رووداو دیجیتاڵ
تەرمی هونەرمەندی ناوداری کوردی کرماشانی و ژەنیاری سێ تار، ئیبراهیم سپێهری زەنگەنە، ئەمڕۆ لە بەشی ناودارانی گۆڕستانی شاری کرماشان بە بەشداری دەیان هونەرمەند و خەڵکی شارەکە بە خاک سپێردرا.
دوای تێپەربوونی سێ رۆژ بەسەر کۆچی دوایی ئیبراهیم سپێهری زەنگەنە، هونەرمەندی ژەنیاری سێ تار، ئەمڕۆ یەکشەممە، 20ـی نیسانی 2025، تەرمی ئەو هونەرمەندە کوردە لە تارانەوە گوێزرایەوە کرماشان و بە بەشداریی دەیان کەس لە هونەرمەندان و خەڵکی شارەکە، بە خاک سپێردرا.
هونەرمەند ئیبراهیم سپێهری زەنگەنە، رۆژی پێنجشەممە، 17ـی نیسانی 2025، بەهۆی نەخۆشییەوە لە تەمەنی 83 ساڵیدا لە نەخۆشخانەیەکی تارانی پایتەختی ئێران کۆچی دواییکرد.
رۆژی شەممە، 19ـی نیسانی 2025، لە تاران و لە بەرامبەر نەخۆشخانەی تاران رێورەسمی بەڕێکردنی تەرمەکە سازکرابوو.
ئەو هونەرمەندە لە 22-03-1942 لە شاری کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە، خوێندنی سەرەتایی لە کرماشان تەواو کردووە و خوێندنی ناوەندی، ئامادەیی و زانکۆی لە تاران بووە.
هەر لە سەرەتای منداڵییەوە حەزی لە میوزیک و بەتایبەت ئامێری سێ تار بووە و لە بەر دەستی کەیخەسرەو پوورنازری و عەلی ئەکبەرخان ئەعزەم زەنگەنە، دوو هونەرمەندی دیکەی کرماشان فێری ژەنینی ئەو ئامێرە بووە. دواتر بووەتە شاگردی مامۆستای گەورەی میوزیک، ئەحمەد عەبادی.
هونەرمەندی ناوداری کورد ئیبراهیم سپێهری زەنگەنە، چەندین کونسێرتی لە شارەکانی ئێران، ئەمریکا و ئەڵمانیا سازکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ