هەولێر دیجیتاڵ
کارەبای سلێمانی رایگەیاند، ئەمڕۆ چەند شوێنێکی پارێزگەکە کارەبایان نابێت و پڕۆژەیەکی گرنگیش لە سەیدسادق جێبەجێ دەکرێت. گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتییەکەیش دەڵێت: "ئەو شوێنانە تاوەکو ئێوارە کارەبایان نابێت."
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی رایگەیاند، "بەپەلە خەڵک و خاوەن کارگەکان ئاگادار دەکەینەوە، لە سنووری عەربەت، مەیدانی دارفرۆشان، گوندەکانی دەمرکان، یەخیماڵی و یەکماڵە، کە دەکەونە سەر فیدەری 90، بەهۆی جێبەجێکردنی کاری راکێشانی سیم و تەل، پڕۆژەی گۆڕینی بەشێک لە هێڵی 132 کەی ڤی هێڵی (دەربەندیخان - باشوور) و (دەربەندیخان - ئەزمەڕ) کارەبایان نابێت."
ئەمڕۆ یەکشەممە، 20ـی 4ـی 2025، سیروان محەممەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی کارەبای سلێمانی بە رووداوی گوت: "بڕانی کارەبای ئەو شوێنانە بەهۆی راکێشانی سیم و تەلە، تەنیا ئەمڕۆیە و تاوەکو ئێوارە کارەبایان نابێت؛ دواتر پێدانی کارەبا ئاسایی دەبێتەوە."
سیروان محەممەد، باسی لە پڕۆژەیەکی "گرنگ"ـی کارەبا کرد و گوتی: "لە قەزای سەیدسادقە، بودجەکەی لهسهر بودجهی وەبەرهێنان دەبێت و بڕەکەی زیاتر لە یەک ملیار دینارە".
بە گوتەی بەڕێوەبەری راگەیاندنی کارەبای سلێمانی، پڕۆژەكە بریتییە لە دەركردنی فیدەرێكی 33 كەی ڤی لە وێستگەی گۆڕینی كارەبای سەیدسادق، هاوکات لابردنی ئەو محەویلانەی لەسەر هێڵی 33 كەی ڤی سەیدسادق عەربەت دانرابوون، واتە ئەم فیدەرە نوێیە دەبێتە فیدەرێكی بازرگانی و پیشەسازی.
پڕۆژەکە لهلایهن كۆمپانیای ئەوین جێبهجێ دەكرێت و بڕیارە لە 180 رۆژدا تەواو بكرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ