رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە ماوەی مانگێکدا 54 کەس بەهۆی خواردنی قارچکەوە ژەهراوی بوون، کە یەکێکیان گیانی لەدەستداوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 20ی نیسانی 2025 مەسعود قەلعە سفیدی، بەرپرسی فریاکەوتنی خێرای زانکۆی پزیشکیی کرماشان رایگەیاند، "لە ماوەی نێوان 21-03-2025 تاوەکو رۆژی 19-04-2025دا 54 کەس لە پارێزگاکە بەهۆی خواردنی قارچکەوە ژەهراوی بوون."
بەرپرسی فریاکەوتنی خێرای زانکۆی پزیشکیی کرماشان ئاماژەی بەوەش کرد، هەر لەو ماوەیەدا کەسێک بەو هۆیەوە گیانی لەدەستداوە و تەندروستیی کەسێکیش ناجێگیرە.
قەلعە سفیدی گوتیشی، "لەو 54 کەسەی ژەهراوی بوون، 30 کەسیان پیاو و 24 کەسەکەی دیکە ژن بوون."
ساڵانە سەرەڕای هۆشداریی پسپۆڕانی تەندروستی، خەڵکێکی زۆر بەهۆی خواردنی قارچک ژەهراوی دەبن و رەوانەی نەخۆشخانە دەکرێن.
بەگوێرەی راپۆرتێکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی فریاکەوتنی ئێران، کە رۆژی 8ی نیسانی 2025 بڵاوکراوەتەوە، لە هەفتەیەکدا 30 کەس بەهۆی خواردنی قارچکی شاخەکان، لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان ژەهراوی بوون.
سکچوون، سکئێشە، تا، رشانەوە، وشکبوونەوەی دەم و سەرئێشە، بەشێک لە نیشانەکانی ژەهراویبوونن بە قارچک، تەنانەت هەندێک کات کاریگەریی ژەهراویبوونەکە دەگاتە ئاستی گیانلەدەستدان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ