رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری سنە دەڵێت: "پێویستە بەزووترین کات یاسای رێکخستنەوەی کۆڵبەری و چاودێریکردنی بازرگانیی سنوور جێبەجێ بکرێت".
ئەمڕۆ شەممە، 19ـی نیسانی 2025، ئارەش لهۆنی، پارێزگاری سنە لە کۆبوونەوەی لیژنەی ئابووری و وەبەرهێنانی پارێزگاکە رایگەیاند: "پێویستە ئەم ساڵ سەرنجی بەرپرسانی کەرتی ئابووریی پارێزگاکە لەسەر نەهێشتنی بێکاری لەڕێگەی پەرەپێدانی وەبەرهێنانی نێوخۆیی و دەرەکی و بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان بێت."
ئارەش لهۆنی گوتی: "کێشەی دامەزراندن و بێکاری بابەتێک نییە لە کورتخایەندا چارەسەر بکرێت و دەبێت وردە وردە و بە پلانێک دۆخەکە باشتر بکرێت."
بە گوتەی پارێزگاری سنە، خێرایی پێدانی مۆڵەتی وەبەرهێنان لە پارێزگاکەدا لە ئاستی پێویستدا نییە و هەربۆیە پێویستە کێشەکە بە زووترین کات چارەسەر بکرێت.
ئارەش لهۆنی جەختی لەسەر جێبەجێکردنی یاسای رێکخستنەوەی کۆڵبەری و بازرگانیی سنوور کردەوە کە بە فەرمی وەک 'یاسای رێکخستنەوە و چاودێریکردنی بازرگانیی سنوور' دەناسرێت و رایگەیاند، پێویستە بەشێوەیەکی خێرا کار بۆ دابینکردنی ژێرخانی پێویست بۆ جێبەجێکردنی ئەو یاسایە بکرێت.
لهۆنی دەڵێت: "بە سەرنجدان بەوەی کە ئەم یاسایە لە پێنج ساڵدا جێبەجێ دەکرێت، پێویستە لە کەمترین ماوەدا ئەو دەرفەتەی رەخساوە بەکاربهێندرێت."
پەرلەمانی ئێران لە کۆبوونەوەی رۆژی 22-12-2023یدا پڕۆژەیاسای "رێکخستنەوە و چاودێریکردنی بازرگانی لە سنوور" پەسند کرد.
بەپێی یاساکە، هاوردەکردنی کاڵا لە رێگەی کۆڵبەرییەوە بۆ پێنج ساڵ رێگەپێدراوە و لە ساڵی یەکەمی جێبەجێکردنیدا، کۆڵبەران لە باج و رسوماتی گومرگی دەبەخشرێن، دواتر هەر جۆرە هاوردەکردنی کاڵا لە لایەن کۆڵبەرانەوە بە پێی یاسا و رێسای ئێران دەبێت.
بە بڕیاری حکومەتی ئێران، چەند ناوچەیەکی سنووریی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ هاوردەکردنی کاڵا لەلایەن کۆڵبەرانەوە دەستنیشان کراون.
بڕیارەکە ناوچەکانی سەردەشت، میراوە و پیرانشار لە پارێزگای ورمێ؛ ناوچەکانی بانە، مەریوان، سەقز و سەوڵاوا لە پارێزگای سنە و ناوچەکانی جوانڕۆ، سەلاسی باوەجانی، پاوە و سەرپێلی زەهاو لە کرماشان دەگرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ