رووداو دیجیتاڵ
ئۆتۆمبێلێکی ئەمریکی تەواو کارەبایی بە هێزی 1000 ئەسپەوە لە شەقامەکانی هەولێر دەسوڕێتەوە. هەموو هێزی ئەم ئۆتۆمبێلە لە پاتریەکی 200 کیلۆ واتییە.
بێجانی خاوەنی ئۆتۆمبێلەکە دەڵێت، دوو ئۆتۆمبێلی لەم شێوەیە لە هەولێر هەیە و بۆ بازاڕی کوردستان تازەیە. ئەو پێی وایە ژێرخانی ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان کاری زیاتری پێویستە.
بێجان حەمەد ساڵح بەکارهێنەری ئۆتۆمبێلی کارەبایی دەڵێت: "یەک جار بارگاوی دەکەینەوە 625 کم دەڕوات. نیو کاژێر بارگاوی دەکەینەوە، بەڵام ئەگەر من لە ماڵەوە بارگاوی بکەمەوە نزیکەی 6 کاژێری پێدەچێت ئەو ئۆتۆمبێلە، چەند ئۆتۆمبێلێکی خۆم هەیە تایبەت بەکاریاندەهێنم ئێستا یەکەم بژاردەم کارەباییە."
کۆمپانیایەکی براندێکی تایبەتی ئۆتۆمبێل بەهۆی زۆربوونی خواست لەسەر ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان ماوەی ساڵێکە 3 جۆری جیاوازی ئۆتۆمبیلی کارەبایی براندەکەیان هێناوە بۆ هەرێمی کوردستان. ئەندازیار مالیک دەڵێت، گەورەترین ئاستەنگی بەردەم ئەم ئۆتۆمبێلانە نەبوونی شوێنی بارگاویکردنەوەیە لە نێوان شارەکان.
مالیک باهیج، بەڕێوەبەری کۆمپانیای ئۆتۆمبێلی کارەبایی دەشڵێت: "خەڵک چاویان لەوەیە بارگاویکردنەکە لە ماڵی خۆیاندا بکرێت بۆ ئەوەی تێچووی بارگاویکردنەکە کەم ببێتەوە. هیوادارین و داوا لە حکومەت دەکەین بیکاتە کارە لە پێشینەکانی هەروەها دانانی ئامێری بارگاویکردنی کارەبایی لە بەنزینخانەکاندا تەنانەت هەمان شت لە رێگە سەرەکییەکانی نێوان شارەکاندا دابنرێی بۆ نموونە هەولێر- دهۆک."
نزیکەی دوو ملیۆن ئۆتۆمبێل لە شەقامەکانی هەرێمی کوردستان هەن. ئامارێکی روون نییە کە چەندیان ئۆتۆمبێلی کارەبایین. لە هەولێر ئێستا نزیکەی 12 جێگە هەن کە شوێنی بارگاویکردنەوەی ئۆتۆمبێلە کارەباییەکانیان داناوە. تاوەکو ئێستاش وێستگەیەکی گەورە و فەرمی نەکراوەتەوە بۆ بارگاویکردنەوەی ئەم ئۆتۆمبێلانە.
ئاسان ئازاد، خاوەنی ئۆتۆمبێلی کارەبایی دەڵێت: "ئەم ئۆتۆمبێلە بۆ رێگەی دەرەکی ناتوانیت پشتی پێببەستیت بەو ئاستە دەبێت ئۆتۆمبێلێکی دیکەشت هەبێت لەگەڵی تاوەکو بتوانی ئەو شوێنانەی کە هەتە و بابەتێکی لە ناکاوە ئەو کاتە لەوانەیە شەحنت نەبێت جێگرەوەیەکت هەبێت بۆ ئەوە."
سەبارەت بە پارچەی یەدەگی ئۆتۆمبێلە کارەباییەکانیش وەستا جاسم لە پیشەسازیی هەولێر پێیوایە رۆژ بە رۆژ بازاڕەکە گەرمتر دەبێت.
جاسم محەممەد، میکانیک دەڵێت: "ئێستا باشە بۆ نموونە لێرە، ئێستا زۆربەی هەیە لێرە چونکە ئۆتۆمبێلەکان دەهێنن، بەڵام ئەگەر هەر پارچەیەکیش نەبێت لە بەغدا و ئیمارات بە ئاسایی پارچەکان دەگات بە ئێرە واتە داوا دەکرێن."
ساڵی رابردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری 100٪ لێخۆشبوونی باجی بۆ هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی کارەبایی دەرکرد، بەڵام ئێستا لە گومرکەکان هەر ئۆتۆمبێلێکی کارەبایی سەرووی 350 دۆلاری لێ وەردەگیرێت و پارەی ژینگە لە کاتی مامەڵەی بەناوکردنی ئۆتۆمبێلەکان وەردەگیرێت کە هەژماری ئۆتۆمبێلی 4 پستۆنیان بۆ دەکرێت، ئەوەش وێڕای ئەوەی ئەم ئۆتۆمبێلانە هیچ پستۆنێکیان نییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ