وەزارەتی کارەبا: کارەبای هەرێمی کوردستان ناڕاستەوخۆ بە ئەوروپا دەبەستینەوە

28-07-2021
سەرباز سیامەند
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پرۆژەی ستراتیژیی بەستنەوەی کارەبای هەرێمی کوردستان لەگەڵ عێراق و تورکیا، لە قۆناخی کۆتاییدایە.
 
ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژ و بەڕێوەبەری گشتیی کۆنتڕۆڵی کارەبای هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "گرێدانی هەر سێ تۆڕی کارەبایەکە لە ئایندەدا سوود و قازانجی دوور مەودای هەیە، بەهۆی ئەوەی کارەبای تورکیا بە تۆڕی ئەوروپاوە بەستراوە، ئەمەش ناڕاستەوخۆ بەستنەوەی تۆڕی کارەبایە بە ئەوروپاوە، کارەکانی پڕۆژە ستراتیژییەکەش لە قۆناخی کۆتاییدایە."
 
ئومێد ئەحمەد گوتیشی: "ئەم جۆرە هێڵەی نێوان دوو ناوچە یان دوو وڵات کە توانای گواستنەوەی وزەی هەیە، واتە دەکرێت لە ئایندەدا بەپێچەوانەوە ئاڵوگۆڕی وزە بکات، رۆژێک بێت لە هەرێمی کوردستانەوە وزە بۆ دەرەوە بچێت."
 
بەپێی راگەیێندراوێکی وەزارەتی کارەبا، گرنگیی پرۆژەکە بۆ هەرێمی کوردستان لەوەدایە: "کێشەی دابەزينى ڤۆڵتیە و بارزۆری لەسەر تۆڕی کارەبای هەرێمی کوردستان چارەسەر دەکات. لە رێگەى ئەم هێڵەوە دەتوانرێت وزەی کارەبا لە تورکیاوە بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق بگوازرێتەوە و کۆنتڕۆڵی هێڵەکەش بەدەست وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستانەوە دەبێت."
 
پڕۆژەی هێڵی گواستنەوەی 400 KV نێوان هەرێمى كوردستان و عێراق و تورکیا، درێژییەکەی 17 کیلۆمەتره، توانای گواستنەوەی 1000 مێگاوات کارەبای هەیە، بڕیارە تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە تەواو بکرێت. ماوەی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە 45 رۆژە و بە تێچووى چوار ملیۆن و 500 هەزار دۆلار جێبەجێ دەکرێت.
 
هەوڵەکانی وەزارەتی کارەبا لە کاتێکدایە ئەمساڵ بەرهەمهێنانى کارەبا لە هەردوو بەنداوى دووکان و دەربەندیخان، بۆ کەمترین ئاست دابەزیوە، ئەوەش بە هۆکاری کەمبوونەوەى بڕى ئاوى نێو بەنداوەکان، ئەو رێژە نزمەى بەرهەمهێنان لە ساڵانى 1999 تاوەکو 2001 تۆمارکرابوو، کە ئەو کات وشکەساڵى بوو.
 
 
لە هەرێمى کوردستان، ملیۆن و نیوێک هاوبەشى کارەبا تۆمارکراون، 84% کارەبا لەلایەن کەرتى تایبەتەوە بەرهەمدەهێندرێت، 16% لەلایەن حکومەتەوە. ئامارەکانى وەزارەتى کارەبا دەریدەخەن 44% کارەبا بەفیڕۆدەچێت.
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دایکی منداڵەکان دەڵێت، نووسینگەی سەرۆک بارزانی کێشەکەی بۆ چارەسەر کردووە.

دوای راپۆرتێکی رووداو، سەرۆک بارزانی هاوکاریی ماڵباتێکی کۆبانی دەکات

عەبدولسەلام ئیبراهیم و بەشار مستەفا دوو هاونیشتمانیی رۆژئاوای کوردستان بوون و لە کەرکووک دەژیان، رۆژی شەممە دوای کارکردن، بۆ خەوتن دەچنە نێو خێوەتەکەیان و بەهۆی گازی سۆپاوە هەردووکیان گیانیان لەدەستدا.