمینی، پێشنوێژی مزگەوتی چوار یاری نەبی لە شاری سنە، دوای ئەوەی بانگهێشتی دادگەی تایبەتی مامۆستایانی ئایینی لە شاری هەمەدان کرا لەوێ دەستبەسەر کرا.