رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، قۆناخی دووەمی پڕۆژەی "گەشانەوە" رادەگەیێنێت. بەڕێوەبەری پڕۆژەی گەشانەوە لە وەزارەتی کار بە رووداوی راگەیاند: "ئامانجمانە پاڵپشتیی دارایی 100 پڕۆژە بکەین کە پاڵپشتییەکە دەگاتە 150 ملیۆن دینار".
حکومەتی هەرێمی کوردستان رەزامەندیی نیشانداوە لەسەر قۆناخێکی نوێی پڕۆژەی "گەشانەوە" بۆ پاڵپشتیکردنی پڕۆژەکانی گەنجان. پڕۆژەکە تەواوکاری سندووقی پشتیوانیی پڕۆژە بچووکەکانی گەنجانە کە لە ساڵی 2011ـەوە دەستیپێکردووە.
یەکشەممە 23-3-2025 ئارام ئەنوەر، بەڕێوەبەری پرۆژەی گەشانەوە و سندووقی پشتیوانی پڕۆژە بچووکەکانی گەنجان لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، لەکاتی بەشداریکردن لە بەرنامەی رۆژی هیوا جەمال بە رووداوی راگەیاند: "پڕۆژەی گەشانەوە قۆناخی یەکەمی تاقیکاری بوو، لە رێگەی پۆرتاڵی گەشانەوە گەنجان پڕۆژەکانیان پێشکێش کرد و توانرا 25 پڕۆژە هەڵبژێردرێن و هاوکاری بکرێن. هەریەک لەو پڕۆژانە نزیکەی 120 ملیۆن دیناریان بەرکەوت".
قۆناخی تاقیکاریی پڕۆژەی گەشانەوە لە ئەیلوولی ساڵی 2023 راگەیێندرا. ئەو بەڕێوەبەرەی وەزارەتی کار رایدەگەیێنێت، دوای هەڵسەنگاندنیان لەگەڵ رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، پڕۆژەکەیان بە سەرکەوتوو ناوبرد، بۆیە لە ماوەیەکی نزیکدا قۆناخێکی دیکەی پڕۆژەکە رادەگەیێنن.
لەبارەی کات و مەرجەکانی قۆناخە نوێیەکە، ئارام ئەنوەر بە رووداوی گوت: "کاتەکەی دیار نییە، بەڵام لەماوەیەکی نزیکدا دەبێت. ئامانجمان پاڵپشتیکردنی 100 پڕۆژەی گەنجانە، بەڵام ئەم قۆناخە بۆ ئەو پڕۆژانە نییە کە لە سەرەتاوە دروست دەکرێن، بەڵکو بۆ ئەو پڕۆژانەیە کە هەن؛ دەمانەوێت پاڵپشتییان بکەین بۆئەوەی سێکتەری دیکە زیاد بکەن و پڕۆژەکانیان فراوان بکەن".
ئارام ئەنوەر دەڵێت: "لە قۆناخی نوێدا پاڵپشتیکردنی دارایی دەگاتە 150 ملیۆن دینار".
لەبارەی مەرجەکانی دیکەی وەرگرتنی قەرزەکە، بەڕێوەبەری پڕۆژەی گەشانەوە گوتی: "دەبێت ئەو پڕۆژەیەی پاڵپشتی وەردەگرێت، تەمەنی لە ساڵێک زیاتربێت و رەزامەندیی لایەنی پەیوەندیداری هەبێت؛ هەروەها ئەو کەسەی داواکاری پێشكێش دەکات، دەبێت تەمەنی لەنێوان 20 بۆ 60 ساڵ بێت".
لە قۆناخەکانی پێشتردا کەسی قەرزوەرگر دەبوو دەستەبەری دابنێت لەبەرامبەر وەرگرتنی قەرزەکە. ئارام ئەنوەر روونیکردەوە: "لەم قۆناخەدا وەرگرتنی قەرز ئاسانە. ئەو پڕۆژەیەی قەرزەکە وەردەگرێت، دەبێتە دەستەبەر و پێویست ناکات (کەفیل) ئامادە بکات".
لەبارەی میکانیزمەکانی گەڕاندنەوەی قەرز لە قۆناخی داهاتوودا، لە دۆخێکدا پڕۆژەکە تووشی زیان بوو یان نەیتوانی لەکاتی خۆی قەرزەکان بگەڕێنێتەوە، بەڕێوەبەری پڕۆژەی گەشانەوە رایگەیاند: "لە رێگەی تیمە راوێژکارییەکانمانەوە هاوکار دەبین بۆئەوەی بگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی و ئەگەر زیانەکەی بە هۆکارێک لە دەرەوەی ویستی خاوەنەکە بوو، رەنگە دواخستنی بۆ بکەین یان قستەکەی کەمبکەینەوە".
وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2011 سندووقی پشتیوانی لە پڕۆژە بچووکەکانی گەنجان راگەیاند و تاوەکو 2016 هەشت هەزار و 136 گەنج لەو پڕۆژەیە سوودمەند بوون. لەو قۆناخەدا بە بڕی 76 ملیار دینار پاڵپشتیی گەنجان کرا و سێ هەزار هەلی کاری رەخساند.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ