رووداو دیجیتاڵ
خێرخوازێکی شاری بۆکان کەمپەینێک بۆ راگرتنی سزای لەسێدارەدانی بەندکراوێک رادەگەیەنێت.
ئەمڕۆ شەممە، 19ـی نیسانی 2025، سەیید حەسەن بۆکانی، خێرخوازی شاری بۆکان بە رووداوی راگەیاند: "بە مەبەستی کۆکردنەوەی پارە بۆ پژمان سوڵتانی، ئێوارە ئەمڕۆ کەمپەینێک رادەگەیێنین".
فەوزیە سوڵتانی، دایکی پژمان بە رووداوی راگەیاند، خێزانی ئەو کەسەی کوژراوە، رازی بوون بە 5 ملیار تمەن (نزیکەی 6 دەفتەر) لە پژمان خۆش بن و سزای لەسێدارەدانەکەی رابگرن.
پژمان تۆمەتی کوشتنی "بەئەنقەست"ـی ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکانی ئێرانی لە کاتی بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانی ساڵی 2022 دراوەتە پاڵ.
9ـی شوباتی 2025 لەلایەن لقی یەکی دادگەی تاوانەکانی تایبەت بە گەنجانی پارێزگای ورمێوە سزای لەسێدارەدان بۆ (پژمان سوڵتانی)ـی 32 ساڵ دەرکرا.
لەسەر دۆسیەکە، دوو کەسی دیکە یەکێکیان بەناوەکانی رزگار بەگزادە بابامیری 47 ساڵ، سزای 15 ساڵ زیندانی و سۆران قاسمی ناسراو بە عەلی 28 ساڵ، سزای 10 ساڵ زیندانیان بۆ بڕایەوە، ئەوەش بە "تاوان"ـی ئەوەی لە تاوانەکەدا بەشدار بوون.
تۆمەتبارێکی دیکە بە ناوی کاوە ساڵحی 42 ساڵ، بێتاوان دەرچوو.
پژمان سوڵتانی لە 15ـی نیسانی 2023 لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێران دەستبەسەرکرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ