رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارێکی کورد لە پەرلەمانی عێراق بە نووسراوێکی فەرمی، داوای قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی بۆردوومانی قەڵادزێ لە ساڵی 1974 لە حکومەتی عێراق دەکات و پێشنیاز دەکات، بۆ چارەسەرکردنی گرفتی کەمئاوی، بەنداوێکیان بۆ دروستبکرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە 24-04-2023 سۆران عومەر، پەرلەمانتاری کۆمەڵی دادگەری لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە بودجەی گشتیدا، بودجەیەکی تایبەت بۆ ناوچە خاپوورکراوەکان تەرخانکراوە، بەپێی یاساش، ئەو ناوچانەی لە 1968 بۆ 2003 بەهۆی شەڕ و بۆردوومانەوە زیانیان بەرکەوتووە، دەبێ قەرەبووبکرێنەوە، بۆیە بە نووسراوێکی فەرمی داوای قەرەبووکردنەوەی شارۆچکەی قەڵادزێییان کردووە.
49 ساڵ لەمەوبەر لە 24-4-1974، چەند فڕۆکەیەکی حکومەتی بەعس قەڵادزێیان بۆردوومانکرد و بەهۆیەوە 467 هاونیشتمانی شەهید و بریندار بوون. بەشێک لەوان خوێندکاران و مامۆستایانی زانکۆی سلێمانی بوون، چونکە ئەوکات لەترسی حکومەتی بەعس زانکۆکەیان گواستبووەوە قەڵادزێ.
دادگەی باڵای تاوانەکانی عێراق لە ساڵی 2011 ئەو رووداوەی بە جینۆساید ناساند، بەڵام دانیشتووانەکەی قەرەبوو نەکراونەتەوە.
سۆران عومەر دەڵێت "بەهۆی گۆڕینی سەرچاوەکانی ئاو لەلایەن ئێرانەوە، ئێستا لە قەڵادزێ گرفتی ئاوی خواردنەوە هەیە، بۆیە داوای دروستکردنی بەنداوی دەڵگە-مان کردووە و لەگەڵ وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو و ئەنجوومەنی وەزیران لەسەر هێڵین".
دەروازەی سنووریی کێلێ، لە سنووری قەزاکەیە و لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێران و حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بە فەرمی ناسێنراوە، بەڵام تائێستا حکومەتی عێراق نەیکردووە بە فەرمی، ئەو پەرلەمانتارە کوردە دەڵێت: "داوامانکردووە بەغداش دەروازە سنوورییەکە بکاتە فەرمی بۆ ئەوەی سوودی زیاتری بۆ ناوچەکە هەبێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ