رووداو دیجیتاڵ
چوار سکاڵا لە دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق لە دژى درێژکردنەوەى تەمەنى پەرلەمانى کوردستان تۆمار کراون، بەڵام یەکێک لە سکاڵاکان لەلایەن دادگەکەوە رەتکراوەتەوە.
وریا سەعدى ئەحمەد، راوێژکارى یاسایی پەرلەمانى کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "چوار سکاڵا لەسەر سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان بۆ هەڵوەشاندنەوەى یاساى درێژکردنەوەى خولى پێنجەمى پەرلەمانى کوردستان لە دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق تۆمارکراون، کە سێ لەو سکاڵایانە لەلایەن هەریەک لە شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکى جوڵانەوەى نەوەى نوێ، سروە عەبدولواحید، سەرۆکى فراکسیۆنى ئەو جوڵانەوەیە لە پەرلەمانى عێراق و پەرمانتارێکى هەمان فراکسیۆن لە پەرلەمانى کوردستان بووە."
سەبارەت بە سکاڵای چوارەمیش، وریا سەعدى ئەحمەد گوتی: "سکاڵاى چوارەم لەلایەن یوسف محەممەد، سەرۆکى پێشووى پەرلەمانى کوردستانەوە پێشکێش بە دادگەى باڵاى فیدراڵى کرابوو کە داوایکردبوو بڕیارێکى وەڵائی (کاتى) دەربکرێت بۆ راگرتنى کارکردن بەو یاسایە، بەڵام سکاڵاکەى لەلایەن دادگەوە رەتکرایەوە و وەرنەگیرا."
ئەو سکاڵایەی د. یوسف محەممەد، بە ژمارە (248/فیدراڵی/2022) لە 07-11-2022 تۆمارکرابوو، بەڵام لە 21-11-2022 لەلایەن دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراقەوە رەتکراوەتەوە.
سەبارەت بە وادەی دانیشتنی دادگە لەبارەی سێ سکاڵاکەی دیکە، وریا سەعدى ئەحمەد گوتى، هێشتا وادەکەى دیاری نەکراوە.
رۆژی 9ى تشرینى یەکەمى 2022، بە زۆرینەى دەنگى ئەندامانى پەرلەمانى کوردستان، تەمەنى ئەم خولەى پەرلەمانى کوردستان تاوەکو کۆتایی ساڵی 2023 درێژکرایەوە.
دوای درێژکردنەوەی تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان، هەر پێنج پەرلەمانتارەکەی فراکسیۆنی یەکگرتوو و پەرلەمانتارێکی گۆڕان دەستیان لەکارکێشایەوە، ژمارەیەک پەرلەمانتاری ئۆپۆزیسیۆنیش بایکۆتی دانیشتنەکانی پەرلەمانیان کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ