ژیانی منداڵێک بە ئامێری هەناسەدانی دەستکردەوە بەستراوە و توانای کڕینیان نییە

23-10-2020
ساهیرە سدیق
ساهیرە سدیق
نیشانەکردن نەخۆش دهۆک
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لەو تەمەنە منداڵییەدا زیاتر لە ساڵ و نیوێکە لەسەر تەختی نەخۆشخانە کەوتووە و هەناسەدانی تەنیا لەرێگەی ئەو ئامێرانەیە کە بۆی دانراوە. باوکی داوای یارمەتیی دەکات بۆ ئەوەی منداڵەکەی لەو دۆخە رزگاری بێت، چونکە دەبێت بیباتەوە ماڵەوە و خۆی ئامێری بۆ بکڕێت و ئەو توانایەشی نییە.
 
یوسف ئەحمەد سادق، تەمەنی 10 ساڵە و لەگەڵ خێزانەکەی لە قەزای بەردەڕەشی دهۆک دەژین، بەگوتەی ئەحمەد سادقی باوکی، ساڵ و نیوێک پێش ئێستا لە قوتابخانە دۆخی تێکدەچێت و دوایی دەرکەوت کە تووشی ئیلتیهاب و دواتر ئیفلیجی مێشک بووە.
 
ئەحمەد سادق باوکی یوسف بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کوڕەکەی لەو ماوەیەدا لە نەخۆشخانەیەکی دهۆک و لەژێر ئامێری هەناسەدانی دەستکرد بووە. ئێستا نەخۆشخانەکە پێیان گوتووە، ئەگەر دەیەوێت لەبەر دۆخی ژیانی، منداڵەکە بباتەوە ماڵەوە دەبێت ئامێرێکی بۆ بکڕێت ( ئامێری Portable ventilator)  و لەماڵەوە بۆی دابنێت، بۆیە ئەو داواکارییە خەمەکەی هێندەی دیکە زۆر کردووە چونکە توانای ماددی بۆ کڕینی نییە.

 

 

باوکی یوسف نزیکەی دووساڵە سەرەڕای خەمی تەندروستیی کوڕەکەی، تێچووی نەخۆشییەکەشی بووەتە بارگرانیی بەسەرشانیەوە. ئەو دەڵێت، هەرچی هەبووە دایناوە و ئیدی هیچی نەماوە بۆ ئەوەی بتوانێ بەردەوام بێت. 
 
بەیار حەجی سەلیم، بەرپرسیی چاودێریی چڕی نەخۆشخانەی هێڤیی دهۆک، لەبارەی نەخۆشییەکەی یوسف و چۆنیەتیی چارەسەریی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، سەرەتا ئیلتیهابی مێشکی هەبووە و دواتر بووەتە ئیفلیجی مێشک، بەڵام تووشی مردنی مێشک نەبووە و جووڵەی هەیە، بەهۆی لاواز بوونی سیستەمی هەناسەدانی، ماوەی ساڵ و نیوێکە لەژێر ئامێری هەناسەدانیی دەستکردە.
 
بەرپرسیی چاودێریی چڕی نەخۆشخانەکە باسی لەوەکرد ، سەرەتا دەبێت بکەوێتە دۆخێکەوە کە خۆی بتوانێ هەناسە بدات تاوەکو بتوانرێ بەرەو چارەسەریی نەخۆشییەکەی بڕوات.
 
لە وەڵامی ئەوەی بۆچی دەبێ ببردرێتە ماڵەوە، بەیار حەجی سەلیم گوتی، ماوەی ساڵ و نیوێکە ئەو خیزانە ژیانیان لە نەخۆشخانەیە، منداڵی دیکەشیان هەیە و ژیانیان نەماوە، بۆیە پێیان باشترە ببرێتە ماڵەوە، خێزانێکی هەژارن و خەرجێکی زۆریان کردووە، بۆ کڕینی ئەو ئامێرەش ئێستا تووشی کێشە بوون و بەڕاستیی پێویستیان بە یارمەتییە.
 
لەبارەی تێچووی کڕینی ئامێرەکە، بەرپرسیی چاودێریی چڕی نەخۆشخانەی هێڤی گوتی، پرسیارمان کردووە و ئامێری هەناسەدانیی دەستکردی جووڵاو نزیکەی 8 هەزار دۆلاری دەوێت کە ئەو خێزانە توانای کڕینیان نییە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وەزارەتی دارایی دەڵێت، تائێستا نزیکەی 700 هەزار مووچەخۆر لە 'هەژماری من' تۆمار کراون

وەزارەتی دارایی: ساڵی داهاتوو پڕۆژەی 'هەژماری من' رادەستی وەزارەتەکەمان دەکرێت

وەزارەتی دارایی دەڵێت، هەرێمی کوردستان دەتوانێت بۆ پڕۆژەی هەژماری من سوود لە سەرجەم ئەو بانکە ئەهلییانە وەربگرێت کە لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە مۆڵەتی کارکردنیان پێدراوە.