رووداو دیجیتاڵ
ژنە بەرپرسێکى پێشووى کەرکووک بە تۆمەتى وەرگرتنی بەرتیل و دەستکاریکردنى تۆمارەکانى باج، بە 10 ساڵ بەندکردن سزادرا، دەستیش بەسەر سامانەکەیدا گیرا.
هەنا عەبدولکەریم حەسەن بەیاتى، بەرپرسی پێشووى زەویوزارى فەرمانگەى باجى یەکى کەرکووک بوو، لەلایەن دادگەى تاوانەکانى شارەکەوە سزا درا.
ئەمڕۆ (یەکشەممە، 23ـی ئادارى 2025) دەستەى دەستپاکیى عێراق لە راگەیێنراوێکدا رایگەیاند، ئەو ژنە لەسەر دوو دۆسیەى جیاواز بەبێ ئامادەبوونی خۆی، بە 10 ساڵ بەندکردن و پێبژاردن سزادراوە.
یەکێک لە دۆسیەکان تایبەت بووە بە وەرگرتنى بەرتیل بۆ راییکردنی مامەڵەى باج بەشێوەیەکى نایاسایی، کە بەهۆیەوە بە 6 ساڵ بەندکردن و پێبژاردن سزادراوە.
دۆسیەى دووەم تایبەت بووە بە دەستکاریکردنى مامەڵەى پارەى باجى تایبەت بە یەکێک لە موڵکەکان بەمەبەستى کەمکردنەوەى بەشێوەیەکى نایاسایی، بەهۆیەوە بە 4 ساڵ بەندکردن سزا دراوە.
دەستەى دەستپاکیى عێراق، ئەو سزادراوەى بە "هەڵاتوو" ناوبردووە، بەڵام جگە لە سزاى بەندکردن، بڕیاریداوە رێگە لە گەشتکردنى بگیرێت و دەستیش بەسەر موڵک و ماڵى گواستراوە و نەگواستراوەیدا بگرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ