گوتار و نوێژی جەژن لە مزگەوتێکی ناشڤێڵ

22-04-2023
دیار کوردە @diyarkurda
نوێژی جەژن لە مزگەوتێکی ناشڤێڵ
نوێژی جەژن لە مزگەوتێکی ناشڤێڵ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

کورد و خەڵکی موسڵمان لە ئەمریکا بۆ گوتار و نوێژی جەژن لە مزگەوتێکی کوردی لە شاری ناشڤێڵ لە ویلایەتی تێنسی کۆبوونەوە. 
 
بەهۆی بچووکی شوێن و زۆری خەڵک لە مزگەوتەکەدا دووجار نوێژ و گوتاری جەژن بە هەردوو زمانی کوردی و ئینگلیزی پێشکێشکرا. 
 
مامۆستای مزگەوتی سەلاحەدین لە ناشڤێڵ بە رووداوی گوت: "هەرچەندە مزگەوتەکە هی کوردە، بەڵام بەس کورد نایەنە مزگەوتەکە خەڵکی بیانیش دێن، بۆیە ئێمە ناچارین دوو زمان بەکاربهێنین، زمانی دایک کە کوردییە، تاوەکو خەڵکی ئێمە ئەو هەستەی هەبێت و بە وڵاتی خۆیەوە ببەسترێتەوە، گوتاری دووەمیش بە ئینگلیزییە، چونکە زمانی وڵاتەکەیە، تاوەکو گەنج و لاوەکانی ئێمە تێبگەن و شتێک لە ئایینی خۆیان بزانن. هاوکات، خەڵکی دیکەش کە دێنە ئێرە، سوود لە گوتارەکان وەربگرێت." 
 
دوای گوتاری جەژن، ئامادەبووان جەژنە پیرۆزە و داوای گەردن ئازادییان لە یەکدی کرد، بە ریز وەستان و دەستیان خستە نێو دەستی یەکدی. 
 
مستەفا روسا، ئەندامی سەنتەری سەلاحەدین دەڵێت: "ئێوە بینیتان خەڵکێکی زۆر بەشداربوون لە نوێژی جەژن، ماشەڵڵا ئەمە بەڵگەی ئیخڵاسی ئەو خەڵکەیە بۆ دینی خودای گەورە، دوای ئەوە یەکڕیزی میللەتی ئێمە بە راستی وەسف ناکرێت لەم وڵاتە، لە دووری وڵاتی، سوپاس بۆ خوا شتێکە کە زۆر پێی سەربڵندین." 
 
رێورەسمی ئەمساڵی جەژن لە سەنتەرێک بەناوی "سەلاحەدین" بەڕێوەچوو کە هەم مزگەوتە، هەمیش سەنتەرێکی ئایینی و کۆمەڵایەتی کوردی. 
 
چەندین خواردنی جۆراوجۆر و کوردی تایبەتیان بۆ بەیانیی رۆژی جەژن ئامادەکردووە و بەشی زۆریشیان جلی کوردییان پۆشیوە. 
 
کەسەر عەبدوڵڵا، راوێژکاری سەربەخۆ دەڵێت: "زۆر سوپاس بۆ خوا، جەژنێکی زۆر پیرۆزە، بەتایبەتیش بۆ ئێمە کە لە دەرەوەی کوردستانین، زۆر گرنگە کە بەیەکەوەبین و نانی جەژن بخۆین و دابونەریتی کوردیش لەبیرنەکەین، خواردنی کوردی و جلوبەرگی کوردی لەبیرنەکەین و مرۆڤ بەیەکەوەبێت زۆر باشە." 
 
حیکمەت نزدووری، خاوەن چێشتخانەیەکە لە ناشڤێڵ و دەڵێت: "جەژنی ئێمە هەمیشە ئاوایە، ئێمە هەموو کەسوکاری یەکدین خاڵ و خوارزا و ئامۆزای یەکدین هاتووین بۆ ئێرە بۆ جەژن، جەژنی ئێمە هەمیشە ئاوایە، ئێمە وەکو تەواوی کورد لێرە وەک یەک خێزانین، هیچ جیاوازییەک نییە، بەس چییە شوێن کەمە، بەڵام کاتێک جەژن دەکەوێتە نێوان دووشەممە تاوەکو هەینی، کەمێک قورسە هەموومان بەیەکەوە بچینە دەرەوە بۆ جەژن." 
 
ناشڤێڵ بە کوردستانی بچووک ناسراوە، ژمارەی دانیشتووانی شارەکە زیاتر لە ملیۆنێک کەس دەبن و بەپێی ئامارەکانی ئیدارەیی خۆجێی ناشڤێڵیش نزیکەی 20 هەزار کورد لەو شارەدا دەژین. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە