رووداو دیجیتاڵ
محەممەد و سەروەر هەردووکیان لە 18 ساڵی تەمەنیاندان، ئەوان دانیشتووی گوندی کانی گوڵانن، سەر بە شارۆچکەی هەڵشۆ، لە گوندەکەدا 20 ماڵ هەن و لەکۆی 25 گەنجیان، 15ـیان بەرەوە دەرەوەی وڵات کۆچیان کردووە.
محەممەد لە قۆناخی بنەڕەتی وازی لە خوێندن هێناوە و دووجار داوای ڤیزای تورکیای کردووە، سەروەریش قوتابیی قۆناخی ئامادەییە و جارێک داوای وەرگرتنی ڤیزای تورکیای کردووە، بەڵام هەردووکیان داواکەیان رەتکراوەتە و ئێستا دەیانەوێت بە هەر بەرێگەیەک بێت، کۆچ بکەن.
محەممەد حەسەن، دانیشتووی گوندی کانی گوڵان دەڵێ "برایەکەم زانکۆی تەواوکردبوو، لەبەر بێ کاری رۆیشت بۆ ئەوروپا."
سەرەوەر رەسوولیش دەڵێ "ئەگەر حکومەت دەرفەتی کار بڕەخسێنێت، لە گوندەکەماندا دەمێنینەوە و سەفەر ناکەین."
لە قەزای قەڵادزێی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین، ساڵانە زۆرترین گەنج کۆچ بۆ دەوەرە دەکەن، ئەوانەی دەڕۆن تەمەنیان لەنێوان 16 تاوەکو 25 ساڵە و سێ لەسەر چواریشیان کوڕن.
چەند گەنجێک لە قەڵادزێوە بەمشێوەیە بۆ رووداو دوان:
مەلیک ئەردەلان، دەرچووی زانکۆ گوتی "نە ئیش نە خۆشی نە ئاسوودەیی، هیچی تێدا نییە ئەم شارە. کە لێرە بیت، دەبێت لەخۆت بترسیت."
شەهلا خدر، قوتابییە و باسی لەوە کرد "ئەگەر پیشەیەکیش بزانیت، دەرفەتت نییە بتوانی کاری لەسەر بکەی، شوێن بۆ شوێن دەگۆڕێ بەڵام قەڵادزێ وێرانە."
بڕوا قادر، قوتابییە لە قەڵادزێ و دەڵێ "ئێرە بووەتە خەڵوەتگەی پیران. ئەگەر دەرفەتی کار بۆ گەنجەکان نەڕەخسێنرێت، گەنجی تێدا نامێنێت و هەمووی کۆچ دەکەن."
قایمقامی پشدەر دەڵێت لە ساڵی 2022ـوەوە تاوەکو ئێستا، حەوت هەزار کەس کۆچیان بۆ وڵاتان کردووە.
ئەبوبەکر باییز، قایمقامی پشدەر دەڵێ "قەزای پشدەر باجی هەڵکەوتەی جوگرافیای ناوچەکە دەدەین، دوورین لە هەموو شارە گەورەکان و ئێرە بووەتە ناوچەیەکی چەپەک و دوورەدەست و پەراوێزخراو، ئەگەر وا بڕوات، خراپتر دەبێت."
بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەوروپا، لە هەشت مانگی رابردوودا نزیکەی سێ هەزار کەس لە ئیدارەی راپەڕینەوە بۆ گەیشتن بە وڵاتان، کۆچیان کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ