وەزیری ئاوەدانکردنەوە: داوامان کردووە قۆناخەکانی دووەم و سێیەمی رێگەی دووکان-چوارقوڕنە پێکەوە جێبەجێ بکرێن

20-04-2025
پەیمان محەممەد
 کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی وەزیری ئاوەدانکردنەوەی هەرێمی کوردستان
کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی وەزیری ئاوەدانکردنەوەی هەرێمی کوردستان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین بەردی بناخەی پرۆژەی قیرتاوکردنی رێگەی زورکان-خاڵی پشکنینی گومرگی سێوەیس دانرا؛ وەزیری ئاوەدانکردنەوە دەڵێت، تێچووەکەی 475 ملیۆن دینارە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 20-04-2025، دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێمی کوردستان بەردی بناخەی پرۆژەی قیرتاوکردنی رێگەی گوندی زورکان-خاڵی پشکنینی گومرگی سێوەیسی لە سنووری شارۆچکەی سەنگەسەر دانا و لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، ''درێژیی پرۆژەکە چوار کیلۆمەترە و 475 ملیۆن دیناری بۆ تەرخان کراوە.''
 
بەگوتەی دانا عەبدولکەریم، بەگشتی پڕۆژەکە سێ قۆناخە و ماوەی 150 رۆژ بۆ جێبەجێکردنی قۆناخی یەکەمی دیاریکراوە.
 
وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێمی کوردستان گوتی، هێشتا رەزامەندی لەسەر جێبەجێکردنی قۆناخەکانی دووەم و سێیەمی پڕۆژەکە نەدراوە، ''بەڵام لە تەمەنی کابینەی نۆیەمدا هەوڵ دەدەین رەزامەندییەکەی لە ئەنجوومەنی وەزیران وەربگرین، ئەگەر نا، کابینەی داهاتوو درێژە بە پڕۆژەکە دەدات و رەزامەندی بۆ وەردەگرێت.''
 
زۆر جار بەهۆی نەبوونی نەختینەوە جێبەجێکردنی پڕۆژەکان دوادەخرێن یان کارکردن تێیاندا دەوەستێت. دانا عەبدولکەریم لەو بارەیەوە گوتی: ''نەبوونی نەختینە بۆ وەرگرتنی پێشەکیی شایستە داراییەکانی بەڵێندەران گرفت دروست دەکات، ئەوەش دەبێتە هۆی وەستانی کار بۆ ماوەیەکی کاتی، بەڵام دواجار ئەو پڕۆژانە بڕیاریان لەسەر دراوە و لەگەڵ باشبوونی دۆخی دارایی هەرێمی کوردستان، دەکەونەوە بواری جێبەجێکردنەوە.''
 
وەزیری ئاوادانکردنەوە باسی رێگەی دووکان-چوارقوڕنەی کرد و گوتی، ''داواکاریمان پێشکێش بە سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران کردووە، بۆ ئەوەی قۆناخی دووەم و سێیەمی دووسایدی دووکان-چوارقوڕنە پێکەوە جێبەجێ بکرێن.''
 
رێگەی دووکان–چوارقوڕنە یەکێکە لە رێگە ستراتیژییەکانە کە بە سێ قۆناخ جێبەجێ دەکرێت، قۆناخی یەکەمی لە چوارقوڕنەوە تاوەکو پردی هیزۆپ، قۆناخی دووەم لە پردی هیزۆپەوە تاوەکو نزیکی خەلەکان، قۆناخی سێیەمیش لە خەلەکانەوە دەستپێدەکات تاوەکو دووکان کە 10 کیلۆمەترە.
 
بەگوتەی دانا عبدولکەریم، قۆناخی یەکەمی پڕۆژەکە زیاتر لە 95٪ـی تەواو بووە، قۆناخی دووەمی نزیکەی 45٪، بەڵام قۆناخی سێیەم هێشتا نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
 
وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن ئەوەشی خستەڕوو، ئێستا چاوەڕێی ئەوەن ئەنجوومەنی وەزیران لە رۆژانی داهاتوودا وەڵامی داواکارییەکەیان بداتەوە، بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی ''زۆر باش و خێرا'' دەست بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی دووسایدی دووکان-چوارقوڕنە بکرێتەوە.
 
بەهۆی وەستانی کارکردن لە دووسایدی رێگەی نێوان دووکان-چوارقوڕنە، لە دوو ساڵی رابردوودا چەند جارێک هاونیشتمانیان رێگەی نێوان سلێمانی و هەولێر و ئیدارەی راپەڕینیان بەڕووی بارهەڵگر و تانکەرەکاندا داخستووە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە