رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی قەزای خانەقین دەڵێت، نزیکەی نیوەی بەنداوی ئەڵوەن قوڕ و لیتەیە.
ئەمڕۆ شەممە، 19ـی نیسان، جەواد فەیزوڵڵا، قایمقامی قەزای خانەقین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەهۆی زۆریی قوڕ و لیتە لە بەشی خوارەوەی، بەنداوی ئەڵوەن لە مەترسیدایە و داوامان لە حکومەت و پەرلەمانی عێراق کردووە بە زووترین کات هەوڵی چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە و پاککردنەوەی بەنداوەکە بدەن."
بە گوتەی جەواد فەیزوڵڵا، "لە کۆی 38 ملیۆن مەتر سێجای ئاوی بەنداوەکە، زیاتر لە 15 ملیۆن مەتر سێجای قوڕاوە. ئەو رێژەیە لە هەڵکشاندایە و پێویستە هەوڵ بدرێت زوو کێشەکە چارەسەر بکرێت".
وەک قایمقامی خانەقین دەڵێت، بەنیازن کۆڕنیشێک بەدرێژایی 650 مەتر لەنزیک بەنداوەکە دروست بکەن، "بەڵام هەوڵێک لە ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە هەیە کە کۆڕنیشەکە لای راستی بەنداوەکە دروست بکرێت و ئێمەش نامانەوێت بەو شێوەیە بێت و دەبێت بخرێتە لای چەپ، چونکە لای راستی بەنداوەکە ژمارەیەک گازینۆ هەن. ئەگەر کۆڕنیشەکە لەولایە دروست بکرێت، دەبێت گازینۆکان تێكبدرێن کە بژێوی نزیکەی 200 خێزانیان لەسەرە."
بەنداوی ئەڵوەن جگە لە دابینکردنی ئاوی خواردنەوەی خانەقین، 2554 دۆنم باخ و 30 ههزار دۆنم زهویی كشتوكاڵی و پێنج پڕۆژهی بهخێوكردنی ماسی لەسەرە.
سەرچاوەی ئاوی بەنداوی ئەڵوەن 90% پشت بەو ئاوە دەبەستێت کە لە رێژاو لە کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە سەرچاوە دەگرێت، 10%ـش پشت بە باران دەبەستێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ