رووداو دیجیتاڵ
دوای نزیکەی 10 مانگ لە دەستبەکاربوون لە پڕۆژەی ئاوی قەزای چەمچەماڵ، هیچ بڕە پارەیەک بۆ کۆمپانیای جێبەجێکار خەرج نەکراوە. بەڕێوەبەری ئاوی قەزاکە دەڵێت، "کێشەی کەمیی ئاو بەردەوامە و دابەشکردن دەگاتە 7 رۆژ جارێک."
زیاد جاندار، بەڕێوەبەری ئاوی قەزای چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "کۆمپانیای جێبەجێکاری پڕۆژەی ئاوی چەمچەماڵ – گۆپتەپە کارە سەرەکییەکانی راگرتووە، بەڵام وردەکاریی بچووک دەکات."
چاوەڕوان دەکرێت بە تەواوبوونی پڕۆژەکە، کێشەی زیاتر لە 10 ساڵ کەمئاویی چەمچەماڵ چارەسەر ببێت.
بەڕێوەبەری ئاوی چەمچەماڵ گوتی، "ئێستا لەم وەرزەشدا دابەشکردنی ئاومان زۆر کەمە، هەندێک گەڕەک 5 رۆژ جارێک ئاویان پێدەدرێت و گەڕەکیشمان هەیە 7 رۆژ جارێک ئاوی پێدەدرێت."
جاندار ئاماژەی بەوەش کرد، لە هاویندا دۆخیان زۆر خراپ دەبێت و دابەشکردنی ئاو دەگاتە 12 رۆژ جارێک.
پڕۆژەی ئاوی چەمچەماڵ – گۆپتەپە 26ی حوزەیرانی 2024 نووسراوی کارکردنی بۆ کراوە و لە 30ی حوزەیرانەوە کارکردن تێیدا دەستیپێکردووە، بڕیارە 26-06-2026 تەواو ببێت، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ کارەکانی نەگەیشتووەتە 7%.
بە گوتەی بەڕێوەبەری ئاوی چەمچەماڵ، "ئەو ئاوەی هەفتەی جارێک دەیدەینە خەڵک، زیان بە تەندروستیی مرۆڤ دەگەیێنێت، چونکە مانەوەی ئاو بۆ چەند رۆژێک لە تانکیدا خراپە و مادەی کلۆریشی تێدا نامێنێت."
ساڵی رابردووش لەگەڵ هاتنی وەرزی گەرمادا کێشەی کەمیی ئاو لە سنووری چەمچەماڵ دروستبوو، 10 بۆ 12 رۆژ جارێک ئاو دەدرایە ماڵان و چاوەڕوان دەکرێت ئەم ساڵ هەمان کێشە دووبارە ببێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ