وەزارەتی دارایی: چاوەڕوان دەکرێت لە نزیکترین کاتدا پارەی مووچە بگات

23-03-2025
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

تیمی تەکنیکیی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی وەرگرتنی تەمویلی مووچەی مانگی ئازاری فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە قۆناخی کۆتایدایە.   
 
وەزارەتی دارایی دەڵێت، "سەرجەم رێکارەکان لە قۆناخی کۆتاییدان و چاوەڕێ دەکرێت لە نزیکترین کاتدا تەموویلی مووچەی مانگی ئازار لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە بخرێتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتمان."      
                                 
تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق لە جنێڤ بوو بۆ بەشداریکردن لە چواردەیەمین کۆنگرەی نێوەدەوڵەتیی بەڕێوەبردنی قەرز، ئەمڕۆ گەڕاوەتەوە بۆ دەوام و لیستی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەبەردەستی ئەودایە.
 
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێت: ماوەی پێنج رۆژە تیمی تەکنیکیی وەزارەتەکەیان لە بەغدان بۆ ئەوەی رێکارەکانی ناردنی مووچە تەواو بکەن. تیمەکە ئێستا لەگەڵ فەرمانگەی بودجە و ژمێریاریی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ لە قۆناخی تەواوکردنی رێکارەکانی وەرگرتنی تەمویلی مووچەی مانگی ئاداری فەرمانبەرانن. 
 
رۆژی شەممە، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، "لەم هەفتەیەدا مووچەی مانگی سێ دەنێردێت و راستەوخۆ دەست بە دابەشکردنی دەکرێت، پێش جەژن هەموو فەرمانبەران مووچە وەردەگرن."
 
12ـی ئەم مانگە، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان خشتەی مووچەی مانگی شوباتی بڵاوکردەوە و رۆژی دواتر دەست بە دابەشکردنی مووچە کرا. بەمشێوەیە لەم مانگەدا فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دوو مووچە وەردەگرن. 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە