رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی راگەیێندراوێکی لەبارەی کوشتنی دوو مامۆستای زانکۆی سەلاحەدین بڵاوکردەوە دەڵێت، "بە تووندی سەرکۆنەی ئەم جۆرە دەستدرێژییانە دەکەین."
وەزارەتی خوێندنی باڵا لە راگەیێندراوەکەیدا نووسیویەتی، "یەکێک لە قوتابییەکانى بەشى یاسا بە چەک هێرش دەکاتە سەر حەرەمى زانکۆ و بەداخەوە لە ئەنجامدا د. کاوان ئیسماعیل، راگرى کۆلێژى یاساى زانکۆى سەلاحەدین و د. ئیدریس حەمەخان، مامۆستاى کۆلێژى ئەندازیاریى زانکۆى سەلاحەدین شەهید دەبن و یەکێک لە کارمەندەکانیش بریندار دەکات."
لە راگەیێندراوەکەیدا، وەزارەتی خوێندنی باڵا "بە تووندى سەرکۆنەی" کوشتنی دوو مامۆستاکەی کردووە و دەڵێت، "لەپێناو سەروەریى یاسا و پاراستنى حەرەمى زانکۆکان هەموو رێکارێکى یاسایی دەگرینەبەر، هیواشمان وایە هەموو مامۆستایان و خوێندکاران و کۆمیونیتیى ئەکادیمیى زانکۆکان پێکەوە هەماهەنگ بن بۆئەوەى بەرپرس بین و نەهێڵین ئەم دیاردە دزێوانە بپەڕنەوە ناو حەرەمى زانکۆکانمان و پەرەبسێنێت."
دەقی راگەیێندراوی وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى:
بەداخ و نیگەرانیەکەى زۆرەو سەرلەبەیانى ئەمڕۆ سێشەمە ڕێکەوتى (2022/6/28) لە ڕوداوێکى نەخوازراو و چاوەڕوان نەکراودا، لە کۆلێژى یاساى زانکۆى سەڵاحەدین – هەولێر، یەکێک لە قوتابیەکانى بەشى یاسا بە چەک هێرش دەکاتە سەر حەرەمى زانکۆ و بەداخەوە لە ئەنجامدا (د. کاوان ئیسماعیل) ڕاگرى کۆلێژى یاساى زانکۆى سەڵاحەدین و (د. ئیدریس حەمەخان) مامۆستاى کۆلێژى ئەندازیارى زانکۆى سەڵاحەدین شەهید دەبن و یەکێک لە کارمەندەکانیش بریندار دەکات.
بۆ ئەم ڕوداوە دڵتەزێنە، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پرسەو سەرەخۆشى ئاراستەى کەسوکارو خانەوادەى مامۆستایانى شەهید دەکات و هیواى چاکبونەوەى خێراش بۆ بریندارەکە دەخوازێت.
وەزارەتەکەمان لە کاتێکدا بە بەتوندى ئیدانەى ئەم جۆرە دەست درێژیانە دەکات، لەپێناو سەروەرى یاساو پاراستنى حەرەمى زانکۆکان هەمو ڕێکارێکى یاسایی دەگرینە بەر، هیواشمان وایە هەمو مامۆستایان و خوێندکاران و کۆمیونیتى ئەکادیمى زانکۆکان پێکەوە هەماهەنگ بن بۆ ئەوەى بەرپرس بین و نەهێڵین ئەم دیارەدە دزێوانە بپەڕنەوە ناو حەرەمى زانکۆکانمان و پەرەبسێنێت.
وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى
٢٨/حوزەیرانى/٢٠٢٢
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ