21 رۆژە ئێران سەرچاوەی ئاوی نزیکەی 100 هەزار کەسی لە سنووری قەڵادزێ گرتووەتەوە

04-09-2023
سۆران حوسێن
نیشانەکردن قەڵادزێ زێی بچووک
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرچاوەی سەرەکیی ئاوی نزیکەی 100 هەزار کەسی دانیشتووی قەڵادزێ و دەوروبەری لە ئیدارەی راپەڕین، 21 رۆژە لەلایەن ئێرانەوە گیراوەتەوە. بەڕێوەبەری ئاوی ئیدارەی راپەڕین دەڵێت، هیچ هەنگاوێکی کرداری بۆ بەردانەوەی ئاوەکە نەنراوە.
 
رۆژی دووشەممە 04ـی ئەیلوولی 2023، ئەندازیار سەلام عومەر، بەڕێوەبەری ئاوی ئیدارەی راپەڕین بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بەهۆی دروستکردنی بەنداوێکەوە کە ئێران لە رۆژهەڵاتی کوردستان دروستیکردووە، ئەمڕۆ 21 رۆژە ئاوی زێی بچووک لەلایەن ئەو وڵاتەوە گیراوەتەوە، ئاوەکەش سەرچاوەی ژیانی زیاتر لە 100 هەزار کەسە لە قەڵادزێ و دەوروبەری.
 
بەڕێوەبەری ئاوی ئیدارەی راپەڕین گوتی، بە تێچوویەکی زیاتر هەوڵیانداوە خەڵک بێ ئاو نەبێت و تاوەکو ئەمڕۆ ئاویان بۆ خەڵک دابینکردووە، بەڵام کەمتر لەجاران؛ گوتیشی، "گرتنەوەی ئاوەکە بە تەواوی، کاریگەریی نەرێنی لەسەر سامانی ماسی و کشتوکاڵی سنوورەکە دروستکردووە و بەردەوام بێت کارەساتی ژینگەیی روودەدات."
 
سەلام عومەر ئاماژەی بەوەشکرد، بەرپرسانی وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق و بەرپرسانی هەرێمی کوردستان هەنگاوی کردارییان بۆ بەردانەوەی ئاوەکە نەناوە کە جێگەی دیاربێت.
 
پڕۆژەی ئاوی "خاس" سەرچاوەکەی ئاوی زێی بچووکە، رۆژانە لە کاژێرێکدا دوو هەزار و 700 مەترسێجا ئاوی بۆ هاونیشتمانییانی قەڵادزێ و دەوروبەری بەردەدایەوە، سەلام عومەر دەڵێت، دوای گرتنەوەی ئاوەکە لەلایەن ئێرانەوە، پڕۆژەکە بە نیوە ئاو بەردەداتەوە.
ئاوی زێی بچووک جگە لەوەی سەرچاوەی ئاوی دانیشتووانی قەڵادزێیە، هاوکات دەڕژێتە نێو بەنداوی دووکان و بەشێکی کۆیە و تەقتەقیش سوود لە هەمان ئاو وەردەگرن. 
 
ئێران لە ساڵی 2017ـەوە بەنداوی کۆڵەسەی لە سنووری شاری سەردەشتی رۆژهەڵاتی کوردستان لەسەر زێی بچووک دروستکردووە. بەهۆی گلدانەوەی ئاو بۆ ئەو بەنداوە، ساڵانە بەگوێرەی پێویستیی خۆی، ئاوەکە دەگرێتەوە و ئەم ساڵ ئەمە جاری دووەمە سەرچاوەی ئاوەی زێی بچووک دەگرێتەوە. بەڕێوەبەری ئاوی راپەڕین گوتی، بەرپرسانی ئاو لە شاری سەردەشت دەڵێن، دۆسیەی ئاو راستەوخۆ پەیوەندی بە تارانەوە هەیە و ئەوان ناتوانن دەستوەردانی تێدا بکەن.
 
جگە لەوەی لە 13ـی ئابەوە ئێران سەرچاوەی ئاوی زێی بچووکی گرتووەتەوە، ئەمساڵ رۆژی 25ـی حوزەیرانیش بۆ ماوەی پێنج رۆژ ئاوەکەی گرتبووەوە؛ ساڵی رابردووش 25ـی ئاب بۆ ماوەی چەند رۆژێک ئاوەکە لەلایەن ئێرانەوە گیرایەوە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنی کۆبوونەوەی شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نوێ لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق. وێنە: نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق.

نەوەی نوێ: داوای پۆستی سەرۆکوەزیران دەکەین

سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ دەڵێت، ''بۆ پێکهێنانی حکومەت پڕۆژەکەمان ئەوەیە یان سەرۆکوەزیران لە پشکی ئێمە بێت، یان ئەو لایەنەی پۆستی سەرۆکوەزیرانی هەیە، دەستبەرداری سەرجەم پۆستەکانی دیکە ببێت." گوتیشی، هیچ کام لە لایەنەکان رەتیان نەکردووەتەوە.