رووداو دیجیتاڵ
هەولێر و بەغدا رێککەوتن بە کاتى جێبەجێکردنى رێکارێک دوابخەن، لەبارەى ئەو کاڵایانەى لە دەروازە سنوورییەکانەوە هاوردە دەکرێن و کێشەى بۆ هاوردەکارانى هەرێمى کوردستان دروستکردبوو.
رووداو لە دوو سەرچاوەى بەرپرسى بەغدا و حکومەتى هەرێمى کوردستانەوە زانیویێتی کۆتایی هەفتەى رابردوو، شاندێکى هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵى لەبارەى جێبەجێکردنی رێکارى پشتبەستن بە کۆدى (QR) لە دەروازە سنوورییەکان بۆ هاوردەکردنى کاڵا کۆبوونەتەوە.
لە 11ـی ئادارى 2025ـەوە، بانکى ناوەندى بە نووسراوى فەرمى پشتبەستن بە کۆدى (QR)ـى لە دەروازە سنوورەکان بە هەرێمى کوردستانیشەوە راگەیاندووە، ئەو کۆدە مەرجە بۆ تێپەڕبوونى کاڵا لە بازگەکانى نێوان هەرێمى کوردستان، کە نابێت 72 کاژێر بەسەر هاتنەژوورەوەیان تێپەڕبێت.
بەگوێرەى رێککەوتنى هەردوولا؛ جێبەجێکردنى رێکارەکە لەسەر داواى هەرێمى کوردستان تاوەکو یەکى نیسان رادەگیرێت.
سەرچاوەیەکى ئاگادار بە رووداوى گوت، "بەغدا، سێ خاڵی وەکو تێبینی بە هەرێمى کوردستان داوە کە تایبەتن بەو رێکارە، بڕیارە حکومەتى هەرێمى کوردستان لەو ماوەیەدا بڕیار لەسەر ئەو خاڵانە بدات".
خاڵەکان پەیوەندیدار بوون بە کۆدى ئەو بارەى لە دەروازە سنوورییەکانى هەرێمى کوردستانەوە هاوردە دەکرێن، مەرجى بەغدا ئەوەیە؛ وردەکاریی بارە هاوردەکراوەکە بەگوێرەى هەمان زانیارى بێت، کە لە کۆدەکەدا دەردەکەوێت کە چییە و بەهاکەى چەندە، ئەو بارهەڵگرەى کاڵاکەى پێى هاوردەکراوە بۆ ناو هەرێمى کوردستان، دەبێت هەمان بارهەڵگر بێت کە کاڵاکەى پێ دەگوێزرێتەوە بۆ ناوچەکانى ناوەڕاست و باشوور، خاڵی سێیەمیش ئەوەیە کۆدى قوفڵکراوى بارەکە نەکرێتەوە، تاوەکو دەگاتە نێو سنوورى کارگێڕیی حکومەتى فیدراڵى.
23ـی ئادارى 2025، سۆران عومەر، ئەندامى لیژنەى ئابوورى و پیشەسازى و بازرگانیی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداى راگەیاند، دانانى ئەو کۆدە بۆ پشکنینى کاڵاى هاوردەکراوە، بۆ دڵنیابوونەوەیە لەوەى ئەو کاڵایانەى دۆلارى بە نرخى فەرمى بۆ وەردەگیرێت، هەمان کاڵا بێت کە لە دەروازەکانەوە هاوردە دەکرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ