لە سنووری بایکۆت دوو قوتابخانەی گوندێک هەموو رۆژێک دەوامیان تێدا کراوە؛ لە وەرزی دووەمی خوێندندان

25-01-2024
پێشەوا بەختیار
دوو قوتابخانەی گوندی شێخ مستەفا لە قەرەداخ بایکۆتی خوێندنیان نەکردووە
دوو قوتابخانەی گوندی شێخ مستەفا لە قەرەداخ بایکۆتی خوێندنیان نەکردووە
نیشانەکردن بایکۆتی خوێندن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

مامۆستایانی دوو قوتابخانەی گوندێکی قەرەداخ، کە قوتابییەکانیان دانیشتووی 17 گوندی ناوچەکەن، هیچ رۆژێک خوێندنیان بایکۆت نەکردووە.  
 
سەرەڕای بەردەوامیی بایکۆت، ئەو دوو قوتابخانەیەی ئاوایی شێخ مستەفا لە قەرەداخ، تاوەکو ئێستا هیچ رۆژێک مامۆستاکانیان بایکۆتیان نەکردووە، بەجۆرێک تەنیا ئەو دوو قوتابخانە لە سنووری ئەو ناوچانەی خوێندن تێیاندا بایکۆت کراوە، لە وەرزی دووەمی خوێندندان و هیچ رۆژێکیان بەفیڕۆ نەچووە.
 
قوتابییانی قوتابخانەکان لە پۆلی یەکی بنەڕەتی تاوەکو 12 ئامادەیی وانەدەخوێنن، دەچیتە هەر پۆلێک، مامۆستایەک وانە دەڵێتەوە و قوتابییان سەرقاڵی نووسین و خوێندنەوەن و مانای بایکۆتیش نازانن.
 
پەرۆش پشتیوان، قوتابییە و دەڵێ "خۆشە مەکتەب کراوەتەوە، بۆ خۆمان وانە دەخوێنین و فێری زۆر شت بووین، فێری دانەوێڵە و مریشک و مریشكی سپی و ئەوانە بووین."
 
سەنا یاسین، قوتابیی یەکێک لەو دوو قوتابخانەیە، دەڵێ "دەستی مامۆستاکان خۆش بێت، کە وانەمان پێدەڵێنەوە. زۆر خۆشە، وانە دەخوێنین."
 
منداڵەکان ئاگاداری کێشەی مووچەی مامۆستاکانیانن، یەک لەوان ناوی لیا دڵشادە، کە دەڵێ "مامۆستا مافی خۆیەتی مووچە وەرگرێت، بەڵام ئێمە تاوانمان چییە، خوێندنمان بفەوتێت؟"
 
لە هەردوو قوتابخانەکە، 25 مامۆستا وانە دەڵێنەوە، کە 15ـیان وانەبێژن و زۆرینەیان رۆژانە لە گوندێکی دیکە یان لە سلێمانییەوە دەچن بۆ وانەگوتنەوە، بە 121 قوتابی بنەڕەتی و ئامادەیی، ئەو هەڵوێستەی مامۆستاکانیش دڵخۆشی و گوڕوتینی داوە بە قوتابییەکان.
 
محەممەد مەحموود، یەکێکە لە قوتابییەکانی گوندەکە و دەڵێ "دەستخۆشی لە مامۆستاکانمان دەکەین کە هاوکارییان کردین تاوەکو بەم ئاستە بگەین. ئێمە، ئێستا لە وەرزی دووەمین و تاقیکردنەوەشمان کردووە."
 
قوتابییەکی دیکە بەناوی بوار عیزەت دەڵێ "یەک رۆژیش وانەمان نەفاوتاوە و کێشەی خوێندنمان نەبووە."
 
مامۆستاکان نەیانویست روو لە کامێرا قسەبکەن، بەڵام بە رووداویان گوت تەنیا خەمیان ئەوەیە؛ قوتابییەکان خەون و ئامانجیان لەنێونەچێت، بۆیە بڕیاری بایکۆتنەکردنیان دا، ئەگەرنا هاوشێوەی مامۆستایانی هەرێمی کوردستان، بێ بەش نین لە گرفتی مووچە و دارایی.
 
هەردوو قوتابخانەکە ئەگەر دەستی هاوکاریی پیاوماقوڵانی گوندەکە نەبێت، لە دابینکردنی نەوت و نۆژەنکردنەوەی قوتابخانە، رەوشی خوێندنی قوتابییەکان دژوار دەبێت.
 
ئاوایی شێخ مستەفا، دەکەوێتە سنووری قەزای قەرەداخ لە سلێمانی، 18 ماڵ تێیدا نیشتەجێن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هونەر رەشید، پەیامنێری رووداو راپۆرتی لەسەر خێزانەکە کردووە.

بەرپرسیار؛ چوار کەس لە خێزانێکی پێنج کەسی شێرپەنجەیان گرتووە و پێویستییان بە هاوکارییە

چوار ئەندامی خێزانێکی پێنج کەسی لە دهۆک نەخۆشی شێرپەنجەیان هەیە و لە دۆخێکی سەختدان. بەپێی راپۆرتی پزیشکی، چارەسەریان لە سەنتەرێکی تایبەتمەند لە دەرەوەی وڵات دەکرێ، ئەوەش لە توانای ئەو خێزانە کەمدەرامەتە دا نییە.