رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای دهۆک دەڵێت، کارەبای شارەکە بۆ 72 کاژێر دەبێتە 24 کاژێری. بەرپرسێکی کارەبای سنوورەکە دەڵێت، بۆ تاقیکردنەوەی گوشارەکانی سەر هێڵەکانی کارەبایە.
بەگوێرەی راگەیێندراوی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای دهۆک، لە کاژێر 13:00ـی ئەمڕۆ (یەکشەممە، 23ـی ئادار) تاوەکو چوارشەممە (26ـی ئادار) کارەبای شاری دهۆک 24 کاژێری دەبێت.
حازم محەممەد، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای دهۆک، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "کارەکە بۆ تاقیکردنەوەی گوشاری سەر هێڵەکانی کارەبایە و سێ رۆژ دەخایێنێت".
جێگری بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای دهۆک داوای لە هاونیشتمانییان کرد، لەو سێ رۆژەدا بەشێوەیەکی ئاسایی و وەک رابردوو کارەبا بەکاربهێنن بۆ ئەوەی گوشارەکانی سەر کارەبا وەک خۆی بزانن.
لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکان بۆ کارەبای 24 کاژێری لە چوارچێوەی (پڕۆژەی رووناکی)، پێشتر لە هەولێر و سلێمانی سێ رۆژ وەک تاقیکاری کارەبا کرابووە 24 کاژێری.
حازم محەممەد ئاماژەی بەوەشکرد، "لە دهۆک کارکردن بۆ کارەبای 24 کاژێری بەردەوامە و، لە داهاتوویەکی نزیکدا یەکێک لە گەڕەکەکان پڕۆژی رووناکی تێدا جێبەجێ دەکرێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ