رووداو دیجیتاڵ
تۆمەتباری سەرەکیی کوشتنی سێ هاونیشتمانی لە قەڵادزێ، لە کۆڕێ دەستگیرکرا، تۆمەتبارەکە لەدایکبووی ساڵی 1994ـە و پێشمەرگەیە.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی راپەڕین و بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی راپەڕین ئەمڕۆ (سێشەممە، 12-9-2023) راگەیێندراوێکی هاوبەشیان لەبارەی دەستگیرکردنی تۆمەتباری سەرەکیی کوشتنی سێ هاونیشتمانیی قەڵادزێ لە شەوی پێنجشەممەی 7ـی ئەو مانگەدا بڵاوکردەوە.
پێش شەش رۆژ، لە قەڵادزێ لە سنووری ئیدارەی راپەڕین، سێ کەس لە یەک کات و شوێندا کوژران، لە راگەیێندراوە هاوبەشەکەی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی راپەڕین و بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی راپەڕیندا هاتووە، هەر ئەوکاتە دەستبەجێ "بەهاوبەشیی هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی راپەڕین/ بەشی پشدەر و بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی راپەڕین، دەستکرا بە رێکاری یاسایی بۆ ئەوەش لێکۆڵینەوە دەستیپێکرد."
تۆمەتبارەکە بە بڕیاری دادوەر بەپێی ماددەی 405 لە یاسای سزادان، دەستگیرکراوە.
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، بەسوودوەرگرتن لە کامێراکانی چاودێرییەوە، ناسنامەی تۆمەتبارەکە ئاشکرا کراوە و دواتر شوێنەکەی ئاشکرا کراوە.
لە لێکۆڵینەوەکانیاندا تیمە هاوبەشەکەی هێزە ئەمنییەکانی راپەڕین بۆیان دەرکەوتووە "تۆمەتبار لەکاتی ئەنجامدانی تاوانی کوشتنەکەدا رایکردووە بۆ دەرەوەی سنووری ئیدارەی راپەڕین. زانیارییە دروستەکان دەریانخست تۆمەتباری سەرەکی دوای ئەنجامدانی تاوانی کوشتنەکان، رایکردووە بۆ سنووری کۆڕێی سەر بە قەزای شەقڵاوە و لە ماڵێکدا خۆی حەشارداوە،" ئەمە وەک لە راگەیێندراوکەدا باس کراوە.
بەڕێوەبەری پۆلیسی راپەڕین بەپێی راگەیێندراوەکە؛ زانیاریی تەواو و دروستی لەسەر ناوی سیانیی تۆمەتبارەکە، شوێن و ئەو ماڵەی خۆی تێیدا حەشارداوە، داوەتە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی هەرێم و و هەریەک لە بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر و بەڕێوەبەری گشتیی جوڵانەوە و تاوانی پۆلیسی گشتی هەرێم."
تۆمەتباری کوشتنی سێ هاونیشتمانییەکەی قەڵادزێ لەلایەن پۆلیسی کۆڕێ و ئاسایشی ئەو سنوورەوە دەستگیرکراوە.
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوە هاوبەشەکەدا هەندێک زانیاری لەبارەی تۆمەتبارە دەستگیرکراوەکە ئاشکراکراوە کە ئەمانەن: ناوی (ق. هـ. ع.)ـە، لەدایکبووی ساڵی 1994ـە، پیشەی پێشمەرگەیە و دانیشتووی سنووری قەزای پشدەرە.
ئێستاش، بەپێی راگەیێندراوەکە هێزە ئەمنییەکانی راپەڕین چاوەڕوان دەکەن تۆمەتباری ناوبراو رادەستی هێزەکانی پۆلیسی راپەڕین بکرێتەوە، "بەهۆی تایبەتمەندیی شوێنی رووداوەکە و بۆ ئەوەی لە دادگای لێکۆڵینەوەی پشدەر لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا بکرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ