سەلاحەدین بەهائەدین: پێویستە هەسەدەش پێشوازی لە پەیامەکەی ئۆجەلان بکات

28-02-2025
رووداو @Rudawkurdish
سەلاحەدین بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو
سەلاحەدین بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو
نیشانەکردن کۆڕبەندی هەولێر2025
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

سەلاحەدین بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان دەڵێت: "بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان پێویستە پەکەکە، پەیەدە و هەسەدە پێشوازی لە پەیامەکەی ئۆجەلان بکەن و چەک دابنێن."

 

رۆژی هەینی، 28-02-2025، سەلاحەدین بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە سێیەم کۆڕبەندی هەولێر بەشداربوو و لە پانێلێکدا لەبارەی چەندین پرسی نێوخۆیی و ناوچەکە پرسیاری لێکرا. 
 
سەڵاحەدین بەهائەدین لەبارەی بانگەوازەکەی ئۆجەلان و چەکدانانی پەکەکە باسی لەوە کرد، "چەکدانان بە مانانی خۆبەدەستەوەدانی پەکەکە نایەت و ئەوەی لە سۆشیال میدیا لەلایەن ناحەزانەوە باسدەکرێت، هەڵەیە." گوتیشی "دەبێت قەندیل بزانێت ئەمە هەنگاوێکی نوێیە، چەکدانان بەمانای تەسلیمبوون نایەت. ئەگەر وابیر بکرێتەوە، چەکدانانی پەکەکە تەسلیمبوونە، بۆ سوپای تورکیاش بەهەمان شێوەیە." 
 
ئەمینداری یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لەبارەی دەستپێشخەرییەکەی دەولەت باخچەلی لەبارەی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا ئاماژەی بەوەدا، "چاوەڕواننەکراو بووە و پێویستە کورد هەموو مافێکی هاووڵاتییبوونی هەبێت، هەموو لایەک پێشوازی لە پرۆسەی ئاشتی بکەن."
 
ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو لەبارەی رۆڵگێڕانی هەرێمی کوردستان لە پرسی ئاشتیی تورکیا باسی لەوە کرد، وەکو یەکگرتوو و هەرێمی کوردستان رۆڵیان گێڕاوە و ئامادەی رۆڵگێڕانیشن. گوتیشی، "هەر کاتێک نێوماڵی کوردی یەکبووبێت، دەستکەوتی باش هەبووە. 
 
سەڵاحەدین بەهائەدین لەبارەی پرسە نێوخۆییەکانیش پرسیاسی لێکرا و لەبارەی بەشداریکردنیان لە کابینەی داهاتوو باسی لەوە کرد، کە بڕیاری خۆیان نەگۆڕیوە  و "بەشداری لە کابینەی نوێ ناکەین."
 
لەبارەی پەیوەندیی نێوان لایەنە ئیسلامی و عیلمانییەکانی کوردستانیش، سەڵاحەدین بەهائەدین ئاماژەی بەوە دا، "نابێت رێگە بدرێت کێشە لەنێوان عیلمانی و ئیسلامی کوردستان هەبێت
 
دەقی گفتوگۆی بێستوون عوسمان و سەڵاحەدین محەممەد بەهائەدین:
 
رووداو: ئەم نیوەڕۆیە لە کوێ نوێژی هەینیتان کرد و گوتارەکەی باسی چی کرد، مامۆستا؟
 
سەلاحەدین بەهائەدین: بەناوی خوای بەخشندە و میهرەبان. سەرەتا سوپاس بۆ جەنابتان، بۆ رووداو، بۆ بەڕێزان و ئامادەبووان، هەینی پیرۆز بێت لە هەموو لایەک. رەمەزانیش پیرۆز بێت، ئینشائەڵڵا سەرەتایەکی خێر بێت. 
لە مزگەوتی دایک لە گوندی ئیتاڵیی دوو نوێژی هەینیمان کرد، باسی خۆئامادەکردن بوو بەرەو رەمەزان و باسی تۆبە بوو، بۆ من و تۆ باشە.
 
رووداو: بۆ من هەر زۆر باشە، بەڵام بۆ جەنابت بۆچی باشە نازانم.
 
سەلاحەدین بەهائەدین: ئێمەش چونکە لە خۆمان رازین و وا دەزانین بە هەندێک شت تەواو دەبێت؛ بۆ ئێمەش تۆبە هەر پێویستە. هەموومان پێویستمان بە تۆبە هەیە. باسی تۆبەی کرد و باسی رەحمی خودا.
 
رووداو: ئامادەن بۆ رەمەزان ئینشائەڵڵا؟
 
سەلاحەدین بەهائەدین: بەڵێ، ئینشائەڵڵا.
 
رووداو: ئامادەن بۆ ئەو گۆڕانکارییەی لە باکووری کوردستان و تورکیا روودەدات؟ دوێنێ راگەیێندراوەکەی ئێوەم بینی. یەکەم پرسیار ئەوەیە کە ئێوە چی رۆڵێکتان هەبوو بۆ زەوینەسازیی پڕۆسەکە؟ دووەم، لەمەودوا دەتوانن چی رۆڵێک بگێڕن؟
 
سەلاحەدین بەهائەدین: بێگومان ئەوە رووداوێکی گرنگ بوو، بەڵام ئەگەر لە پرسیارەکەتەوە دەستپێبکەین، ئێمە لە ساڵانی نەوەدەوە (1990) کە هاتووچۆی تورکیا دەکەین و نێوانمان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان بەتایبەتی پارتی رەفا و دواتر ئاکپارتی خۆش بووە، لەگەڵ بەرپرسەکانیشیان، چونکە ئەوان لە حکومەتن، هەمووکات جەختمان لەوە کردووەتەوە. پرسێکمان هەیە لە هەرێمی کوردستان، شارەزاین لە پرسی خەباتی نەتەوەیی و ئەنجامەکانی و رۆڵی چەک و شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ چەکدار.
 
بۆیە هەموو کات جەختمان لەوە کردووەتەوە کە چەکهەڵگرتن بۆ پرسێک، بۆ بنەمایەک و بۆ دۆزێکی رەوا، ئەگەر پێویست نەبێت، نابێت لەوێوە دەستپێبکات، بەتایبەتی لەم کاتەدا. بۆیە سەرەتا دەستپێکردنەکەی سەلامەت نییە کە لە کۆتاییشدا هەروا سەلامەت بێت. بێگومان کەس جبەخانەی نییە و چەک لە شوێنێکەوە دەهێنرێت. 
 
ئەوەی چەک دەدات، بێگومان داواکاریشی هەیە، لە ئەنجامدا ئەگەر سوپایەک، دەوڵەتێک بیەوێت چەکدارەکان، بەتایبەتی ئەوانەی پاساوی نەتەوەییان هەیە، مومکین نییە بە چەک چارەسەر بکرێت، ئیدی ناوی لێ دەنێت تیرۆر، چەتە، ئەوانە هەموو شوبهاندنن (تەسمییە) هەموو وەسفن. وەسفە بە ویستی قسەکەرەکە. دەگونجێت هەندێکی وا بێت و هەندێکیشی وا نەبێت، بەڵام گرنگ ئەوەیە کە پرسی ئاشتی بنەمایە و بنەڕەتی هەموو بنیاتنانێک لە کەشی ئاشتیدا دروست دەبێت.
 
 کاتی خۆی شتێکی یەکێک لەم بەرپرسانەی خۆمان، بەرپرسە سیاسییەکان لەبیرمە کە جوان بوو، واتە لایەنێکی جوان بوو، کە باسی ئەوەی کرد کە ئێمە تەقاندنەوەی پرد و رووخاندنی باڵەخانەکانی دەوڵەت و شکاندنی بۆریی ئاو و ئەو شتانە، ئەمە چالاکی بوو، ئەمە خەبات بوو، ئەوە بێگومان کاریگەری هەیە لەسەر سەقافەی بکەرەکان و سەقافەی میللەتەکەش کە لەوێ دەژین. بێگومان ئەوانەش هاوڕێیەکانی چەکدارین. یان بێتاقەتکردنە و وا دەکەیت کە بەرامبەرەکەت بێت بە دەم  هاوارەکەتەوە، بەڵام لە ئەنجامدا نابێت ببێتە سەقافە. یەکێک لە کێشەی دەسەڵاتداری خۆمان لەم هەرێمە دوای 30 ساڵیش ئاسەواری ئەو حاڵەتە ماوە، رۆژێک گەیشتە قایمی، وا دەزانن تێکدانیش بەشێکە لە خەبات. بۆ کەشە سەرەتاییەکە رەنگە ناچاری بێت بۆ خۆ فەرزکردن، بەڵام دوایی دەبێتە بەڵا، دوایی ببێتە کولتوور زۆر خراپە. بۆیە ئێمە ئەمانەمان تەنانەت لە راگەیاندنی تورکیاش چاوپێکەوتنم کردووە و لە نەوەدەکانەوە ئەو بابەتەم باس کردووە. لەگەڵ بەرپرسانیش بەردەوام جەختم لەوە کردووەتەوە کە مەسەلەی کورد وەکو میللەتێک لەگەڵ مەسەلەی چەکدارەکان کە داوای مافی کورد دەکەن، ئیتر تۆ بڕوایان پێ ناکەیت یان یەکی دیکە دەڵێت وا نییە یان وایە، دوو شتی جیان. نابێت ئەو بە ئەوەوە بسووتێت.
 
کورد میللەتێکی گەورەی ئەم ناوچەیەیە، دۆخێک بەسەریدا هاتووە، بەم شێوەیە دابەشکراوە، ئێستا لەگەڵ دەوڵەتەکەی خۆیدا پێویستە مافی هاووڵاتیبوونی هەبێت، هەموو مافەکان و خۆشیان داوای شتێک بکەن یان جۆری شتەکەیان چی بێت، ئەوە باسێکی دیکەیە. ئەوە باسی مێژووم کرد، بەڵام لەوەی دواییدا بێگومان ماوەیەکە، سەرسوڕمان دروست دەبێت، ئەوەی سووریا، ئەوەی غەززە و  ئەوانە هەموویان بەشێکن لە سەرسوڕمان. لەوە دەچێت یان شتەکە لە کۆنترۆڵ دەرچووبێت یان ئەوەش پلانێک بێت کە گۆڕانکاری لە ناوچەکە بە سەرسوڕمانێکی سیاسی (موفاجئە)، سەربازی دروست ببێت. ئێمە هەستمان کرد کە ئەم گۆڕانکارییە لە سووریا بە تایبەتی کە دەستیپێکرد، لە غەززەش کە پێشتر دەستیپێکردبوو، شتێکی بەدەستەوەیە، ئەمە باهۆزێکە کە (دیار نییە) سەری لە کوێوە دەردەچێت. ئەمەی کە بەڕێز باخچەلی باسی کرد، شتێکی زۆر کتوپڕ بوو و چاوەڕوانکراو نەبوو. ئەوەی کە پڕۆسەکە دەچێتە پێشەوە و بەڕێزانی دەم پارتی دەچن بۆ ئیمرالی و دێنەوە و قسە دەگێڕنەوە و دەچن بۆ لای حیزبەکان، جاران وا نەبوو، داخراوییەک بوو جاران، لەسەر وێنەیەکی ئۆجەلان خەڵکیان سزای تووند دەدا. چەندین جار شتی وامان بیستووە و بینیوە، ئەم گۆڕانە شتێکی گرنگە بۆ هەموو لایەک. بۆ خۆیان کە هەنگاو بۆ ئەمە بنێن گرنگە و دەبێ دەستخۆشییان لێبکەین، بۆ بەرامبەرەکەش وەک میللەت وەکو چەکدارەکان کە خەباتی نەتەوەیی دەکەن، دەبێت بە دەرفەتی بزانین و دەبێت بچین بە پێشوازییەوە، لەم خاڵەدا ئێمە ئەوە پێمان کرابێت، راوێژیان پێکردبین قسەی خێرمان لێکردووە و ویستوومانە پەیام بە لایەنەکان بگەیێنین.
 
رووداو: قسەی خێرتان تەنیا بۆ تورکیا کردووە یان بۆ پەکەکەش؟ 
 
سەلاحەدین بەهائەدین: بۆ هەموویان. 
 
رووداو: ئێستا دەتوانن چی رۆڵێک بگێڕن؟
 
سەلاحەدین بەهائەدین: پێم وایە باسی چەکدانان، بە واتای خۆبەدەستەوەدان نییە، ئەوەندەی پەکەکە وەسفی خۆبەدەستەوەدانی بەسەردا دەسەپێت، دەوڵەتی تورکیاش دوو هێندەی بەسەردا دەسەپێت، چونکە خۆ ئەو نیازی نەبووە چەکدارێک بمێنێت یان دانوستاندن بکات، مامەڵەی تیرۆریستی کردووە. کەواتە ئەو دەنگۆیە کە لەنێو سۆشیاڵ میدیا هەندێک ناحەزانی پڕۆسەکە دەڵێن ئەمە خۆبەدەستەوەدانە، یان هەندێک شتی بچووک تێکەڵ دەکەن لەگەڵ ئەم بابەتە ستراتیژییە گەورەیە، هەڵەیە. دەبێت قەندیلییەکان جوان بزانن کە ئەمە هەنگاوێکی نوێیە. دامەزرێنەر و رابەری راستەقینەی ئەم بزووتنەوەیە بەڕێز ئۆجەلان بووە. ئۆجەلان کەسایەتییەکی سیاسی-فیکرییە و تاوەکو نەگەیشتبێتە قەناعەتێک کە ئەم مەسەلەیە بەو ئاراستەوە بڕوات باشە، پێشنیازی وەها ناکات. بێگومان پەکەکە دەبێت لە هەموومان پێداگرتر بێت بۆ ئەوەی قسەی ئۆجەلان نەشکێت، دەکرێت بڵێت چۆنیەتی و رێکار و شێوازی (چۆن دەبێت)، بێگومان ئەوەش کاتی دەوێت، بەڵام پێویستە. چاوەڕوان دەکەم کە وەڵامیان ئەرێنی بێت و پێشوازی لە پەیامەکە بکەن. بێگومان بۆ پیادەکردن و سەرپێخستنی کارەکە، کات پێویستە و نیازی خێری هەموو لایەکی دەوێت؛ ئاڵۆزی دروست نەکەین لەسەر پڕۆسەکە، ئەمە سیاسەتە، تێگەیشتنە، هاوکێشەکانن، ناوچەکە هەمووی ئاڵۆزە و هەڕەشەی زۆر و گەورە هەیە، ئەمانەش بە لەبەرچاوگرتنی ئەوە هاتوونەتە سەر ئەم بڕیارە، دەسەڵاتی تورکیا هاتووەتە سەر ئەم بڕیارە کە چارەسەری ئەم بابەتە بکەن لە رێگەی ئاشتییەوە، کەواتە دەرفەتی هەیە. ئەوە شتێکی زۆر گرنگە .
 
رووداو: وەکو کوردستان و عێراق دەتوانین رۆڵ ببینین؟
 
سەلاحەدین بەهائەدین: بێگومان دەتوانین. ئێمە ئامادەین، ئامادەش بووین و ئامادەشین و بە ئینسافەوە بڵێم، دەسەڵاتی کوردیش ئامادەیە بۆ ئەو بابەتە لە کوردستان. هەرێمی کوردستان، دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان بە هەمان عەقڵ و سەلیقە و بنەماوە لەگەڵ پەیامی نەتەوەیی خۆمانە کە لەگەڵ ئەم پڕۆسەیە بین، پشتیوانی لێبکەین و هەرچی ئاسانکاریی پێویستە، بکرێت. ئەگەر گەیشتە کاتی چەکدانان، چەکدانان جیایە و چەکپێدانان جیایە. پێم وایە چەکدانان پڕۆسەیەکی کەسییە، قەناعەتە، هاوکێشەکانە و ئەنجامەکەی دەگاتە ئەوە. چەکپێدانان زۆرەملێیە و لە لایەنێکەوە بۆ لایەنێکی دیکە دەکرێت، ئەوە لەئارادا نییە.
 
رووداو: ئەم هاوکێشەیەی کە لە بانگەوازەکەی ئۆجەلاندا هەیە یەپەگە و پەیەدەش دەگرێتەوە؟ مەزڵووم عەبدی گوتی ئێمە ناگرێتەوە و بڕیار نییە چەک دابنێین.
 
سەلاحەدین بەهائەدین: خۆی بەڕێز ئۆجەلان هی هەموو لایەکە، بەتایبەتی رۆژئاوا، باکوور، قەندیل و قامشلۆ وەکو یەک وێنەیان هەڵدەواسی و لەسەر وێنەکەی شەقیان خواردووە و ئازاریان چێشتووە. لەوانەیە ئێمە وەکو هێزێکی سیاسیی دیکە بەپێی جیاوازیی ئایدیۆلۆژیایی، وەکو کەسایەتییەکی سیاسی سەیرمان کردبێت، بەڵام ئەوان وەک دامەزرێنەر، کاریزما و رێبەر چاوی لێدەکەن. من رێزم هەیە بۆ کاک مەزڵووم، چونکە پیاوێکی خەباتگێڕ و عاقڵیشە، پێم وایە ئەگەر وای گوتبێت، نەیگوتبووایە باشتر بوو. دەیەوێت وەڵامی ئەو چەقبەستوویی و گۆشەگیرییەی کە پێشهاتووە لەم چەند رۆژانەدا کە کۆنگرەیەکی گفتوگۆ و ئەوانە (لە دیمەشق) کراوە و ئەوان نەچووبوون، ئەوە بە ئاراستەیەکی باش نەچووە ئەوەی سووریا. جیاکردنەوەی رۆژئاوا لە کێشەکە بەگشتی کردەیی نییە، بەڵام زوو، کەم و ئاستەکانیان جیاوازە. پرسی سووریا لە سووریا چارەسەر دەبێت و تورکیاش لەوێ کاریگەرە، بەشێک لە خاکەکەی داگیرکردووە، ئەگەر بتەوێت پڕۆسەی ئاشتی سەربگرێت لە باکوور دەبێت؛ [پێویست بوو] ئەگەر رۆژئاواشی تێدا نەبووایە، خۆی پێیەوە زیاد بکردبووایە و گوتبای ئێمە ئەم چەکەمان بۆ خزمەتی پرسێک هەڵگرتووە و ئێستاش دۆخی سووریا گۆڕاوە...
 
رووداو: واتا جەنابت لەگەڵ ئەوەی کە پەیەدە و یەپەگەش وەڵامیان هەبێت بۆ پەیامەکەی ئۆجەلان و چەک دابنێن؟
 
 
سەلاحەدین بەهائەدین: بێگومان. قبووڵی بکەن، پەیامەکە پێشوازی لێبکەن، لە وردەکاریی رێکارەکانیشدا ئەوە باسێکی دیکەیە، ئەوە گفتوگۆ و دانوستاندنی دەوێت.
 
رووداو: لە هەمانکاتدا گفتوگۆ لەنێوان هەسەدە و شام هەیە بۆ تێکەڵکردنی هێزەکانیان.
 
سەلاحەدین بەهائەدین: بەڵێ، ئەمە شێوازی چارەسەرکردنی کێشەکەیە. ئێستا کاک مەزڵووم و بەرپرسانی خۆسەری رۆژئاوا دەبێت لەوە تێبگەن کە چی روویداوە، دەبێت لەوە تێبگەن کە ئێستا کاتی ئەوە نییە باسی ماڵجیایی بکەن لە سووریا، بەڵام دەکرێت تایبەتمەندیی کوردستان یان ناوچەی ئەوان پارێزراو بێت و هەڕەشە نەبێت لەسەر سووریا و لە هەمانکاتدا هەڕەشەش نەبێت لەسەر پڕۆسەی ئاشتی، چونکە ئەوان لەم ئاشتییەدا گرنگن، لەگەڵ تورکیا پەیوەندییان هەیە و کاریان بە یەکدی هەیە. سنووریان پێکەوە هەیە، پرس هەیە لەنێوانیان. دەبێت ئارامکردنەوە بنەما بێت و مەترسییەکان لە یەکدی کەم بکەینەوە.
 
رووداو: بەڵام پارتەکانی تورکیا داوای خۆهەڵوەشاندنەوەیان لێدەکەن، ئەوەش پەیەدە و یەپەگە دەگرێتەوە؟
 
سەلاحەدین بەهائەدین: ئەوەش دەستپێشخەرییەکی زیادە و نەرێنییە، واتە نەدەبوو، چونکە وردەکاری دەبێت خزمەتی پڕۆسەکە بکات، خزمەتی بنەمایەکە بکات، وردەکاریی زیادە هەڵەیە. بە رای من هەڵەیە، چونکە ئەگەر تۆ ئەوەت دەوێت (چەکدانانی یەپەگە)، ئەوەی بۆ چییە، ئەم هەموو هەوڵدانەی بۆ چییە، ئەم هەموو هاتووچۆ؛ دیارە یان دیدگات روون نییە، یان ئاگاداری بابەتەکە نیت. پێویستە ئێمە  کەشەکە ئارام بکەینەوە. مرۆڤ وا دروست بووە بە تاکە کەسێکیش بڵێیت چەکەکەت دابنێ یان کەشێک دروست بکەیت کە پێویستی بە چەکەکەی نەبێت، جیاوازی زۆرە.
 
رووداو: هەست دەکەم پۆلێک سەرکردەی سوننە وەک ئیسماعیل هەنییە و یەحیا سینوار خۆیان بە کوشت دا بۆ ئەوەی هیلالی شیعی نەمێنێت، ئێوەش وای دەبینن؟
 
سەلاحەدین بەهائەدین: واتە خوێندنەوەی تۆیە. من وای نابینم، من پێم وایە ئەوەی کە زلهێزەکان بەتایبەتی ئەمریکا، رووسیا و ئەورووپا کار دەکەن لەسەری هەموو پەتەکان (کارت)، یەکێکیان بابەتی شیعە و سوننەیە، لەوانەیە لە قۆناخێکدا حەزیان کردبێت شیعە بێننە پێشەوە، بەتایبەتی دوای 11ـی سێپتەمبەر و ئەوانە، شەپۆلێکی ترس لە سوننە دروست بوو و بەرە بەرە گەیشتە هەندێک هەنگاوی دیکە لە عێراق و  لە شوێنی دیکەدا ئاسەواری دیار بوو، لەوانەیە لە قۆناخێکی دیکەدا ئێستا رایان گۆڕیبێت بە شێوەیەکی دیکە؛ دەکرێت ئەمە لە جیهانی سیاسەتدا مامەڵەکردن لەگەڵ بەرژەوەندی، پاراستنی بەرژەوەندی و ئاڵوگۆڕکردنی دۆست و دوژمنان سەیر نییە و دەکرێت. بەڵام لە هەموو حاڵەتەکاندا بەردەوام دەسەڵات لای لایەنێک نامێنێتەوە، دەرفەتی دەدرێتێ، چەندە توانی ئیدارەی حاڵی خۆی بکات، ئیدارەی پەیوەندییەکانی بکات لەگەڵ بڕیاربەدەستان، تەمەنی درێژتر دەبێت.
 
 
رووداو: سەردەمی هەژموونی شیعە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کۆتاییهات و سەردەمی نوێ دەستپێدەکات؟
 
سەلاحەدین بەهائەدین: ئێستا بەلایەنی کەمەوە جۆرێک لە کشانەوە دیارە، بەڵام ئەوە بە مانای تەواوبوون نییە.
 
رووداو: ئەم کشانەوەیە دەگاتە بەغدا؟
 
سەلاحەدین بەهائەدین: بەغدا بەدەر نییە لە شەپۆلەکە، بۆیە کەوتوونەتە خۆیان و ئیش لەسەر ئەوە دەکەن. سەلیقەی سیاسی بۆ ئەو رووداوانە گرنگە، بەتایبەتی ئەگەر رووداوەکان زاڵبن بەسەر مەیدانەکەدا. بەوپێیەی عێراقیش سیاجی ئەمنیی ئێرانە، ئێران ئەساسەکەیەتی، بۆیە بێگومان رێنمایی دەدەنە لایەنگرانیان کە ژیرانەتر مامەڵە لەگەڵ پێشهاتەکان بکەن و بیانوو نەدەن بە دەستەوە، بێدەنگی لە لوبنان و ئاڵوگۆڕی فیکر لە عێراق دیارە.
 
رووداو: بەیرووت و دیمەشق وەک هاوپەیمانی تاران بەو سیفەتەیەیان کەوتن، بەغداش بەهەمان شێوە بەو سیفەتە دەکەوێت؟
 
سەلاحەدین بەهائەدین: بەغدا تایبەتمەندی هەیە، چونکە لە 2003ەوە پرۆسەی ئاڵوگۆڕی حوکمی تێدابووە، ئەمریکا و وڵاتانی هاوپەیمان بەشداربوون لەو پرۆسەیە، دەستوورێک دانراوە، بۆیە هەندێک شت هەن تاوەکو ئەو ئامرازانە کۆتاییان نەیەت، دەست نابەن بۆ شتی دیکە  ئەگەر گۆڕانکاری سەربگرێ لە هەڵبژاردندا، شتی جیاوازتر دەبینین.کەواتە دوای ئەم باهۆزە دەبێت کەسایەتییە دیارەکان خۆیان بکشێننەوە لە پرۆسەی سیاسی. هەندێک لە رموزەکانی سوننە دێنەپێش، دەبێت کورد نێوماڵی خۆی رێکبخاتەوە بۆ ئەوەی بوونی لە بەغدا سرووشتی بێت.
 
رووداو: لە جیهانی شیعەدا، کاتێك کە باسی هەژموونی شیعە دەکرێت، یەک مەرجەع هەیە کە ئێرانە سەرکردایەتی دەکات، جارێکی دیکە بەهێزبوونەوەی تەوژمی سوننە کێ سەرکردایەتی دەکات؟
 
سەلاحەدین بەهائەدین: سوننەکان مەرجەعیان نییە، سوننەکان سوننیگەری ناکەن و بەسەر سوننیبوونەوە دەخۆن، ئەوەش وایکردووە کە ئەمنی ئیسرائیل لەسەروو هەموو شتێکەوە سەربگرێت. سوننەکان یەکناگرن و هەریەکە و لەپاڵ دەوڵەتێکدان، سوننە مەزهەبگەرایی کارنەکەن، شیعە ئەوەیان دەکرد.
 
رووداو: تورکیا دەتوانێت رۆڵی ئەو سەرکردایەتییە ببینێت؟
 
سەلاحەدین بەهائەدین: تورکیا دەوڵەتێکی مێژووییە و رابردوویەکی 600 ساڵەی هەیە، رابەرێکی بە هیممەتیشی هەیە، ئیدی خەڵک قبووڵییەتی یان نا ئەوە شتێکی دیکەیە، بەڵام کەسایەتییەکی کاریزمایی هەیە، بەڕێز ئەردۆغان کەسێکی گرنگە. بەڵام ئەویش کێشەی نێوخۆیی هەیە، یەک قسەیی و یەکدەنگی کەمە، بەڵام ئەمنی ئیسرائیل یەکێکە لە بنەماکانی پەیوەندی ئەورووپا و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، واتە لەکۆتاییدا هەر پەیوەندییەک هەبێت یەکێک لە خاڵەکانی ئەوە دەبێت.
 
رووداو: کشانەوەی ئێران لە ناوچەکە زیاتر لەوەی هەژموونێکی سوننی گەرایی دروستبکات، بەپێچەوانەوە، مەیدانەکە بۆ ئیسرائیل بەجێدەهێڵێت.

 

سەلاحەدین بەهائەدین: ئیسرائیل، بە واتای دۆستەکانی ئەمریکا و رۆژئاوا، ئیسرائیل وەک بڤە وایە، بەڵام لەگەڵ دۆستەکاندا نزیکییەک دروست دەکرێت بۆ ئەوەی سەقامگیری لە ناوچەکە دروست بکرێت. هەروەها هێنانەوەی بەشێک لە سوننییەکان کە مەزهەبگەرایی ناکەن، دەکرێت جۆرێک لە سەقامگیری دروست بکات، ئەگەرچی کاتیش بێت.
 
رووداو: تایبەت بە سووریا، هێزێکی ئیسلامی سوننە هەیە، لە مەنهەجی ئێوە دوورن، بەڵام سیاسی سوننین.
 
سەلاحەدین بەهائەدین: لە 1979 کە شۆڕشی ئێران دروستبوو، شۆڕشی ئەفغانستانیش دروستبوو، پاکستان و سعودییە بە فەرمانی ئەمریکا پشتیوانیان لەو شۆڕشەکرد، دوایی کە ئیشەکە تۆزێک پێشڤەچوونی بینی رووسەکان شکستیان هێنا، ئەوانەیان هەموو راماڵی و دواتر تاڵیبانیان هێنا، دوای ماوەیەک حوکمی ئەوانیش، کێشە دروستبوو و لادران، دوایی دیسان دوای ساڵانێک شەڕ دیسانەوە تاڵیبانیان هێنایەوە، ئیدی ئەمە باسی سیاسەتە کە وەڵامی زۆر شتی دیکەش دەداتەوە. ئێستا لێکتێگەیشتن کراوە و دۆخەکە گۆڕاوە، هەمان شت ئێستا لە سووریا روودەدات، ئەوانەی ئێستا حوکمی سووریا دەکەن، پێشتر ئایدیای دیکەیان هەبوو، بەڵام جۆرێک لە لێکتێگەیشتن دروستبووە، دۆخەکە ئاڵوگۆڕی بەسەرداهات. رووسیا لە شەڕی ئۆکراینا بێتاقەت کرا و دواتر ئەمەی سووریاشی بەسەرداهات، حەزی کرد بە مامەڵەیەک بەجێی بهێڵێت، ئێران دوای لوبنان و ئەوانە سووریا بوو بە بارێک بەسەرییەوە و ئەسەد بە قسەی کەسی نەئەکرد، بۆیە ئەوانیش بەجێیان هێشت، ئەمانە سوننین بەڵام ئایا تا چەند دەتوانن مەزهەبگەرایی بکەن لەوێ؟ جووڵەی مەزهەبگەرایی لەناو سوننەدا لاوازە.
 
رووداو: بەڵام شانسێکە بەنسبەت کوردەوە کە بتوانرێت بەکاربهێندرێت، بەبۆنەی کەسایەتی و حیزبی سیاسی وەک بەڕێزتان، چونکە ئێوە دەتوانن زمانێکی هاوبەش دروستبکەن لەگەڵ ئەحمەد شەرع و هاوڕێکانی. پێت وایە بتوانن ئێوە ئەو زمانە خێرە بەکاربهێنن؟
 
سەلاحەدین بەهائەدین: تۆ جارێ خزمەکانی خۆمان با نەترسن. حیزبەکانی خۆمان با نەترسن لەوەی ئیسلامی رۆژیان نزیکبووەتەوە، بە واتای ئێمەش بێت. نەخێر ئێمە لێرەین بۆ خۆمان فەقیرین. بێگومان پەیامی ئیسلامی یەک شێواز نییە، چەکدار و بێچەک و هەموو جۆرێکی هەیە، بەڵام ئەو مەترسییەی لە رەوتی ئیسلامی خوڵقێندراوە و وەکو فۆبیا ئەبینرا کەم کەم تێگەیشتنێک دروست دەکرێت کە ئەوە وانییە، سەیری ئەحمەد شەرع بکە لەهەمووان تێگەیشتووتر و نەرمترە.
 
رووداو: تا چەند باوەڕ بەو قسانە بکەین؟ مرۆڤ دەتوانێت بەجارێک بەوجۆرە لە تووندڕۆییەوە بۆ میانڕۆیی بگۆڕدرێت؟
 
سەلاحەدین بەهائەدین: مرۆڤ کائینێکی جووڵاوە، فکریشی هەر دەجووڵێت، من بڕوا دەکەم (بگۆڕدرێت)، چونکە ئەوە پێشتر لە میسریش روویداوە. کاتێک ئەقڵ و مەنتق دێتەگۆڕێ، ئەو تووندڕەوانە تەحەمولی ناکەن و ئاقڵەکانیان دێنە سەر رێگەی پێویست و دروست. ئەحمەد شەرعیش وایە و ئومێدیش هەیە کە بەردەوام بێت. من لەنزیکەوە نایناسم بەڵام بەرنامەمان هەیە بەرەو سووریا بجوڵێین، چونکە ئیسلامییەکان لەوێ بوونیان هەیە، لەوێشەوە بجووڵێین بۆ ناوچەی خۆسەر و ئەو لەیەک حاڵینەبوونەی لەنێوان پەیەدە و دیمەشق هەیە. 
 
رووداو: لە کوردستان و عێراق، بەعسییەکان نوێنەرایەتی تەوژمی سوننەیان دەکرد، بەڵام دوای رووخانی سەدام، دەبینین ئەو هێزانەی هەبوون گۆڕانکارییان بەسەردا هات. ئێستا دوو جەمسەری سوننەمان هەیە کە خەمیس خەنجەر و حەلبووسین، ئەمانە ئەو رۆڵەی پێشووی سوننە دەتوانن بگێڕن؟
 
سەلاحەدین بەهائەدین: ئەمانە وەک پێکهاتە و ئینتمای مەزهەبی سوننین بێگومان، بەڵام چەندە توانیویانە دڵی ناوچە سوننییەکان بۆخۆیان راکێشن کە رەنگە زۆرێک لە شیعەکان نەیانهێشتووە ئەوە بکەن، خۆشیان تووشی گەندەڵی و شتی دیکە بوون و متمانەیان کەمبووەتەوە.
 
رووداو: ئێمە دراوسێی عەرەبی سوننەین. چۆن بتوانین سوود لە سوننیبوونی خۆمان وەربگرین بۆئەوەی بتوانین لەسەر مافی خۆمان لێکتێگەیشتن لەگەڵ ئەو خەڵکە بکەین کە لە ناوچە دابڕێندراوەکانمان دەژین و سوننەن؟
 
سەلاحەدین بەهائەدین: ئێمە دەبێت جارێ ئەو گرژییەی کە لە نێوان رەوتی ئیسلامی بەگشتی و عیلمانی کوردستان هەیە نەیهێڵین، چونکە ئەوە جۆرێک لە تەشویش لەسەر توانای هێزەکان دروست دەکات. ئێمە دۆسیەیەکی خۆمان هەیە، بەعس چەندە سوننی تێدا بوو، شیعەشی تێدابوو. بەعس سیستمێکی دیکتاتۆری بوو؛ ئێستا بە ئینتیمای کۆنەبەعسی بوون دەستبکەینەوە بە شەڕ، ئەوە دەبێت دادگە کاری تێدا بکات.
 
رووداو: مەترسی جارێکی دیکە هاتنەوە کایەی ئەندامان و لایەنگرانی بەعس دەبینینەوە؟
 
سەلاحەدین بەهائەدین: بۆئەوەی کە ئەم کارە ئەکات و یاری بەو کارتە بکات مسۆگەرە و دەیکات، ئەو حەزەی لەسەر بەعس دروستکراوە، هەندێکی مێژووە و دروستکراوە، هەندێکیشی دەیانەوێت بمێنێت لەبەر مەرامی رکابەری. ئەگەرنا ئەوەش کە بێتەوە بەعسێتی ناکات، رەنگە سوننیچێتی بکا، ئەگەری هەیە کۆنەبەعسییەکان بەکاربهێنن بۆ وجوودی سوننی دەوڵەتداری. لەهەموو حاڵەتەکان ئەوەی مەترسییە بۆ ئێمە وەکو کورد، ترس لەوەیە نەتوانین مامەڵە لەگەڵ ئەو تەوژمە سوننییە بکەین، چونکە ناڕێکی ناوماڵی ئێمە بووەتە کێشە بۆ زۆرێک لەو هەنگاوانەی کە دەمانەوێت بیانگرینەبەر.
 
رووداو: سەرۆکی یەکێتی هەفتەی رابردوو لە بەغدا پێشنیازی کرد هەموو حیزبە کوردستانییەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بە یەک لیست بەشداربن. سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش گوتی، من پێشوازی لە بۆچوونێکی وادەکەم. جەنابت پێت چۆنە؟
 
سەلاحەدین بەهائەدین: ئەوان هەردووک لە دەسەڵاتن، رەنگە ئەوە بەشێک بێت لەو موغازەلەیەی بۆ یەکدی دەکەن، جێگەی رێزە هەمووی، بنەماکە تەواوە. هەر کات کورد لەناوماڵی خۆیدا یەکگرتوو بووبێت پارێزگاری لە دەستکەوتی خۆی کردووە، بەڵام ئەو شەڕە قۆچەی کە هەیە لە کوردستاندا رەنگە زەمینەی نەبێت، دەبێت سوپرایز دروست بکەین. ئەوەش دەبێت حیزبی دەسەڵات بیکات.
 
رووداو: لە گوتاردا ئێوە تووندبوون، سوپرایزی یەکگرتوو یەکەم شت ئەوەبوو کورسیتان زیادی کرد، دواتریش کاتێک جەنابت گوتارت دەدا، دەتگوت ئیتر بەسە، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئەو ڤیدیۆیەی ئێوە دانرابوو نووسرابوو هێزە رەشەکەی یەکگرتوو جووڵا و قسەکانی جەنابت بۆنی خوێنی لێدێت.
 
سەلاحەدین بەهائەدین: ئێستاش هەر دەڵێم ئیتر بەسە، بە بێباکی و بێمنەتی، روونتریش گوتم کە بە کێ دەڵێم، من لە بەرژەوەندی گشتی دەیڵێم، بەڵام رەنگە شەرم نەکەم لەسەر کەسایەتییەکان، بەوپێیەی ئێمەش ئۆپۆزیسیۆنین، بەڵام سنووربەزاندن نەبووە، لەدەست دەرچوون هەیە، بەڵام بە نەخشە پێشێلکاری لە ئادابی خۆمان ناکەین کە میانڕەوین. بەڵام لە ئەدای ئەم دەسەڵاتە ناڕازین.
 
رووداو: بۆ عێراق ئەگەر باوەڕێک دروست ببێت، بڵێن وەرن با پێکەوە لیستێک دروست بکەین یەکگرتوو ئامادەیە ئەوە بکات؟
 
 
سەلاحەدین بەهائەدین: جارێ زووە بۆ ئەوە، بەڵام ئێمە پێشتر ئەوەمان کردووە و مەحاڵ نییە، بە بنەما یەکدەستی و یەکدڵی بۆ ئاڵنگارییەکان، ئێمە باوەڕمان بەو بنەمایە هەیە.
 
رووداو: بۆ ناوی خوای لێنەهێنین، مامۆستا. کاک بافڵ لە بەغدا ئەو دەستپێشخەرییەی کرد و کاک نێچیرڤانیش لێرە گوتی بۆ نا، بەڵکو جەنابیشت بڵێیت بۆ نا، بەڵکو لە سایەی رووداوەوە هەمووان کۆببنەوە و بە یەک لیست بەشداربن؟
 
سەلاحەدین بەهائەدین: نا؛ من شتی واناکەم، چونکە تەنیا دەسەڵات نیم و دامەزراوە و حەق و حیسابمان هەیە، بزانە پێشێلکارییەکی لائیحیمان پێناکەی دوایی جەماعەت عاجزبن...
 
رووداو: زەوینەیەکی وا هەیە کە ئێوە وەک ئۆپۆزیسیۆن کارا بن لە خوولی داهاتووی پەرلەماندا؟
 
 
سەلاحەدین بەهائەدین: بەشێکی زەمینەکە دەبێت خۆمان سازی بکەین، لە ئەگەردا کار بکەین، جارێ پەرلەمان هێشتا سەرۆکایەتی دیاری نەکردووە، بەڵام ئەوەی کە خراپە ئەو بێ متمانەیی نێوان هاووڵاتی و دەسەڵات و لەنێوان حیزبەکاندا هەیە، ئەمانە هەموویان چارەسەری دەوێت و هەندێکیشی کاتی دەوێت. 
 
رووداو: هیچ زەمینەیەک هەیە کە ئۆپۆزیسیۆنەکان خۆیان بەرەیەک دروست بکەن؟
 
سەلاحەدین بەهائەدین: ئەوە دەمانبات بۆ هەڵسەنگاندن، بۆیە حەزناکەم بچمە نێو ئەو بوارەوە، چەندە ئۆپۆزیسیۆنبوونمان تێدایە و چەندە بەشێکین لە میللەت. ئێمە هەر قسەی خێر بۆ هێزەکانی دەسەڵات دەکەین لێرەشەوە، بۆئەوەی سەر لە ئێمە و خۆشیان نەشێوێنن، چونکە ئاڵنگاری زۆرە. 
 
پرسیاری میوانەکان:
 
یەکەم: یەکگرتووی ئیسلامی وزەیەکی گەنجی بەتوانای هەیە. ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە بەرەو دەسەڵات بچن یان ببنە هاوبەشی دەسەڵات؟
 
سەلاحەدین بەهائەدین: سوپاس. ئێمە وابزانم 31 ساڵە تەمەنمان؛ هەموو شێوەکانمان تاقیکردووەتەوە، دەسەڵاتی کوردستان شێوازێکی تایبەتە، نەوەک باش نەبووە بەڵکو خراپتر بووە، بەجۆرێک کاریان کردووە کە جێگەی لایەنی دیکە ناکەنەوە. ئێمە سوور نەبووین لەسەر رۆشتنە نێو ئەو دەسەڵاتە، پێمان وایە کە بە ئۆپۆزیسیۆن باشتر کار دەکەین، بەشداریکردنی حکومەتمان پێباش نییە، چونکە دەبینە بەشێک لەو کارەی کردوویانە.
 
دووەم: مامۆستا سەڵاحەدین گەرەنتی دەدات، ئەگەر کوردی رۆژئاوا چەک دابنێت، شام مافەکانمان دەداتێ؟
سەلاحەدین بەهائەدین: مەترسییەکە بەجێیە، بەڵام دەبێت واقیعەکە بزانین، ئەوان خۆیان چەکدارن و چەکیان داناوە، دەیانەوێت چەک لە دەستی دەوڵەتدا بێت، ئێستا لە ناوچەی خۆسەر ئەمریکا هەیە دەتوانێت گەرەنتی بکات و بەجێی نەهێڵێت. لەلایەکی دیکەوە ئەقڵی سیاسی ئەوان، ئێمە زۆرجار گلەییمان لە پارتی و یەکێتی هەیە، بەڵام کاتی خۆی لە 2003 یەکبوون و لە بەغدا مافی کوردیان چەسپاند و ئەدایەکی جوانیان کرد لەو قۆناخە. ئەوانیش ئێستا دەبێت، مافی خۆیان لە دیمەشق بچەسپێنن. 
 
سێیەم: جەنابت گوتت مەزڵوم عەبدی خۆی عەزل کردووە و نەچووەتە کۆنگرەی دیالۆگی نیشتمانی. ئەمریکا لەوێیە و دەتوانێت گەرەنتی مافەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بکات. گوتەبێژی کۆنگرەکە گوتی هەسەدە بەشێک نییە لەو کۆنگرەیە، چونکە هێزی چەکداری هەیە؛ هەسەدەش گوتی، ئێمە بانگهێشت نەکراوین. ئەنەکەسە کە نوێنەری کورد بوو و پاڵپشتیکاری لە تورکیاوە هەبوو، ئەوانیش بانگهێشت نەکران. ئێوە پەیوەندیتان لەگەڵ قەتەر باشە کە رۆڵی هەبوو لە سەرکەوتنی ئەحمەد شەرع، دەتوانن ئێوە چی بۆ کورد بکەن؟
 
سەلاحەدین بەهائەدین: ئێمە دەبێت هەموومان هەوڵ بدەین و پەیوەندییەکانمان بەکاربهێنین، ترسی سوننی و ئیسلامی ترسێکی کەم نییە، دەبێت کار لەسەر ئەوە بکەین و پەیوەندییمان لەگەڵ وڵاتان بەکاربهێنین، نەدەبوو بانگهێشت نەکرێن و کارێکی باش نەبوو، بەڵام دەبێت سۆنگەی خۆیان رێکبخەنەوە، دەبێت ئێستا بانگەواز بگۆڕدرێت. تورکیا پێش بوونی خۆسەر چ گوتارێکی هەبووە شتێکی دیکەیە، بەڵام دەبێت ئێستا بیگۆڕێت چونکە واقعێکی دیکە لە ئارادایە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

پۆلیسی وان چەند قاچاخچییەکی دەستگیرکردووە. وێنەکە ئەرشیڤە و نوێ نییە.

لە وان 14 کەس بە تۆمەتی قاچاخچێتی بە کۆچبەران دەستبەسەرکران

لە پارێزگای وانی باکووری کوردستان لە ماوەی دوو هەفتەدا لە کۆی 14 کەس کە بە تۆمەتی قاچاخچێتیکردن بە کۆچبەرانەوە دەستبەسەرکران، شەش کەسیان بە بڕیاری دادگە خرانە زیندانەوە.