رووداو دیجیتاڵ
ساڵێک و نیوە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بۆریی نەوتی عێراق و تورکیاوە وەستاوە. جۆفری پایت، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ سەرچاوەکانی وزە، لە هەڤپەیڤینێکی رووداودا دەڵێت، ئەوە خزمەتی بە قاچاخچییەکان و ئێران کردووە.
جۆفری پایت، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەرمیکا بۆ سەرچاوەکانی وزە دەڵێت: "پێمان وایە پێویستە بۆریی نەوتی عێراق-تورکیا بکەوێتەوە کار. پێمان وایە ئەمە کارێکی لەپێشینەیە، چونکە ئێستا بەرهەمهێنانی نەوتی خاو لە هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی کردەیی گەیشتووەتەوە ئاستی پێش راگرتنی بۆرییەکە. ئەو نەوتە هەمووی دەڕوات بۆ شوێنێک. زۆربەی بە قاچاخ دەبردرێت. بە لۆری دەڕوات کە ئەوەش بە قورسی لەسەر رێگە و بانەکانی هەرێمی کوردستان دەکەوێت. لە دەرگای پشتەوە دەردەچێت بە شێوەیەک کە نە سوودی بۆ بودجەی هەولێر هەیە، نە بۆ بودجەی عێراق."
رۆژی 15-09-2024 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێوەڕاستی ئەم مانگە رایگەیاند، کێشەکە لە هەولێر نییە.
نێچیرڤان بارزانی گوتی: ''حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیە بۆ هەناردەکردنەوە، کێشە لە حکومەت نییە، بەڵکو کێشە لە بەغدایە، ئەگەر نە ئێمە وەکو حکومەت ئامادەین.''
لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای ئەمریکادا، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، ئەوەی نەیهێشتووە تا ئێستا هەناردەکە دەستپێبکاتەوە، بەربەستێکی یاساییە.
سوودانی گوتی: تێچووی بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلە نەوتێک لە یاسای بودجەی عێراقدا، بە 8 دۆلار دانراوە. بەڵام لە گرێبەستەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان بە سەرووی 26 دۆلار دانراوە. دەبێت یان یاسای بودجە یان گرێبەستەکان هەموار بکرێنەوە.
سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی لەوەش کرد، کۆمپانیاکان هەموارکردنی گرێبەستەکان رەتدەکەنەوە. هەموارکردنەوەی یاسای بودجەش پێویستی بە سازانی سیاسی هەیە. گوتیشی کە دەکرێت پێش کۆتاییهاتنی ئەم ساڵ کێشەکە چارەسەربکرێت.
هەناردەی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەرێمی کوردستان و 75 هەزاری کەرکووک، ماوەی ساڵێک و نیوە وەستاوە.
بە گوێرەی کۆمەڵەی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور)، زیانی ئەو وەستانە بۆ بودجەی هەرێمی کوردستان و عێراق، زیاتر لە 19 ملیار دۆلار بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ