دوو توشبووی شێرپەنجە لە گوندێکی کەلار بوونەتە هۆکاری نەسووتاندنی پلاستیک

25-01-2025
هونەر حەمید
شوێنی فڕێدانی زبڵ لە گوندەکە.
شوێنی فڕێدانی زبڵ لە گوندەکە.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

نەخشین و مەحتاو دوو دراوسێی هاوچارەنووسن. بەجیاوازی 4 ساڵ تووشی شێرپەنجە بوون. ئامۆژگاری پزیشکەکانیان بووە هۆکار پێکەوە بڕیاری نەسووتاندنی نایلۆن و پلاستیک بدەن.
 
بە گوتەی  کرێکارانی کارگەی پلاستیک، بڕیاری دوو دراوسێیەکە، بووەتە سرووشبەخشی زۆرینەی ژنانی گوندی عەوڵاقوتی کەلار.
 
مەهتاو محەممەد، کابانی ماڵە و لەبارەی سووتانی پلاستیک دەڵێت، "من هەر خۆم پلاستیک ناسووتێنم، دەیخەینە نێو ئۆتۆمبێلی زبڵ و دەیبات. هیچ شتێک ناسووتێنم، دووکەڵ پیسە، تەنانەت دووکەڵی داریش پیسە."
 
نەخشین عەلی، یەکێکی دیکەیە لەوانەی بڕیاری داوە نایلۆن و مادە پلاستیکییەکان نەسووتێنێت و باس لە ئامۆژگاری دکتۆرەکەی دەکات، "گوتی مەیسووتێنە، منیش نەم سووتاندوە و نەچوومەتە نزیکی، بەخوا هەر بەپاکی هێناومەتەوە."
 
بەهۆی ئەوەی هەناردەکردنی پلاستیک بۆ دەرەوەی هەرێمی کوردستان راگیراوە، نزیکەی 4 کارگەی پلاستیک لە کەلار داخراون و رۆژانە کەمترین پلاستیک کۆدەکرێتەوە.
 
محەممەد عەلی، کرێکارە لە کارگەکەیێکی کەلار و دەڵێت، "ئێمە پێشتر مانگانە 20 تۆن پلاستیکمان بۆ دەهات، بەڵام بەهۆی ئەوەی بازاڕ دابەزیوە و زۆر نزم بووە، ئێستا 5 بۆ 6 تۆن پلاستیکمان بۆ دێت. لە لادێ و لە شارەکان پلاستیک و زبڵ زۆر کۆبووەتەوە لەبەرئەوەی سنوور گیراوە و پارە ناکات."
 
لە سنووری 13 شارەوانییەکەی ئیدارەی گەرمیان رۆژانە نزیکەی 450 تۆن زبڵ و  پلاستیک دەخرێنە ژێر خۆڵەوە.
 
دڵشاد محەممەد، جێگری بەڕێوەبەری شارەوانییەکانی گەرمیان، ئاماژەی بەوەکرد، "هەندێک شوێن هەیە ئۆتۆمبێلی پێناگات یان دوورە پەراوێزە، جادەی قیری بۆ نەکراوە ئەو گوندانە لەڕێگەی خۆیانەوە رۆژانە هاووڵاتییان دەیخەنە چەم و دۆڵەکان، هەرچەندە ئەوەش زیان بە ژینگە دەگەیێنێت، ئێمەش هاوکاریان بووین."
‏‎
بەپێی هۆبەی تۆماری شێرپەنجەی پارێزگای سلێمانی، لە ساڵی 2024، سێ هەزار و 310 تووشبووی نوێی شێرپەنجە تۆمار کراون کە شێرپەنجەی سییەكان لە ریزبەندی دووەمی تووشبوانە.
 
دورەید سەلیم، بەڕێوەبەری ژینگەی گەرمیان لەوبارەی زیانی پلاستیک دەڵێت، "کەڵەکەبوونی مادە پلاستیکەکان لە هەر شوێنێکدا کۆمەڵێ زیانی ژینگەیی هەیە، گەورەترین زیانی ژینگە ئەوەیە زەوی ناوچە کشتوکاڵییەکانی ئەو ناوچەیە تێک دەدات لەگەڵ ئەوەشدا ئەو ناوچە دەبێتە تۆز و خۆڵ."
 
لە سنووری گەرمیان 375 گوند هەن، زبڵ و خاشاک لەو گوندانە کۆدەکرێتەوە کە رێگەکانیان قیرتاوکراون، ئەوانی دیکە دەیسووتێن یان تێکەڵ بە چەم و دۆڵە رێڕەوە ئاوییەکانی دەکەن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە